سێ مانگى چارەنووسساز بۆ قوتابیانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەیە

نە کۆڕۆنا و نە قەیرانى دارایی و نە کارەساتە سرووشتییەکانى وەک لافاو نەیانتوانى بەر بە ئاراستەى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى خوێندنى ئەمساڵ بگرن و مانگەکانى پێنج و شەش و هەشت، سێ مانگى چارەنووسسازن بۆ چینینەوەى بەرهەمى ئەمساڵى قوتابیان و خوێندکاران لە سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن.

ڕێکەوتى تاقیکردنەوەکان:
وادەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بۆ پۆلە ناکۆتا و پۆلە کۆتاکان لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان کە تیایدا ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار قوتابی و خوێندکار تێدایە بەشدار دەبن، بەم شێوەیەیە:
یەکەم: تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی خولی یەکەم، بۆ پۆلە ناکۆتاکان (پۆلی ٤ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی – جگە لە پۆلی ٩ی بنەڕەتی)، لە ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٨/٥/٢٠٢٢ى زایینى، دەست پێ دەکات.
دووەم: تاقیکردنەوەی نیشتمانی خولی یەکەمی پۆلی ٩ی بنەڕەتی (ئەکادیمی و خوێندنی ئیسلامی)، لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠/٥/٢٠٢٢ى زایینى دەست پێ دەکات و تیایدا (١١٦,٧٧٧) قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن کە ئەم ژمارەیەش لە (٢,٥٥٣) ھۆڵی ئەزموونیدا تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام دەدەن.
سێیەم: تاقیکردەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە ھەموو بەشەکانییەوە، لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨/٥/٢٠٢٢ى زایینى دەست پێ دەکات.
چوارەم: تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان (جگە لە پۆلی ٩ی بنەڕەتی)، لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٧/٦/٢٠٢٢ى زایینى دەست پێ دەکات.
پێنجەم: تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی ٩ی بنەڕەتی، لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١/٦/٢٠٢٢ى زایینى دەست پێ دەکات.
شەشەم: خولی یەکەمی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە ھەموو بەشەکانییەوە، لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧/٦/٢٠٢٢دەست پێ دەکات.
حەوتەم: تاقیكرنەوەی کۆتایی ساڵى پەیمانگاكان لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠/٥/٢٠٢٢ى زایینى دەست پێ دەكات و تاقیكردنەوەی خوولى دووەمى كۆتایی ساڵیش لە ڕێکەوتى ٢ تا ١٣/٦/٢٠٢٢ى زایینى دەخایێنێت.
هەشتەم: خولی دووەمی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە ھەموو بەشەکانییەوە، لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠/٨/٢٠٢٢ى زایینى دەست پێ دەکات.

