بازاڕی جلوبەرگی كوردی بۆ نەورۆز گەرمە

لەگەڵ نزیكبوونەوەی پشووەكانی ئادار و نەورۆز، خەڵێكی زۆر روو لە دووكانەكانی جلوبەرگی كوردی دەكەن، ئەوەش وای كردووە كە ئەمساڵ لە چاو ساڵانی رابردوو بازاڕی جلوبەرگی كوردی گەرم بێت.

رزگار خەیری، كە بۆ دوورینی جلوبەرگی كوردی رووی لە دووكانێكی جلی كوردی كردووە، بۆ “هەولێر” روونی كردەوە، ئەمساڵ ئەوەی ئێمەی نیگەران كردووە، نرخی قوماش گرانترە بەراورد بە سلاڵانی پێشوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بڕیارم داوە جلوبەرگی كوردی بكڕم و بۆ نەورۆز بیکەمە بەرم، چونكە جلوبەرگی كوردی لای من تایبەتمەندی خۆی هەیە و بە بەهای نەتەوەكەم دەزانم”.
مستەفا خورشید، بەرگدوورێكی ناوچەی سۆرانە، بۆ “هەولێر” دەڵێت: ” جلی كوردی زۆر رەنگ و مۆدێلی هەیە، لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگۆڕێت، هەر ناوچەیەك بە شێوەیەك جلوبەرگی كوردی دەدوورن و لەبەر دەكەن.
ئەو بەرگدوورە، دەشڵێت: “نرخی هەر قاتێكی كوردی لە نێوان 70 تا 500 هەزار دیناردایە، واتە بەپێی جۆر و تایبەتمەندیی قوماشەكە نرخەكەكە دەگۆڕێت؛ ساڵانە بەتایبەتی لە مانگی دوو و سێدا، خەڵكێكی زۆر روو لە دووكانەكەم دەكەن و جلوبەرگی كوردییان دەوێ.”
ستار سامی بەرگدوور بە “هەولێر”ـی گوت: “زیاتر لە 20 ساڵ دەبێت كاری دوورینی جلوبەرگی كوردی دەكەم، بەڵام ئەوە چەندین ساڵ دەبێت وەكو ئەمساڵ بازاڕمان باش نەبووە، ئەوەش هەلی كاری زیاتری بۆ ئێمە رەخساندووە؛ زۆربەی ئەوانەشی بۆ دوورینی قاتی كوردی روومان تێدەكەن گەنجن”.

ھەواڵی زیاتر