گەڕەكی عارەبان لە هەولێر بووەتە جێی سەرنجی تەلارسازان و شوێنەوارناسان

كارزان گلی – هه‌ولێر

لەناو جەرگەی شاری هەولێر و لە پشت بازاڕی گەورە، گەڕەكی عارەبان هەیە، كە مێژووەكەی بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەم گەڕەكە بووەتە جێی سەرنجی تەلارسازان و شوێنەوارناسان و رۆژانە سەردانی دەكەن.

بەشێكی زۆری گەڕەكی عارەبان، خاڵی كراوە لە هاووڵاتی و كەسی تێدا ناژیێت، ئەویش لەسەر داوای حكوومەت بووە، چونكە دەیەوێت ئەو گەڕەكە نۆژەن بكاتەوە، بەڵام ساڵانێكی زۆرە وەكو خۆی ماوەتەوە و هیچ كارێكی لێ نەكراوە.
هەرێم ئاسۆ، تەلارسازە و لە مانگێكدا دوو سێ جار سەردانی گەڕەكی عارەبان دەكات، كاتێك لێی دەپرسین بۆچی ئەوەندە حەزت لەو گەڕەكەیە؟ لە وەڵامدا دەڵێت ئەم گەڕەكە تاموچێژی خۆی هەیە، هەموو شوێنێكی شوێنەوار، یاخود شوێنێك مێژووەكەی سەدان ساڵ بێت، بە لای تەلارسازانەوە گرنگە و چێژ و سوودی لێ دەبینن.
ئەو دەڵێت: ”كاتێك لە زانكۆ بووم، ئێمەیان دەهێنا بۆ سەر قەڵای هەولێر و ئەم گەڕەكە كۆنە، ئەوكات مامۆستاكەمان پێی دەوتین كە پێویستە لەڕووی تەلارسازییەوە سەیری ئەو گەڕەكە بكەن و دەبێت بزانن پێشان تەلارسازی، چۆن بووە، تا سوودی لێ ببینن. من خۆم هەمیشە بە سەیركردنی گەڕەكی عارەبان دڵخۆش و ئارام دەبمەوە“.
هەرێم، زۆرجار لەلایەن هاوڕێكانییەوە گاڵتەی پێ كراوە، كە گەڕەكێك ئەوەندە كۆن بێت چێژی چییە ئەوەندە سەیری بكەیت، بەڵام ئەو دەڵێت، نەخێر چێژی ئەو گەڕەكە كۆنانە، تەنیا لای تەلارساز و شوێنەوارناسانە.
فایەق خورشید، لە تەكیەی شێخ محێدین وەكو سەرپەرشتیار كار دەكات، ئەو تەكێیە دەكەوێتە ناوەڕاستی گەڕەكی عارەبان و رۆژانە جمەی دێت لە خەڵک.
بە گوێرەی گوتەی فایەق، بەشێك لەو خەڵكانە بۆ تەكیەی شێخ محێدین دێن، بەڵام بەشەكەی تری بۆ بینی ئەو مزگەوتە دێن كە تەكیەكەی لەناودایە.
وەكو باسی دەكات، مێژووی تەكیەكە بۆ زیاتر لە ١٣٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەو گومەز و تەلارسازییەی هەیەتی، مێژووەكەی سەدان ساڵە، بۆیە بەشێكی زۆری تەلارسازان و گەشتیار و شوێنەوارناسان سەردانی ئەو تەكیە دەكەن.
فایەق، هەركەسێك بێتە ناو ئەو تەكیە، پێشوازییەكی گەرمی لێ دەكات و بە ناو مزگەوتەكەدا دەیگێڕێت و زانیاریی پێ دەدات.
ئەوەی مایەی سەرنج بوو، چەند كتێبێك لەناو ئەو مزگەوتەدا بوونی هەبوو، كە مێژووەكەی بۆ زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ دەگەڕایەوە و كۆنی و نووسینی ئەو كتێبانە ئەوەی دەسەلماند كە مێژووەكەی چەند كۆنە، بە تایبەت كاتێك كتێبەكان دەكەیتەوە، نووسینەكانی سەردەمی عوسمانیە.
زۆزگ رەووف، یەكێك بوو لەو شوێنەوارناسانەی لە گەڕەكی عەرەبان بوو وێنەی دەگرت، ئەو دەڵێت: ”گرنگە حكوومەت ئەو گەڕەكە نۆژەن بكاتەوە، چونكە بەشێك لە خانووەكانی بەرەو رووخان دەچن و حەیفە لەناو بچن. هەرچەندە ئەوەی زانیاریم لەسەری هەبێت، گەڕەكەكە بە تەواوی چووەتە سەر ناوی حكوومەت، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە چۆنیەتی نۆژەنكردنەوەیەتی كە زۆر گرنگە“.
ئەو پێی باشە، وەكو هەموو وڵاتان، ئەو گەڕەكە دوای نۆژەنكردنەوەی، ببێتە مۆتێل و كافتریا و چێشتخانە تا گەشتیار رووی تێ بكات، بەڵام بەهیچ شێوەیەك رێگە نەدەن، سەیارەی پێدا بڕوات.

ھەواڵی زیاتر