لە عێراقدا هەژاری بەرۆکی ١١ملیۆن کەسی گرتووە

بێگومان هەمووان ئەو ڕاستییە دەزانن کە لە ساڵانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ڕێژەی هەژاری لە تەواوی دنیادا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد بەوپێیەی زۆرینەی کارگە و کارخانەکان لە تەواوی دنیادا لە کار وەستابوون. لە عێراقیش، هەژاری، وەک دەردێکی ئابوری‌ و کۆمەڵایەتی، بەرۆکی ژیانی نزیکەی یەک لەسەر چواری دانیشتوانی ئەو وڵاتەی گرتبوو، ساڵ لەدوای ساڵیش ڕێژەکە بەرزتر دەبێتەوە.

ساڵی ٢٠٢٠، پاش سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی عێراقدا، ئەنجامی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە، دەستی کاری کۆمەڵگەی بە تەواوی پەک خست و لە ئاکامدا کۆمەڵگای عێراقی تووشی دەردێکی بێدەرمان بووەوە کە ئەویش بێکارییە.
بەپێی ئامارەکان ڕێژەی هەژاری بەتێکڕا نزیک بووەتەوە لە٣١٪ی دانیشتوان، واتە نزیکەی (١١ملیۆن و ٤٠٠هەزار) کەس لە عێراقدا لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، تەنانەت لە هەندێ پارێزگای باشووردا ٥٠٪ی تێپەڕاندووە. ھۆکارە سەرەکییەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامبوونی جەنگ لە وڵاتەکەدا کە بووەتە ھۆی بێباوککەوتنی زیاتر لە ٥ملیۆن منداڵ بەو ھۆیەشەوە نزیکەی ٤ملیۆن خێزان منداڵەکانیان لە خوێندن دابڕاون بۆ پەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەیان.
هۆکارە سەرەکییەکانی پەیدابوونی ئەم دۆخە ناهەمووارەش لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە:
سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا: دەرئەنجامەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری هەبوو لەسەر سەرجەم کایەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک بەوپێیەی کاروچالاکییەکانی ڕۆژانە و تەنانەت جموجۆڵی بازرگانی نێوان شارەکانیش ڕاوەستابوون.
دیاردەی گەندەڵی: دیاردەی گەندەڵی لە عێراقدا بەجۆرێک تەشەنەی سەندووە کە سەرجەم کەرتەکانی ژیانی سیاسی و دامودەزگا فەرمییەکانی گرتوەتەوە و ڕێگرە لەبەردەم پێشکەوتن و دەوڵەمەند بوونی ووڵاتەکەدا. بەپێی ئامارە جیهانییەکانیش عێراق لە ڕیزبەندی گەندەڵترین ووڵاتانی دنیادا لە پلەی ١٢هەمدایە.
دابەزینی نرخی دراوی عێراقی بەرامبەر بە دۆلار: دابەزینی بەهای دیناریش بارگرانییەکی زۆری لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی چینی مامناوەند و هەژار دروستکردووە چونکە ئەم دۆخە بووەتە هۆی ناجێگیری نرخی شتومەک لە بازاڕەکاندا بەجۆرێک کە هاوڵاتیان توانای پەیداکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان سنورداربووە.
دابەزینی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا: لە ماوەی ڕابردوودا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ کەمترین ئاستی جیهانی دابەزی ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی ووڵات و لە ئەنجامدا داهاتی تاک بەڕێژەی ٢٢٪ کەمی کرد.
تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر بۆ بواری سەربازی: لەعێراقدا هەمیشە بەشەبوودجەی بواری سەربازی پشکی شێری بەر دەکەوێت کە ئەمەش بێگومان کاریگەری لەسەر کایەکانی تر دروست دەکات.
عێراق وڵاتێکی هەژار نییە، لە رووی سامانە سرووشتییەکانەوە رەنگە لە ڕیزی وڵاتە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە و جیهان بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە باسکران کێشەی هەژاری بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ داهاتووی ئەو ووڵاتە دەژمێردرێت.
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتە جیهانیەکان، ئایندەی عێراق تا دێت زیاتر دژواتر دەبێت، جیاوازی چینایەتیی نێوان دەوڵەمەند و هەژاران فراوانتر دەبێت.
خۆشبەختانە، تاڕادەیەک پارێزگاکانی هەرێم لەچاو پارێزگاکانی تر، ڕێژەیەکی کەمتری هەژاری تێدایە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە هەژاری لە هەرێمدا نییە، بەڵکو هەیە و ئەگەر چاکسازی زیاتر لە هەموو کەرتەکان و بەشە هەستیارەکانی حکوومەت نەکرێت ڕێژەی هەژاری لە هەرێمیش وەک ناوچەکانی تری عێراق، لەهەڵکشاندا دەبێت.

ھەواڵی زیاتر