سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

هاووڵاتیان دڵخۆشن بە دروستكردنی ٢٠هەزار یەكەی نیشتگە بۆ خەڵکی کەمدەست

كارزان گلی – هه‌ولێر

بە بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ٢٠هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانی كەمداهاتی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت. هاووڵاتیان بەو هەواڵە دڵخۆشن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشتر یەكەی نیشتەجێبوونی بەسەر خەڵکی كەمدەرامەتدا دابەش كردووە، بەڵام ئەمجارەیان شێوە و چۆنیەتی دروستكردن و دابەشكردنەكەی جیاوازە، هەموو شارەكانیش دەگرێتەوە.
محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەڵێت ئەو یەكانە هەموو خەڵكێكی كەمدەرامەتی كوردستان لێی سوودمەند دەبێت، واتە تەنیا بۆ یەك شار نییە، بەڵكوو هەموو شار و شارۆچكەكان دەگرێتەوە.
ئەو ئاماژە دەدات، تا دوو هەفتەی دی هەموو شتێك روون دەبێتەوە، كە شوێنی شوقەكەكان دەكەوێتە كوێ و هەروەها كوالێتیی شوقەكان و چۆنیەتی پارەدانەكان چۆن دەبێت.
بەڵام وەكو ئەوەی باسی دەكات، شووقەكان بەگوێرەی داهاتی كەمدەرامەتانە، واتە ئەركی ئەو كەسانە قورس نابێت كە شووقەی بەر دەكەوێت، بەڵكو 100% كەمدەرامەت لێی سوودمەند دەبێت و بە هیچ شێوەیەكیش قیستەكان بەشێوەیەك نابێت نەتوانن بیدەن.
عەبدولڕەحمان محەمەد، ماوەی هەشت ساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و دوو منداڵی هەیە، ئەو دڵخۆشە بەو هەواڵە و دەڵێت، ئەگەر شووقەیەكم بەر بكەوێت، بۆ هەتا هەتایە دەتوانم ژیانێكی شەڕەفمەندانەم هەبێت.
ئەو دەڵێت: ”نازانم بۆ من دەردەچێت یان نا، بەڵام بڕیارەكە زۆر لەجێی خۆی بوو و بەڕاستی دڵخۆشكەرە. ئێمە دەبێت شاناز بین كە حكوومەتێكمان هەیە خەمی هەژارییەتی و دەیەوێت بیكاتە خاوەن شووقەی خۆی. یەكێك لە خەمە هەرە گەورەكانی خەڵكی كەمدەرامەت و هەژار، نەبوونی خانووە، یاخود كێشەی گەورەیان ئەوەیە ناتوانن كرێی خانوو بدەن، ئەگەر حكوومەت بیانكاتە خاوەن خانوو، خەونێكی گەورەی هەژاران دەهێنێتە دی“.
شێرزاد رەحیم، خەڵكی سلێمانییە و كرێچییە، دەڵێت مانگانە زۆر لە خۆم دەكەم تا بتوانن كرێی خانووەكەم بدەن، بۆیە كاتێك گوێی لەوە بووە حكوومەت شووقە بۆ كەمدەرامەتان دروست دەكات، هەناسەیەكی ئارامی بەبەردا هاتووە.
ئەو وەكوو ئەوەی خۆی ئاماژەی بۆ دەكات، ئەوەی گرنگە، شووقەكان خەڵكی هەژار سوودی لێ ببینێت، نەوەك كەسانێك لێی سوودمەند بن كە هەژار نین.
ئەو دەڵێت: ”مەرج نییە هەموو كرێچی و هەژارێك شووقەی بەر بكەوێت، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەكی عادیلانە دابەش بكرێت و تەنیا هەژاران لێی سوودمەند بن، ئەمە هەنگاوێكی گرنگ و باشە و رەنگە لە داهاتوو پڕۆژەی تری لەو شێوەیە دروست بكرێت و چەند هەزار هەژارێكی تر لێی سوودمەند بن“.
ئەوەی هاووڵاتیانی دڵخۆش كردووە، وەكوو ئەوەی سلێمان سوباسی دەكات، پڕۆژەكە تەنیا بۆ یەك شار نییە، بەڵكوو لە هەموو شار و شاروچكەیەكە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، كە حكوومەت، حكوومەتی هەموو خەڵكێكە بەبێ جیاوازی.
ئەو دەڵێت: ”وەكوو خۆم شووقەم هەیە و بژێوی ژیانیشم باشە، بەڵام كاتێك هەژارێك سوودمەند بێت لە شووقەیەك كە حكوومەت بۆی دروست دەكات، ئەمە دەبێتە مایەی دڵخۆشی من. ئەوەی زۆریش دڵخۆشی كردووم، حكوومەت جیاوازی لە نێوان هەژارانی هیچ شارێك نەكردووە و دەڵێت بڕیارەكە بۆ هەموو هەرێمی كوردستانە، بۆیە دەبێت دڵمان بەم حكوومەتە خۆش بێت“.