عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
دلێر عەبدولقادر، گۆرانیبێژی ناسراوی شاری هەولێرە و زۆربەی رۆژەكانی هەفتە ئاهەنگی هاوسەرگیری ساز دەكات، جگە لەوە بۆ ئاهەنگی شارەكانی دیكەش بانگهێشت دەكرێت، بەڵام بەداخە بۆ هونەری ئێستای كوردی بە هەموو بەشەكانییەوە كە قەدری جارانیان نەماوە.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ دلێر عەبدولقادر، زیاتر لە 25 ساڵە لە بواری هونەریدا كار دەكات و خاوەنی چەندین كلیپ و ئەلبومی گۆرانییە، زیاتر لە 20 ساڵیشە بەشداری ئاهەنگی هۆڵەكان دەكات.
دلێر عەبدولقادر بە (هەولێر)ی راگەیاند، ساڵانی رابردوو بەتایبەت نەوەدەكان كە تەكنەلۆجیا وەك ئێستا نەبوو، هونەر زۆر باشتر بوو، هونەر و هونەرمەندان كە دەچوونە ئاهەنگەكان قەدریان زیاتر بوو، بەڵام بەڕاستی ئێستا هونەر و هونەرمەند ئەو قەدرەی جارانیان نەماوە، حكومەتیش هیچ گرنگ بە هونەر نادات.
ئەم گۆرانیبێژە لە سەرەتای دەستكردنی بە كاری هونەریی تائێستا بەردەوام ئیشی هەیە و زۆربەی ئاهەنگەكانیشی گرانن، وەك خۆی باسیكرد، لەو ساڵانەی پارەی سویسری بەكارهاتووە ئاهەنگی بە نزیكەی 20 هەزار دینار كردووە و ئێستاش بە نزیكەی ١٥٠٠ دۆلار تا دووهەزار دۆلار.
لەو بارەیەوە دلێر روونی كردەوە، راستە لە شاری هەولێر ئاهەنگەكانی خۆی گرانن، بەڵام بۆ ئاهەنگیش هەبووە پارەی وەرنەگرتووە، بۆ دەرەوەی شاری هەولێریش هۆكارەكەی زۆریی مەسرەفی رێگە و پارەی موزیكژەكانە كە لەگەڵیدان، هەروەها بە پێكەنینەوە وتی “زۆرجار بۆ پەشیمانكرنەوەی زاوا بۆ ئەوەی زۆر مەسرەف نەكات، پێموتوە برا ئێستاش نەچووە بچێت پەشیمان ببەوە لە هاوسەرگیری با ئەوەی سەرفت كردووە بڕوات”.
زۆرجار لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا، هونەرمەند و گۆرانیبێژەكان گۆرانی بۆ حیزبەكان دەڵێن، بەڵام دلێر دژی ئەو حاڵەتانەیە و دەڵێت “تائێستا گۆرانیم بۆ هیچ حیزبێك نەوتووە، بەڵكو تەنها گۆرانیم بۆ ریفراندۆم وتووە و لێشی پەشیمان نیم و ئێستاش بكرێتەوە گۆرانی بۆ دەڵێمەوە”.
دلێر نیگەرانە لەوەی لە كاتی كۆچی دوایی هونەرمەندان، وەك پێویست رێزیان لێناگیرێت و ئاماژەی بەوەكرد، لێرە هیچ ئینتیمایەكی هونەری نەماوە، هونەرمەندێكی شاری هەولێر كە ئینتیمای بۆ حیزبێكیش هەبوو كۆچی دوایی كرد ٥٠ كەسی لەگەڵدا نەبوو، بەڵام كاتێك سەركردەیەك گیان لەدەست دەدات سەدان كەسی لەگەڵدایە.
دلێر لە ساڵانی رابردوودا توانی كۆلێجی هونەرەجوانەكان لەشاری هەولێر تەواو بكات و بتوانێت بەشێوەیەكی ئەكادیمی كاری هونەریی بكات، لەو رووەوە ئاماژەی بەوەكرد، كە هەرچەندێك هونەرمەندان ئەزموونی كاری هونەرییان هەبێت، بەڵام ئەكادیمی بوونیش بۆ هونەرمەندان زۆر گرنگە، چونكە بەشێوەیەكی زانستی شارەزای كاری هونەریی دەبن و ئەوەش رەنگدانەوەی لەسەر بەرهەمەكانیان دەبێت.
لە کۆتاییدا دلێر عەبدولقادر ئەوەشی راگەیاند : گۆرانییەکی تازەم ئامادە کردووە، تێکست و ئاوازی لەلایەن هونەرمەند (میدیا حوسێن) دانراوە، لە بەهاری ئەمساڵ بە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوی دەکەمەوە.