حكوومەت دەست دەکاتەوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەكی گرنگی ئاو لە دەربەندیخان

یەكێك لە ئامانج و كارەكانی ئەم كابینەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگیدانە بە ئاو و هەروەها پاراستنی ئاو، بۆیە پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان، كە ئاوی پاك بۆ هەزاران ماڵ دابین دەكات، دەستی بەكارەكانی كردووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان، كە لە ساڵی 2014 دەستی پێكرد، بەڵام لەبەر هاتنی پەتای كۆرۆنا و هەروەها قەیرانی دارایی پڕۆژەكە راوەستا، بەڵام حكوومەت پارەیەكی بۆی تەرخان كردووە و ئێستا پڕۆژەكە دەستی پێكردووەتەوە، كە توانای هەیە ئاوی پاك بۆ ٧٥هەزار ماڵ دابین بكات.
پڕۆژەكە ستراتیژییە، چونكە ئاوی پاك بەرهەم دەهێنێت و كێشەی كەمی ئاو لەو ناوچەیە چارەسەر دەكات، بۆیە وەكوو پڕۆژەیەكی ستراتیژی سەیر دەكرێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ، پڕۆژەكە بە سەرپەرشتی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوورووبەری سلێمانی و لەلایەن كۆمپانیای ئۆهیتانی توركی بە گوژمەی ١٩ملیۆن و ٧٩٩هەزار و ١٠پ دۆلار جێبەجێ دەكرێت و لەسەر بوودجەی وەزارەتی شارەزانی و گەشتوگوزارە.
یەكێك لەو ئامانجە گرنگانەی وای كردووە ئەو پڕۆژەیە ئەنجام بدرێت، لە وەرزی هاویندا كاتێك ئاوی دەربەندیخان دادەبەزێ، مادە قورسەكان لە سەرچاوەكەوە نزیك دەبنەوە، ئەمەش وا دەكات هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە كێشەی پیسبوونی ئاویان هەبێت، هەروەها كێشە و مەترسیش بۆ سەر تەندروستیان دروست دەبێت، بەڵام بەجێبەجێ كردنی ئەو پڕۆژەیە، كێشەی پیسبوونی ئاو بە تەواوی چارەسەر دەبێت و خەڵكەكەی دەحەسێنەوە.
بەگوێرەی گوتەی ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێمی كوردستان، پرۆژەكە بۆ دەربەندیخان گرنگە، بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا كارەكان كۆتایی پێ بێت، چونكە پێشتر بە هۆی قەیرانی داراییەوە كارەكانی تێدا وەستابوو.
پڕۆژەكە 60%ی تەواو بووە، بەڵام 90%ی كاری ئەندازەی شارستانی و 100% كاری دیزاینی تەواو بووە، بۆیە كۆمپانیای ناوبراو سەرقاڵی دابینكردنی كەلوپەلەكانە بۆ بەشی میكانیكی و كارەبا و بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا تەواو بێت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ پاراستنی ئاوی سەر زەوی، خەریكی دروستكردنی بەنداوی گەورە و بچووكە، تا لەورێگەیەوە سامانی ئاو بپارێزێت. دروستكردنی بەنداویش لە هەرسێ شاری هەولێر و دهۆك و سلێمانی بەردەوامی هەیە و پارەیەكی زۆریشی بۆ تەرخان كراوە.

ھەواڵی زیاتر