لە ساڵی ١٩٩٠ەوە تا ئێستا نزیکەی ٢٦٨٠ ڕژنامەنووس لە جیهاندا کوژراون

توندوتیژی لە ڕۆژنامەنووسان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە سەرتاسەری جیھاندا لە زیادبووندایە، تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا، ھەرچەندە کە ھەمیشە بانگەشەی ئازادی و دیموکراسی دەکەن لەگەڵ ئەوەشدا ھەموو کات لەگەڵ ڕووماڵکردنی ڕووداو و ڕاستییەکاندا ڕۆژنامەنووسان ھەڕەشەی کوشتن و تیرۆرکرانیان لەسەرە.

بە گوێرەی داتا و زانیاریە جیهانیەکان لە ساڵی ١٩٩٠ەوە تا ئێستا نزیکەی ٢٦٨٠ ڕژنامەنووس لە جیهاندا کوژراون.
ساڵی ٢٠٢٠، شەستوپێنج ڕۆژنامەنووس لە وڵاتە جیاجیاکاندا کوژراون و ساڵی ٢٠٢١یش ٥٥ ڕۆژنامەنووسی تایبەتمەند کوژراون، ھەندێکیان، ئەو ڕۆژنامەنوسانە بوون کە لە دۆسیەی گەندەڵی کۆڵیونەتەوە، ئەوانی تریش لە بواری بەدواداچوون بۆ مافیا و تاوانە پلان بۆ داڕێژراوەکاندا کاریان کردووە، کەمێکیشیان لە بواری ژینگەدا کاریان کردووە.
ساڵی ١٩٩٢ بە مەبەستی بەرگریکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوی داكۆكیكردن لە ڕۆژنامەنوسان کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە لە شاری نیویۆرك دامەزرا، كە كاری بریتییە لە سەرژمێركرندنی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لە كاتی كارەكەیاندا دەكوژرێن.
ڕێكخراوەكە لێكۆڵینەوەی وردی کردووە لە كوشتنی هەر ڕۆژنامەنووسێكدا بەدواندنی بینەرەكانی ڕووداوەكە و ئەو كەسانەی كە لە شوێنی تاوانەكەدا بوونە.
ھەروەھا كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی ٢٠١٣وە، دووەەم رۆژی مانگی تشرینی دووەمی دیاری كردوە وەك رۆژی جیهانی كۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەو تاوانانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان دەكرێت و داوای لە دەوڵەتانی ئەندام كردووە رێوشوێنی دیاریكراو بۆ بڵاوبونەوەی فەرهەنگی دەربازبونی تاوانباران لە سزا بگرنە بەر.
بڕیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان سەركۆنەی ئەو دەستدرێژی و كاری توندوتیژییانە دەكات كە دژی رۆژنامەنووسان و كارمەندانی ئاژانسەكانی راگەیاندن ئەنجام دەدرێن، داواش لە وڵاتانی ئەندام دەكات تەواوی هەوڵ و توانای خۆیان بخەنە گەڕ بۆ بەرگرتن لە توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان و كۆتایی هێنان بە دیاردەی دەرباز بوون لە سزا و فەراهەمكردنی زەمینەی لێپرسینەوە و راپێچكردنی ئەوانەی تاوان دەكەن بەرامبەر رۆژنامەنووسان.
ھاوکات یەکێتی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسان ئاماژە بەوە دەکات کە وڵاتی مەکسیک مەترسیدارترین وڵات بووە بۆ رۆژنامەنووسان لە ساڵی ٢٠٢٠دا کە ١٤ رۆژنامەنووس و پەیامنێری تێدا کوژراوە.
دوای مەکسیک، ئەفغانستان دێت ١٠ رۆژنامەنووسی تێدا کوژراوە، ئینجا پاکستان بە ٩ کوژراو و پاشان هیندستان بە کوشتنی ٨ رۆژنامەنووس، هاوکات لە فلیپین و سووریا ٤ پەیامنێر و رۆژنامەنووس کوژراون و دوای ئەوانیش نەیجیریا و یەمەن دێن بە ٣ کوژراو، لە عێراق و سۆماڵیش ٢ کوژراو هەبووە.
لە باسی عێراقیشدا ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات ڕۆژنامەنووسانی عێراق ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە کاتێک ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان دەکەن یان لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی دەکەن. ئەو مەترسییانەش لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دژە حکوومەت زیاتریان کردووە. ئەو ڕۆژنامەوانانەی دەوێرن ڕاپۆرت لەسەر داواکاری خۆپیشاندەران بکەن دەبنە ئامانجی هەراسانکردن، ڕفاندن، هێرشی جەستەیی و تەنانەت کوشتنیش لەلایەن چەکداری نەناسراوەوە.
ھەر بۆیەش دەربارەی دەربازبوونی تاوانباران لە یاسا دوای ئەو تاوانانەی دەرھەق بە ڕۆژنامەنووسان دەیکەن،
بە پێی راپۆرتی ئەمساڵی كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان كە ئۆفیسە سەرەكییەکەی لە نیویۆركدایە، لە كۆی (٢٧٨) تاوانی كوشتنی رۆژنامەنوسان، (٢٢٦) تاوانکەر دەربازیان بووە لە سزا. هەروەها تاوانەكانیش بە هۆكاری كاری ئەو رۆژنامەنوسانە بوون كە راپۆرت و بنكۆڵكارییان كردوە لە بابەتەكانی گەندەڵی، تاوانی رێكخراو، گروپی توندڕەو، تۆڵەسەندنەوەی حكوومەتەكان لە ئامادەكارانی ئەو راپۆرتانە.
ھەر سەبارەت بەم بابەتەش، سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، عێراق لە پاش سۆماڵ و سوودانی خواروو لە ریزبەندی سێهەمی ئەو وڵاتانەدان، كە تیایدا بكوژی رۆژنامەنووسان دەربازیان بووە لە سزا و دەربازبوونی تاوانباران لەو تاوانانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامی ئەدەن سەروەریی یاسا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئاماژەیەكی راستەوخۆیشە بۆ بێدەنگكردنی رۆژنامەنووسان بەرامبەر بە گەندەڵی و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانجنەویستە لە ناوەڕاستی ئابی ساڵی ٢٠٠٩ لە شاری سلێمانی لە لایەن كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌ و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی فەرمیی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.

ھەواڵی زیاتر