توندوتیژی دژی ژنان له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه

توندوتیژی به‌ گشتی له‌ دنیادا له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌، به‌پێی ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان توندوتیژی لە ئافره‌ت له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌؛ هاوكات توندوتیژیکردنی ئافره‌تانیش لە پیاوان پەیدا بووه‌، به‌جۆرێك له‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ له‌ گۆڕاندایه‌.

حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، داكشانێكی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، به‌ڵام هه‌ڵكشان و داكشان له‌ جۆری حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژیدا هه‌یه‌. چالاكانی مه‌ده‌نی و داکۆکیکاری مافی ژنان ژماره‌كانی توندوتیژی به‌ ترسناك داده‌نێن و هه‌ندێك ده‌ڵێن، پێشێلكارییه‌كان توندوتیژتر بوونە.
ئامار روونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2014دا 35 ژن كوژراون، به‌ڵام له‌ ساڵی 2015دا، كوژرانی 55 ژن له‌ كوردستاندا تۆمار كراوه‌، له‌ ساڵی 2014دا، 47 حاڵه‌تی خۆكوشتنی ژنان تۆمار كراوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی 2015دا ژماره‌كه‌ بۆ 64 حاڵه‌ت هه‌ڵكشاوه‌ و ته‌نیا له‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیشدا 46 ژنی تر خۆیان كوشتووه‌، ئه‌وه‌ش هه‌ڵكشانی رێژه‌ی خۆكوشتنی ژنان له‌ كوردستاندا نیشان ده‌دات. به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان، له‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای 2016دا، سه‌تان حاڵه‌تی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان له‌ شێوه‌ی كوشتن، خۆكوشتن، سووتان، خۆسووتاندن، توندوتیژی سێكسی و سكاڵا تۆمار كراون. هه‌روه‌ها ئاماره‌كان له‌ساڵانی 2017 تا 2021 ڕێژه‌ی كوشتن و توندوتیژی به‌رانبه‌ر ئافره‌تان به‌ڕێژه‌ی جیاواز هه‌ر له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دابووه‌.
سه‌عید حه‌مه‌ده‌مین توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كوردستان پێی وایه‌، هۆی جیاجیا له‌ پشت هه‌ڵكشانی حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان هه‌یه‌، له‌ناویاندا، هۆشیاریی یاسایی بۆ تۆماركردنی سكاڵا، زیادبوونی رێژه‌ی دانیشتووان، لاوازی حكوومه‌ت و رێكخراوه‌كان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی، هاوكات دروستبوونی فشار و پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی ده‌روونی به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایییه‌وه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك و هه‌موو ئه‌وانه‌ هۆكارن له‌ هه‌ڵكشانی توندوتیژیدا.
له‌پاڵ حاڵه‌ته‌كانی كوشتن و خۆكوشتندا، ده‌یان و سه‌تان حاڵه‌تی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان له‌ شێوه‌ی ده‌ستدرێژیی سێكسی و سووتان و خۆسووتاندا تۆمار كراون، ته‌نانه‌ت تۆماركردنی سكاڵای یاسایی له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ده‌ستدرێژییه‌كانی كراوه‌ته‌ سه‌ریان، هیچ داكشانێكی به‌خۆیوه‌ نه‌دیوه‌. له‌ ماوه‌ی ساڵی 2014دا، شه‌ش هه‌زار و 673 سكاڵا و له‌ ساڵی 2015دا رێژه‌كه‌ بۆ حه‌وت هه‌زار و 436 سكاڵا به‌رز بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ته‌نیا له‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای 2015دا، به‌دیاریكراوی دوو هه‌زار و 942 سكاڵا له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ تۆمار كراوه‌.
عێراق؛ لەماوەی ساڵێکدا نزیکەی (17)هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمارکراوە.
ئەندامێکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامارێکی مەترسیدار لەبارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی لەعێراقدا ئاشکرادەکات وهۆشداریش دەدات لە تێکچونی شیرازەی خێزان بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی.
ئەحمەد کینانی، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەپێی ئامارێکی فەرمی کە لەلایەنە پەیوندیدارەکانەوە پێیان دراوە، لە ماوەی یەک ساڵدا نزیکەی(17) هەزارحاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمارکراوە. ئاشکراشیکرد، لە ساڵی ( 2019 ) دا دادگاکانی عێراق ( 16 ) هەزار و (861 ) حاڵەتی توندوتیژی خێزانیان تۆمار کردووە، بەڵام ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە، چونکە چەندین کەیس هەیە کە بە هۆکاری جۆراوجۆر نەگەیشتونەتە دادگاکان.
داتاکانی توندتیژی خێزانی گوزارشت لە واقیعێکی مەترسیدار دەکەن کە نەگونجاوە بۆ بنیاتنانی خێزانێکی شایستە و هەموو دابونەریتێکی پێشێل کردوە.
توندوتیژی به‌رانبه‌ر پیاوانیش له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌
یه‌كێتی پیاوانی كوردستان ئاماره‌كانی توندوتیژی به‌رامبه‌ر پیاوان بۆساڵی 2021 ئاشكرا ده‌كات‌ و سكرتێری یه‌كێتیه‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “له‌و ساڵه‌دا 521 حاڵه‌تی توندوتیژی به‌رامبه‌ر پیاوان تۆمار كراوه‌”.
بورهان عه‌لی فه‌ره‌ج سكرتێری یه‌كێتی پیاوانی كوردستان به‌ شارپرێسی ڕاگه‌یاند، “له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا 521 حاڵه‌تی سكاڵاو توندوتیژی، 68 حاڵه‌تی خۆكوشتنی پیاوان، شه‌ش حاڵه‌تی كوشتنی پیاوان له‌لایه‌ن ژنان به‌ هاوكاریی كه‌سانی تر تۆمار كراوه‌ و به‌راورد به‌ساڵی 2020 ڕێژه‌كه‌ نزیكه‌ی 30 حاڵه‌ت كه‌می كردوه‌”.
وتیشی:”تاكی كورد به‌گشتی بڕوایان به‌ تۆماركردنی سكاڵا و په‌نابردن بۆ دادگا نییه‌ بۆیه‌ ڕێژه‌كه‌ كه‌می كردووه‌ گه‌رنا توندوتیژی ڕوو له‌هه‌ڵكشانه‌، تۆماركردنی سكاڵا كه‌م بووه‌ته‌وه‌ نه‌ك توندوتیژی”.
ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، “ده‌ركردنی پیاوان‌ و ماڵ به‌جێهێشتنی پیاوان ڕوو له‌ زیادبوونه‌ و ته‌داخولكردنی كه‌سوكار و ده‌وروبه‌ر هۆكاری قوڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌یە”.
توندوتیژیی خێزانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕوو له‌ هه‌ڵكشانه‌ و پسپۆڕان‌ و توێژه‌رانی بواری كۆمه‌ڵایه‌تی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌ربڵاوی‌ و خراپ به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كی زیادبوونی كێشه‌ی خێزانییە.