هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هێلین نامە

پسپۆرانی زانستی پزیشكی لە بەریتانیا دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەیان لە سەر 40 هەزار كەس كرد كە توشی خەمۆكی ببوون بۆیان دەركەوت كە كاركردن بۆ ماوەی 55 كاتژمێر لە هەفتەیەكدا مەترسی تووشبوون بە خەمۆكی لە ئافرەتاندا زیاد دەكات، هەروەها باس لەوە دەكات كە كاركردن لە كۆتایی هەفتە و لە كاتی پشوو ئەو رێژەیە لە ئافرەتان و تەنانەت لە پیاوانیشدا بەرز دەكاتەوە، بۆیە پێویستە ئەو كەسانەی كاردەكەن ئەو حاڵەتە لە بەر چاو بگرن و لە كاتی پشوودا كار نەكەن.

دوا بەدوای بڕیاری تاڵیبان بۆ باڵاپۆش بوونی ئافرەتان(برقع) لە ئەفغانستان، كاردانەوەی نێودەوڵە‌تی لێكەوتەوە و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان “ئانتونیۆ گونتریس” لە پەیامێكدا لە تویتەر رایگەیاند: من لە بریاری تاڵیبان سەبارەت بەوەی كە ئافرەتان تەنیا لە كاتی پێویستدا بێنە دەرەوە لە هەمانكاتدا بە تەواوی خۆیان داپۆشن(برقع) نیگەرانم، هەروەها داوای لە تاڵیبان كرد پابەندی ئەو بەڵێنانەی خۆی بێت كە بە ئافرەتانی ئەو وڵاتەی داوە و بە پێی یاساكانی نێودەوڵە‌تی و مافی مرۆڤ كار بكات.

“ناتالی پیگار” پسپۆر لە بواری مێژووی ئافرەتان لە بواری زانست و پزیشكیدا هەستی بە نیگەرانی كرد بەوەی كە بە پێی پێویست لە وانەكانی خوێندن باس لە رۆڵ و كاریگەری ئافرەتان لە زانست و پزیشكیدا نەكراوە، بەمەش وادەردەكەوێت كە رێژەی ئافرەتان لەو بوارەدا زۆر كەمە و بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت، لە كاتێكدا بەم شێوەیە نییە. هەروەها دەڵێ‌: ” ئێستا ئافرەتانی زۆر ئاست بەرز و زیره‌ك لەو بوارەدا هەن كە لەكۆمەڵگەدا رۆڵیان كەمە و بۆ ئەو مەبەستە خەبات ناكەن، لە بەرئەوەی فێر نەكراون كە ئەگەر رۆڵیان بەرچاو نەگیرێت نارەزایی دەرببڕن.”

لە لێكۆڵینەوەیەكدا كە لە بواری بەشداری و رێكارە سەرەكییەكانی تواناسازی ئافرەتان ئەنجامدراوە، ئاماژە بەوە دەكات، كە ئافرەتان وەكو كارەكتەرێكی گرنگ پێویستە زۆرترین پشكیان هەبێت لە بەشداریكردنیان لە كاروبارە جیاوازەكانی كشتوكاڵ، ئابووری و كۆمەڵایەتی و تەنانەت لە رووی هێزی مرۆییەوە، ئەمەش بە هۆكاری ئەوەی كه بێ‌ بەشداری ئافرەت، گەیشتن بە پەرەپێدانی ئابووری وڵات زۆر ئەستەمە، تواناسازی ئافرەت یەكێكە لەو بنەما سەرەكییانەی كە رۆڵ و كاریگەری زۆری لە بەرەوپیشبردنی وڵات لە رووی ئابووی هەیە،هەر بۆیە گرنگترین كاریش كە پێویستە لەو بوارەدا ئەنجام بدرێت، برەودانە بە تواناسازی ئافرەتان.