شەڕەکەی ئۆکراین کار ناکاتە سەر ئابووریی هەرێمی كوردستان

پەیوەندیی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئۆکراین، بەو رادەیە نییە كە لە ئەگەری بچڕانی ئەو پەیوەندییە، كاریگەری خراپی لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان هەبێت. سەرۆكی گشتیی یەكێتی هاوردە و ناردنكاری هەرێمی كوردستانیش دووپاتی دەكاتەوە، كە شەڕی ئۆکراین كاریگەری لەسەر ئابووری هەرێم نابێت.

بە گوێرەی زانیارییەكانی دەست ”هەولێر“ كەوتووە، هەرێمی كوردستان ساڵانە، بایی 100ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئۆکراین هەیە، بەڵام ئەگەر ئەو ئاڵوگۆڕی بازرگانییە راشبوەستێت، هیچ كاریگەرییەكی خراپی بۆ هەرێم نابێت.
شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی گشتیی یەكێتیی هاوردە و ناردنكاری هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: “ئەگەر شەڕی ئۆکراین و رووسیا درێژەش بكێشێت ئاساییە بۆ رەوشی ئابووری هەرێم، چونكە ئەو بەرهەمانەی لە ئۆکراینەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، دەتوانرێت لە وڵاتانی تریش هاوردە بكرێت، بۆیە هیچ كێشەیەك روو نادات.
ئەو بەرهەمانەی كە هەرێمی كوردستان لە ئۆکراینەوە هاوردەی دەكات ئەمانەن (دانەوێڵە، مەعكەرۆنی، هێلكە، زەیت، گەنم و جۆ و، گوێز).
بەگوێرەی گوتەی شێخ مستەفا، دەكرێت ئەو بەرهەمانە لە وڵاتانی (تاجیكستان، ئەرمەنستان، رۆمانیا، بولگاریا، ئەندەنۆسیا) هاوردە دەكرێت.
هەرێمی كوردستان، هیچ بەرهەمێكی خۆی بۆ ئۆکراین دەركردە نەكردووە، بەڵام بەو مانایە نییە، كە هەرێمی كوردستان هیچ بەرهەمێكی بۆ دەركردە نییە، بەڵكو بەرهەمی وەكو (هەنار، پەتاتە، هەنگوین) دەركردەی وڵاتانی (سعودیه، قەتەر، بەریتانیا و، ئیمارات) كردووە.
بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان، لە ڕووی بەرهەمی گەنم و جۆوە دەوڵەمەندە، بۆیە لەبارەی هاوردە نەكردنی گەنم و جۆ لە ئۆکراین، كە وڵاتێكی گەورەیە لە ڕووی دەركردەی گەنم و جۆ، هیچ زیانێكی پێناگات.
لەلایەكی ترەوە، هەرێمی كوردستان، خاوەنی چەند كارگەیەكە، كە توانای هەیە، جیپس و هەموو ئەو بەرهەمانەی لە گەنم دروست دەكرێت، لەناو هەرێم بەرهەم بهێنرێت.
وەزارەتی بازرگانی عێڕاقیش باسی لەوە كردبوو، كە عێڕاق هیچ كێشەیەكی گەنمی نابێت ئەگەر شەڕێ ئۆکراین و رووسیا درێژە بكێشێت.
سەرتیپ جەلال، شارەزا لە بواری كشتوكاڵ پێیوایە، عێڕاق پشتی بە گەنمی هەرێمی كوردستان بەستووە، بۆیە لە ئەگەر هەر كێشەیەك، ئەو وڵاتە دووچاری بێگەنمی و ئارد نابێتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، كە هەرێم دەوڵەمەندە لە بەرهەمهێنانی گەنم و جۆ.