تاقیکردنەوەکان لە شەنگال:
شەنگال لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوو شوێنێکى لەبار و ئارام نەبووە بۆ تاقیکردنەوەى قوتابیان و خوێندکارانى ئەو دەڤەرە و بە هاتنى ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش و دواتر شەڕى لەنێوبردنى ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە و ئێستاش شەڕى پارتى کرێکارانى کوردستان و سوپاى عێراق و گرژییەکانى حەشدى شەعبی هۆکار بوونە بۆ نائارامیبوونى ناوچەکە و هەر ئەمەش واى کردووە هەم بنەماڵەیەکى زۆر ئاوارە و ئاوارتەى ناوچەکانى دیکە ببن.
سامان سیوەیلى، وتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لەم بارەوە و سەبارەت بە قوتابیانی سنووری قەزای شەنگال کە بەھۆی ڕەوشی ناسەقامگیری ناوچەکەیانەوە ئاوارە بوون و ڕوویان لە ناوچەکانی پارێزگای دھۆک کردووە، تایبەت بە ڕۆژنامەى “هەولێر” گوتى: وەزیری پەروەردە، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک و پەروەردەی شەنگالی ڕا سپاردووە کە قوتابییە ئاوارەکانى شەنگال کە لە کەمپەکانى دهۆک و یا دەرەوەى کەمپەکان نیشتەجێن، دەتوانن لە قوتابخانەی ناو کەمپەکان و ئەوانەی دەرەوەی کەمپەکانیش لە نزیکترین قوتابخانە ناویان تۆمار بکرێت بۆ ئەوەى تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن و پاشان نمرەکانیان لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆکەوە بچێتەوە قوتابخانەکانی خۆیان
سیوەیلى سەبارەت بەو قوتابیانەی کە بە هۆی دۆخی ئێستایان ئامادە نین بۆ تاقیکردنەوە، باسى لەوە کرد کە وەک وەزارەتى پەروەردە دەسەڵاتی تەواو دەدەین بە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک بۆ ئەوەى لە کاتێکی دیکە و گونجاو، تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجام بدەن بە جۆرێک هیچ قوتابییەک لەو قوتابیانە بە هۆی بەجێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە نابێت مافیان بفەوتێت.
وتەبێژەکەى وەزارەتى پەروەردە باسى لەوەش کرد کە بۆ یەکەمجارە خوولى دووەم دێتە مانگى شەش، چونکە هەموو ساڵێک لە مانگى ٩ـدا ئەنجام دراوە و ئەمەش گۆڕانکارییەکى ئەرێنییە کە لە پڕۆسەى پەروەردە دەکرێت و بەمەش وەزارەت فریاى ئەوە دەکەوێت کە میلاکى خۆى هەر لە قوتابی و مامۆستاوە ڕێک بخاتەوە و ئەم کارانە نەکەونە نێو دەوامى فەرمییەوە.
ئامادەسازییە هونەرى و تەکنیکییەکان:
فاتیح مەولەویزادە، یاریدەدەرى بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئەزموونەكان لە وەزارەتی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە ڕۆژنامەى “هەولێر،، باسى لەوە کرد کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەموو ئامادەكاریەكی پێش تاقیكردنەوەكانى کردووە و لەم بارەوە گوتى: “ئەوەی پێوەست بێت بە وەزارەتی پەروەردە، لە ڕێی گشتاندنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان دەنێدرێت و نێردراوە و ئیشی لەسەر كراوە. بۆ نمونە ئامادەکارى بۆ هۆڵەكانی تاقیكردنەوە و ماسك كراوە، تەنانەت بۆ ئەزموونە گشتییەكانی بەشە زانستییەكانیش ئامادەكاری كراوە و حاسیبەشیان بۆ کڕدراوە. هەروەها لیژنە باڵا و فەرعییەكانی ئەزموونە گشتییەكانی پارێزگا و قەزاكان كار لەسەر فەراهەمكردنی كەشێكی لەبار دەکەن بۆ قوتابیان تا بە باشترین شێوە تاقیكردنەوەکان بەڕێوەى بچن.
مەولەویزادە باسى ژمارەى قوتابیانى بەشدارى تاقیکردنەوەکان و چارەسەرى کێشەکان کرد و گوتى: ئەمساڵ نزیكەی ملیۆنێك و ٧٠٠ هەزار قوتابیی بەشداری تاقیكردنەوەكان دەكەن کە زیاتر لە ١١٦ هەزاریان بەشدارى تاقیکردنەوەکانى پۆلى ٩ـن، بەڵام هێشتا بەشداربووانى تاقیکردنەوەى پۆلە دوانزەکان دیار نییە. ئەم ژمارە قوتابییەش لە لایەن زیاتر لە ١٠٠ هەزار مامۆستاوە سەرپەرشتى دەکرێن. جەنابی وەزیری پەروەردەش بەردەوام لەسەر هێڵە و پەرۆشی باش بەڕێوەچوونی كارەكانە و ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە چارەسەركردنی هەر جۆرە گرفتێك و دەستەبەركردنی پێداویستییەكان بۆ هۆڵی تاقیكردنەوەكان.
گۆڕانکارییەکانى پەڕەى سۆمۆ:
هەردی مەعروف سەعید، بەڕێوەبەری ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە تایبەت بە ڕۆژنامەى “هەولێر” باسى لە پەڕەى سۆمۆ بۆ قوتابیانى پۆلى نۆیەم و ١٢ى ئامادەیی کرد و گوتى: پەڕەى سۆمۆ بەلاى ئێمەوە گرنگییەکى زۆر و تایبەتى هەیە و هەر ئەمەش واى کردووە کە بەردەوام کارى لەسەر بکەین کە هەم دڵنیایی قوتابیى و بنەماڵەکانیان زیاتر بکەین و هەمیش ڕێگە لە ڕوودانى هەر شتێکى نەخوازراو بگرین بۆ ئەوەى هەر قوتابییە و بە پێى زەحمەت و ماندووبوون و خوێندن و خۆئامادەکردنى خۆى بچێتە قۆناغێکى دیکەى ژیانى کە ئەویش چوونە نێو پەیمانگە و زانکۆکانە. ئەمساڵ جگە لە گۆڕانکارییەکانى ساڵانى پێشوو، وێنەى قوتابییەکە لەسەر پەڕەى سۆمۆ هەیە، بۆیە ئێستا لەسەر پەڕەى سۆمۆ ئەم زانیاریانە هەن:
ـ ناوى چوارى قوتابی
ـ کۆدى قوتابخانە
ـ ناوى قوتابخانە
ـ ژمارەى هۆڵى ئەزموونى
ـ ناوى هۆڵى ئەزموونى
ـ ناوى پارێزگا
ـ ناوى بەڕێوەبەرایەتى
ـ ناوى بابەت
ـ جۆرى خوێندن
ئەمە بەدەر لەوەى کە شوێنى پەنجەمۆرى قوتابی هەیە لەسەر پەڕەکە، ئێستا وێنەکەشى بۆ زیاتر کراوە تا ١٠٠% پەڕى هیچ قوتابییەک تێکەڵ نەکرێت و یا نەگۆڕدرێت و دەبێت قوتابی کە دەچێتە تاقیکردنەوەکە دڵنیا بێت و هەموو زانیارییەکان بەراورد بکات لەگەڵ ناسنامەى تاقیکردنەوەکانى و هاوتاى یەکترى بن.
بەڕێوەبەری ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە باسى جیاوازییەکانى نێوان هەردوو (پەڕەى پرسیارەکان) و (پەڕەى وەڵامەکان)ـى قوتابی لە تاقیکردنەوەى پۆلى ٩ى نیشتمانى و ١٢ى ئامادەیی کرد و گوتى: قوتابی لە کاتى تاقیکردنەوەکانی دوو پەڕەى دێتە پێش کە یەکەمیان پەڕەى پرسیارەکانە بە قەبارەى (A3) پەڕەى دووەمیش پەڕەى وەڵامەکانە کە پێى دەگوترێت پەڕەى سۆمۆ بە قەبارەى (A4). قوتابی دەتوانێت لەسەر پەڕەى پرسیارەکان، شیکارى پرسیارەکان بکات و دواتر وەڵامە ڕاستەکەى بە ژمارە بخاتە سەر پەڕەى سۆمۆ، چونکە پەڕەى سۆمۆ بنەمایە بۆ پڕۆسەى نمرەدانان نەوەک ئەو دیاریکردنەى کە قوتابی لەسەر پەڕەى پرسیارەکان دەیکات.

ھەواڵی زیاتر