كوردانی كەركووك، خۆیان بۆ جەژنی نەورۆز ئامادە كردووە، ئەوان بە گوڕوتینەوە چاوەڕێی ئەو رۆژە دەكەن، تا جلی كوردی بپۆشن و كوردیەتی خۆیان و كوردستانیەتی كەركووك بسەلمێنن. بەگوێرەی گوتەی بەرگدروویەکیش، سەدان جلی كوردی درواوە.
كەركووك، جیا لەشارەكانی تری كوردستان، هەموو ساڵێك لە جەژنی نەورۆزدا، جیاواز دەردەكەوێت، ئەویش بەهۆی ئەو سیاسەتە نەژادپەرستیی و تەعریبە بووە، كە بە درێژای مێژوو لێی كراوە. خەڵكەكەی، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كەركووك كوردستانییە، لە جەژنی نەورۆزدا بە هەزاران كەركووكی بە جلی كوردییەوە دەردەكەون.
شەماڵ خەیات، وەكو ئەوەی خۆی باسی دەكات، ئەمساڵ زۆرترین جلی كوردی دووریوە و خەڵك بە تامەزرۆییەوە داوای دوورینی جلی كوردی دەكەن و دەڵێن دەبێت بۆ نەورۆز تەواو بێت.
ئەو بەرگدرووە، دەڵێت لە تەواوی شارەكەدا و ئەوەی ئەو بیزانێت، لە بەشێك لە دووكانی بەرگدرووەكاندا، بە سەدان جلی كوردی درواوە.
ئەحمەدە درێژ، لەیەكێك لە دووكانەكانی بەرگدروو لە كەركووك، داوای دەكرد جلی بۆ بدورن و بۆ نەورۆزیش تەواو بێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆر داوای دروینی جلی كوردی كردووە و بەر لە ئەحمەد نۆرەیان گرتبوو، بۆیە شانسی نەبوو، جلێكی كوردی تازە بدروێت
ئەحمەد دەڵێت: “خەتایەكە لە خۆم بوو، دواكەوتم لەوەی جلێكی كوردی تازە بەڕادان بدەم، دەبوایە زووتر بهاتمایە. ناچارم ئەوەی پارم ماوە و لەبەری دەكەم. هیچ نەورۆزێك نەبووە جلی كوردی نەپۆشم و بەردەوام دەیپۆشم و كوردیەتی خۆم و كوردستانیەتی کەركووك دەسەلمێنین و سپاس بۆ خوا، كە چەندین ساڵە شانسی ئەوەم هەیە لە كەركووك جەژنی نەورۆز دەكەم.
بەڵام سەمەد ساڵەیی، نیگەرانە لەوەی بەر لە ١٦ی ئۆكتۆبەر، هەموو جەژنی نەورۆزێك لەسەر قەڵای كەركووك ئاگریان دەكردەوە و ئاڵای كوردستانیشیان هەڵدەكرد، بەڵام لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە ئیدی ئەو ئاڵایە لە جەژن نەورۆزدا هەڵنەكراوە.
سەمەد دەڵێت بەردەوام لە جەژنی نەورۆزدا، ئاڵای كوردستانمان لەسەر قەڵای كەركووك بەرز كردووەتەوە، بەڵام بەداخەوە چەند ساڵێكە ئەو ئاڵایە لەسەر قەڵای كەركووكدا ناشەكێتەوە، هۆكارەكەشی روونە و نامەوێت باسی بكەم.
بە گوێرەی گوتەی سەمەد، ئەمساڵ خەڵكێكی زۆر لە كەركووكدا خۆیان بۆ جەژنی نەورۆز ئامادە كردووە، ئەوان بە جلی كوردی و ئاڵای كوردستانەوە دێنە سەر شەقام و ترسیان نییە لەوەی پۆلیس رووبەڕوویان ببێتەوە؛
تاڤگە جەلال، قوتابی پۆلی شەشە، جلێكی كوردی سووری بۆ نەورۆز درویوە و دەڵێت بۆ نەورۆز لەبەری دەكەم. ئەو دەڵێت لە گەڕەكەكەی خۆمان دێینە دەرەوە و جلی كوردی لەبەر دەكەین، ئەگەر بزانین لە هەر شوێنێكی كەركووك ئاهەنگی نەورۆز دەكرێت، ناترسین و بە ئاڵای كوردستانەوە بەشداری دەكەین. دەمەوێت بڵێم كەركووك دڵی كوردستانە و هەر دەبێت بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.