جلی رەسەنی کوردەواری و پاراستنی نیشانەی نەتەوایەتی

نیشانە کولتوورییەکانی ھەر نەتەوەیەک بریتین لە زمان و جلوبەرگ و داب و نەریت و ھتد؛ نەتەوەی کوردیش وەک و ھەموو میللەتانی تری دنیا خاوەنی بەرگ و کولتووری تایبەت بە خۆیەتی کە جیاوازە لە سەرجەم نەتەوەکانی تر؛ ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی ئازاردا ھاووڵاتیان بە پۆشینی بەرگی کوردی، بۆنەکانی ڕاپەڕین و نەورۆز دەڕازێننەوە و ھەر لە مانگی ئازاریشدا جیاواز لە مانگەکانی تری ساڵ فرۆشی جلی کوردی زیاد دەکات و لە بازاڕەکاندا گرنگییەکی زیاتری پێ دەدرێت.

جلوبه‌رگی کوردی چ ژنانه‌ بێ و چ پیاوانه‌ به‌پێی ناوچه‌کانی کوردستان ناویان بۆ هه‌ڵبژێردراوه‌؛ بۆ نموونە جلوبەرگی ژنانەی وەک هه‌ورامی، سه‌قزی، کوردی سنه‌یی، مه‌ریوانی، بانه‌یی، شێخانی و بادینی….
لە شارەکانی ھەرێمی کروردستان چەندین کوتاڵفرۆشی جۆراوجۆر هەیە کە لەمێژە پیشەی سەرەکییان فرۆشتنی کوتاڵە و لە جۆر و شێوازی نوێی کوتاڵەکان شارەزایییان هەیە. کوتاڵفرۆشەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قوماش زیاتر لە هیندستان و دوبەیەوە دێت و ھەندێک جار کاری دەستی ناوخۆیشی تێدایە کە وردەکاری و نەخشی جوانی جۆراوجۆرن.
کوتاڵفرۆشەکانی شارەکانی ھەرێم ئاماژە بەوە دەکەن جۆر و مۆدێلی کاڵا و قوماشەکان بەپێی خواستی کڕیار دەگۆڕێت؛ ئەوان بەرپرس نین لە پاراستنی مۆرکی نەتەوایەتی، چونکە ئەو قوماشەی بۆیان دێت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، تەنها جۆری دروینەکە دیاری دەکات؛ کولتووری چ ناوچەیەکە و تاچەند وەک خۆی ماوەتەوە، هەروەها دەڵێت لە بەهاران و لە کاتی داهاتنەوەی بۆنەکاندا بەتایبەت نەورۆز خواستی کڕینی جلی کوردی زیاترە لەچاو وەرزەکانی دیکەدا بەڵام ئێستا لەبەر قەیرانی دارایی کڕینی جلی کوردی وەک جاران نیە و کەمتر خواستی لەسەرە.
شارەزایانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە چەند ساڵێک پێش ئێستا جلی ژنانەی کوردی گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتبوو و لە ڕەسەنایەتی دەرچووە کە لەگەڵ گۆڕانی سەردەم و هاتنی تەکنەلۆژیا داب ونەریتەکانیش گۆڕابوون بۆیە پێێمیان وایە ئەوەی دەکرا دیزاین و جوانکاری نەبوو بەڵکو ھەندێک بەشێواندنی جلی کوردی ناویان دەبرد و وەک عەزی و جۆرە جلێکی جیاواز سەیریان دەکرد جیاواز لە فۆلکلۆری کوردی و جلی جاران، بەڵام لەم دووساڵەی دواییدا جلی کوردی بەرەو ئەوە دەچێت کە رەسەنایەتی خۆی وەردەگرێتەوە و وردەوردە ھەم لە ڕووی جۆری قوماش و ھەمیش لە ڕوی شێوازی دروینەوە بەرەو شێوازە کۆن و فۆلکلۆرییەکەی جاران ھەنگاو دەنێتەوە کە ئەمەش ھەنگاوێکی دڵخۆشکەرە بۆ پاراستنی مۆرکی کوردەواری لە بەرگی کوردیدا.
جلوبەرگی کوردی بە پێی ئەو ناوچە سروشتییەی کە کوردی تێدا ژیان دەکات، دروست کراوە. ڕەنگی شاد و جۆراوجۆری جلوبەرگی کوردی کە وەرگیراوەی سروشتی جوانی کوردە و یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین کولتووری ناوچەکانی کوردستانە.
مێژووی جلوبەرگی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی نەتەوەی کورد و کۆنترین وێنەی جلوبەرگی کوردییش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی هەخامەنشییەکان. کڵاوی مادەکان ئێستاش لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان تا ئێستاش کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
جلوبەرگی کوردی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان جیاوزاییەکی ئەوتۆی نییە و ئەو هاوچەشنییە کە لە جلوبەرگەکی کوردیدا هەیە پێشاندەری هاوپێوەندی و یەکێتیی لە نێوان نەتەوەی کوردە.
ژنانی کورد بۆ جوانترکردنی جلوبەرگی خۆیان لە قەرەپووڵ و لیرە کەڵک وەردەگرن و ئەوەش دەبێتە هۆی جوانتر و بێهاوتاکردنی ئەو جلوبەرگە. دەنگی خۆشی قەرەپووڵ و لیرە لەگەڵ جوانی جلوبەرگەکە تێکەڵاو دەبێت و مۆسیقایەکی خۆش و چێژبەخش بە گوێی مرۆڤ دەگەیەنێ.
هەڵواسینی مێخەک یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییەکانی جلوبەرگەکی کوردی و جگە لە جوانی دەبێتە هۆی بۆنخۆشکردنی جلوبەرگی کوردی.
جلوبەرگی کوردی هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ خەڵکی کورد مێژووی کوردی تێپەڕاندووە و لە دژواری و تاڵییەکانی ژیان تێپەڕیوە و پێشاندەری خۆشی و ناخۆشی و بەسەرهاتەکانی نەتەوەی کوردە.

ھەواڵی زیاتر