مێژووی بەرگدووری لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

عەبدولقەهار هەولێری – هەولێر

هادی خەیات، یەکێک لە بەرگدوورە کۆنەکانی شاری هەولێرە و زیاتر لە پەنجا ساڵە لە شاری هەولێر بەرگدووری دەکات. ئەو لەدیمانەیەکی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـدا، باس لە کاری بەرگدووری و بەشێک لە مێژووی بەرگدووری لەشاری هەولێر دەکات لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا.

بەرگدوورە کۆنەکانی هەولێر کێن؟
هادی وەهاب، کە بە هادی خەیات ناسراوە چاکەت و پانتۆڵ دەدوورێت، دەڵێت لە تەمەنی پانزە ساڵانەوە کاری بەرگدووری دەکەم؛ سەرەتاش لە شاگردییەوە دەستم پێ کرد و تا ئێستا بەردەوامم.
هادی خەیات، باس لە بەرگدوورە کۆنەکانی شاری هەولێر دەکات کە جاران کاری بەرگدووریان کردووە و دەڵێت: جەلیل خەیات و نوورەدین خەیات و یونس خەیات و عەبدوڵڵا دهۆکی و سەید قاسم هەبوو، عەبدۆ خەیات هەبوو، هەروەها حاجی زیادیش هەبوو جلی هەولێریانەی دەدووری بۆ تورکمانەکان. ئەوانە لەنێوان ساڵانی پەنجا بۆ شەستەکان کاری بەرگدووریان دەکرد؛ هەندێکیان تا ساڵانی حەفتاکانیش ئەو کارەیان دەکرد.

خەڵکی دەورووبەریش دەهاتن بۆ هەولێر
مام هادی دەڵێت: ئەو کات بەرگدوورەکان لە دەورووبەری قەڵاتێدا بوون، ئەو بەرگدوورانەی شاری هەولێر نەک بەتەنها خەڵکی ناو هەولێر بەڵکو خەڵکی دەورووبەر دەهاتن لای ئەوانە جل و بەرگیان دەدووری. هەروەها گوتی:
فەرمانبەر و مامۆستا لە ڕەواندز و کۆیە و زۆربەی شوێنەکانی دیکەوە دەهاتن بۆ لای ئەو بەرگدوورانە. سەبارەت هەبوونی بەڕگدووری ئافرەتان لەو سەردەمدا مام هادی خەیات گوتی: بەرگدووری ئافرەتان لەو سەردەمدا نەبوو، لەم ساڵانەی دوایی یەکێک هەبوو بە ناوی یونس مووسڵاوی جلی ئافرەتانی دەدووری، بەڵام ئافرەت لەو کاتەدا بەهۆی داب و نەریت و شتی وا کەمتر سەردانیان دەکرد؛ ئەو کات وەک ئێستا نەبوو.

جلوبەرگی کوردی
هەروەها مام هادی دەشڵێت: ئەو بەرگدوورانەی جل و بەرگی کوردییان دەدووری شوێنیان جیاوازبوو ئەوان لەناو بازاڕی قەیسەری کاری بەرگدوورییان دەکرد و خەڵکی هەولێر و گوندەکانی دەورووبەر دەچوون بۆ لای ئەوان. ئەوانەی جلی کوردیان دەووری مەلا سابیر و بەرهان و چەند خەیاتێکی دیکە هەبوون.

نرخی ئەو کات و ئێستا
لەوکاتدا قوماشیان لەشاری بەغدا دەهێنا.هەروەها باسی بەنرخی ئەوکات کرد گوتی چاکەت و پانتۆڵ نرخی 16 تا 20 دینار بوو،دەڵێت ئەگەر قوماشەکە ئینگلیزی بووا نرخی دەگەیشتە 30 دینار،ئەوەی بەقست بیکڕیبوا مانگێ دوو دیناری دەدا .

کارەبا و ڕاپەڕین
مام هادی، ئێستا دوکانی لەناو بازاڕی قەیسەری شاری هەولێرە گوتی : من سەرەتا شاگردی یونس حەمەدەمین خەیاتبووم، دوای لای سینەما سەڵاحەدین دوکانم دانا، لەدوای ساڵی هەشتاکان هاتم بۆ ئەم شوێنەی ئێستا.گوتیشی: ئەوکات وەک ئێستا چاکەت و پانتۆڵ لەتورکیا و وڵاتانی دیکە نەدەهات وازۆر بێت، من لێرە کارگەیەکی بچووکم دانا نزیکی دە کەس لای من پانتۆڵیان بەدینارێک دەدووری و دوایش دابەشی سەر کۆگاکانمان دەکرد ئەوانیش لە بازاڕ دەیانفرۆشتتەوە. گوتیشی تا ساڵی نەوەد بەردەوام بووم،بەس دوای ڕاپەڕین کارەبا نەما بۆ ماوەیەک کارگەکەم تێکدا ئیشەکە بەرەو لاوازی ڕۆیشت. باشی لەوەشکرد ئەوکات خەڵک لەدۆخێکی خراپ دەژیا ،جل و بەرگی کۆنیان دەهێنا بۆم چاک دەکردن.

مشتەریی ئەوسا و ئێستا
هەروەها باسی لەوەش کرد ئێستا لەگەڵ ئەوکات جیاوازە؛ دەڵێت: ئێستا خەڵک جلی نوێ دەکڕن، دێنن بۆ لای ئێمە قیاساتیان بۆ چاک دەکەینەوە؛ ئاماژەی بەوەش دا جلی حازر ئێستا نرخی هەرزانترە لەوەی خۆی بەڕادانی بدات. ئەوانەی دێن زیاتر مشتەری کۆنی خۆمن، مشتەریم هەیە لە کۆنەوە تا ئێستا هەر دێت بۆ لای من. دەڵێت کەسی واش هەیە حەزی بە جلی حازر نییە دێت بۆ لای ئێمە بۆی دەدوورین.

ھەواڵی زیاتر