ماسییە ڕەشە بچووكەكە، بڵاوكرایەوە

“بەهڕەنگی بە بیانووی ئەو ماسییەوە دەیەوێت بڵێت گۆمە كلتوورییەكان داخراون، دەكرێ لە دەریا و زەریاكان بژیت و خۆت بیت و پەرەش بسێنیت. دەكرێ بچووك بیت و پاڵەوانیش بیت، هەر خودی ئەو ژیانە كورتەی بەهڕەنگی چیرۆكی مەزنایەتی كەسێكی بێ دەرەتانە…”لە نوێترین کاری وەرگێڕانیدا نووسەر و وەرگێڕ “قوربان حەمەدەمین عەلی” یەکەم كتێبی چیرۆكی نووسەری فارسی”سەمەد بەهرنگی” بەناونیشانی “ماسییەڕەشە بچووكەكە” بڵاوکردەوە. كە وەرگێڕ كتێبی چیرۆكەكەی لە دووتوێی 108 لاپەڕەدا بڵاوی کردووەتەوە.

وەرگێڕ لە پێشەکی ی کتیبەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “سەمەد بەهڕەنگی و ماسییەڕەشە بچووكەكە تەنها بیستونۆ ساڵ ژیا”، بەهڕەنگی ناوێكی دیار وەكو پێشەنگی چیرۆكی هاوچەرخی ئێرانی، بەهڕەنگی چیرۆكی نەریتی “هەبوو نەبوو”ـی تێپەڕاند بە شێوازێكی تر وەكو “كلیلە و دمنە” كاری لەسەر كارەكتەری ئاژەڵان كرد، بەڵام لە شێر و ڕێوی …هتد بردی بەلای ماسی و بۆق و ماسی خۆر. لەگۆم و ڕووبار بەرەو دەریا و زەریاكانی برد بە واتایەكی تر لە ووشكانی گواستیەوە بۆ دەریا و زەریاكان كە تەنانەت ئاسمانەكانیشیان جیاوازن. بەهرنگی دەیەویست بڵێت دەكرێ پاڵەوانی چیرۆكێكی مەزن ماسییەكی بچووكی ڕەش بێت تەنها مەرج مانا بە بوونی خۆی بدات..
وەرگێڕ، لەبەشێكی دیكەدا باسی لەوە كردووە، جامی ئۆڵۆمپی و تۆپی پێی جیهانی بەیەكتر دەناساند، بەڵام گواستنەوەی ڕاستەوخۆ خەیاڵ بوو. ئێستا مۆبایل و ئینتەرنێت و سمارت فۆن، هەر كەسەو كەناڵی خۆیەتی، وا فێسبووک بەرەومیتاڤیرس دەچێت و فایڤ‌جی نەوەی پێنجەمی خێرایی ئینتەرنێت لەوانەیە وابكات خۆزیرەككردنی تەكنەلۆژیاش لە ئاییندەیەكی نزیك ئاسایی بێت.بەهڕەنگی بە بیانووی ئەو ماسییەوە دەیەوێت بڵێت گۆمە كلتوورییەكان داخراون، دەكرێ لە دەریا و زەریاكان بژییت و خۆت بیت و پەرەش بسێنیت. دەكرێ بچووك بیت و پاڵەوانیش بیت، هەر خودی ئەو ژیانە كورتەی بەهڕەنگی چیرۆكی مەزنایەتی كەسێكی بێ دەرەتانە…
بەشێكی كورت لەچیرۆكەكە: ” دایك و بێچووكەی، ڕۆژانە لە بەیانی تا ئێوارە، بەدوای یەكتردا دەكەوتن و جارجاریش تێكەڵی ماسییەكانی دیكە دەبوون و خێرا خیرا بەشوێنێكدا دەرۆیشتن و دەگەرانەوە، ئەم بێچووە ماسییە تاقانەبوو، لەو دەهەزار گەرایەی كە دایكی داینابوو تەنیا ئەو بەزیندووی و سەلامەت مابوویەوە.
ماوەیەك بوو ماسییەڕەشە بچووكەكە زۆر بیریدەكردەوە بە كەمی دەدوا تەمبەڵ و بێ مەیل، ئەم سەر و ئەم سەری دەكرد و دەگەڕایەوە و زۆربەی كاتەكانیش لە دوای دایكی بەجێ دەما و دووردەكەوتەوە، دایكی هەستی دەكرد بێچووەكەی نەخۆشیەكی هەیە كە ئەویش زوو چاكدەبێتەوە، بەڵام هەر مەڵێ كە لە ناو دڵی ماسییەڕەشە بچووكەكە شتێكی تر هەیە. بەیانییەكی زوو هێشتا خۆر هەڵنەهاتبوو ماسییەڕەشە بچووكەكە لەخەو بەئاگا هێنیەوە و گوتی: “دایكە! دەمەوێ كەمێك ووتوێژت لەگەڵ بكەم، دایكی بەچاوی خەواڵوەوە گوتی: “ووردیلەگیان هیچ كاتت دەستنەكەوتووە ئێستا نەبێت، ووتەكانت هەڵگرە بۆ كاتێكی تر، باشتر نیە كەمێك بگەڕێین و بسووڕێن؟ ماسییە بچووكەكە گوتی: “نا دایكە هێزی گەڕانم نیە و دەمەوێت لێرە بڕۆم”.
وەرگێڕ، ئەوەیشی خستەڕوو، كە بەهڕەنگی وەك مامۆستا و پەروەردەكارێك بە بیانووی ئەو چیرۆكە دەیەویست بڵێت كە هیچ سنوورێك نیە بۆ رێگری بۆیەش لەگۆمێكەوە بۆ زەریالكان ژیان سەركێشیە بۆ دۆزینەوەی جیهانە نەبینراوەكان، لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو سینما و تیڤی و چاپەمەنی و تەلەفزیۆن جیهانی لەیەكتری نزیك دەكردەوە، بەڵام وەك گۆمی جیاجیا.
لەبەشێكی كورتی چیرۆكەكەدا، هاتووە: “ماسییەڕەشە بچووكەكە شوێنی گوڵەكەی نەبینی، بەڵام بینی كە بەشەلە شەل دێت و دەڕوات لێی تێگەیشت كەڕاست دەكات، دوای ئەوە بینی لەلایەك كیسەڵەكان لەبەر گەرما خۆر ڕاكشاون و وزە وەردەگرن وە هەروەها لەلایەكی ترەوە قاسپە قاسپی كەوەكان دێت و دەنگیان لە ناو دۆڵەكە دەدایەوە وە، بۆ نیگیای كێوی لە هەوادا شەپۆڵی دەدا و تێكەڵ بە ئاوەكە دەبوو”.

ھەواڵی زیاتر