خێزان و خوێندنەوە

چەند سەرنجێکی کورت

خێزان یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی بەرەوپێشبردنی بەکولوورکردنی خوێندنەوە، کە لە پاڵ پرۆسەی پەروەردەدا دەتوانێت ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگ و کاریگەریی هەبێت. بەبێ هاوکاری خێزان یەکێک لە پایەگرنگەکانی بە کولتووکردنی خوێندنەوەی دروستبوونی خوێنەر، یان پەکی دەکەوێت، یان لاواز دەبێت. بۆیە دامەزراوەی خێزان دەشێ هەم ڕۆڵێکی گرنگ و ئەرێنی لەم پرۆسەیەدا بگێڕێت، یان ڕۆڵێکی تەواو نەرێنی ببینێت و ڕێگریی بۆ ئەندامەکانی دروست بکات کە خواستیانە بخوێننەوە.

لە چوار ساڵی ڕابردوودا کە بە وردی کارم لەسەر پرۆسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە کردووە و پرۆژەکەم لە دوو کتێبی سەربەخۆدا چاپ کردووە و چەندین سیمیناری جۆراوجۆرم لەوبارەیەوە ساز کردووە، لە زۆربەی سیمینارەکاندا ڕووبەڕووی خوێنەران بوومەتەوە کە سکاڵایان لەدەست خێزانەکانیان هەبووە کە هاوکاریان ناکەن بۆ خوێندنەوە و زەمینەی خوێندنەوەیان بۆ ناسازێنێت، یان زۆرجار ڕێگرییان بۆ دروست دەکەن و بە توانج و پلاری جۆراوجۆر هەوڵی ئەوە دەدەن لە خوێندنەوە و دۆستایەتی کتێب دووریان بخەنەوە و پێویستییە ماددیەکانیان بۆ دابین ناکەن تا دەستیان بە کتێب و سەرچاوەی جۆراوجۆر بگات.
لای هەموان ڕوونە کە پرۆسەی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا زۆر تازەیە، کولتووری ئاشنابوون بە کتێب و خوێندنەوە و ئازادی چاپکردنیش گەلێک نوێیە، بەڵام ئەم نوێییە نیشانەی ئەوە نییە، کە لەگەڵ نوێبوونی ئەم شتانەدا ‎خاوەنی پێشکەوتنی خێرا نەبین، بەو پێیەی ئێستا گۆڕانکارییەکان گەلێک خێران و هۆکارەکانی دەستگەیشتن بە زانیاریی و پێشکەوتن لە چاو چەند دەیەیەک لەمەوبەر گەلێک ئاسانن، کە کۆی ئەمانە یارمەتیدەرن لەوەی پرۆسەکان گەلێک خێراتر بن، بۆ نموونە ئەگەر پرۆسەی پێشخستنی خێرایی شەمەندەفەر بۆ دوو هێندەی خێراییەکی دیاریکراو لە سەدەی ڕابردوودا 50 ساڵی ویستبێت، ئەوا لەم سەدە نوێیەدا تەنها بە پێنج بۆ دە ساڵی پێویستە و لەو ماوەیەدا ئەو پرۆسەیە ئەنجام دەدرێت. واتە هەموو پرۆسەیەک، کە ئەگەر ئەوەی تێدا بێت گۆڕانکاریی تێدا بکرێت لە هەر بوارێکدا بێت پێنج تا دە هێندە خێراتر بووە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان و ئەگەری گۆڕانکاریی زۆر خێراتر دەکات. بۆیە خێزانێک کە تا هەنووکە لەنێو ماڵەکەیدا کتێبخانەی تێدا نییە، نیشانەی ئەوەیە کە دوورە لە پێشکەوتن، یان تەنها ئەو دەستی بە بەشێک لە پێشکەوتنەکان گەیشتووە لە ئاستە ڕووکەشەکەیدا وەکو دەستگەیشتن بە ئامێرە تەکنەلۆچییەکان، بەمەش ئەو خێزانە لە ئاستێکی نیوەچڵی پێشکەوتندا گیری خواردووە. ئەمە لە ئاستە سەرەتاییەکەیدا. لە ئاستە وشیارییەکەیدا خێزانێک تا هەنووکەش لای وا بێت ئەوەی کتێب دەخوێنێتەوە (شێت) دەبێت (بەداخەوە ئەمە بۆچوونێکە تا هەنووکەش لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەی کۆمەڵگەدا بە خوێنەران دەوترێت)، ئەوا دیسان دەکرێت گومان بخرێتە سەر ئاستی وشیاریی ئەو خێزانە و بەتایبەت سەرگەورەکانی ئەو خێزانە، کە هێشتا بە عەقڵی چەند سەدەیەک لەمەوبەرەوە دەژین.
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری مەبەستەکانم نموونەیەک دەهێنمەوە، کە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە یەکێک لە خوێندنگە ئامادەییەکانی شاری سلێمانی ڕووبەڕووی بوومەوە. لە پاش پێشکەشکردنی سیمیمنارێک، خوێندکارێک هاتە لام سکاڵای ئەوەی کرد کە پڕ بەدڵ حەزی لە خوێندنەوەیە و ناوە ناوەش کتێب و گۆڤار و بابەتی جۆراوجۆر دەخوێنێتەوە، بەڵام لە خێزانەکەیدا (بەتایبەت ناوی دایک و باوکی هێنا) ڕێگریی لێ دەکەن و پێی دەڵێن تۆ یان شێت دەبیت یان دەبیتە کەسێکی “گۆشەگیر”، بۆیە نابێت بخوێنیتەوە! بەدەر لەمە لە چەندین جێگەی دیکەشدا بەر نموونەی لەم چەشنە کەوتووم، کە خێزانەکان بوونەتە ڕێگر لەوەی منداڵەکانیان بخوێننەوە، یان چەندجار گوێم لە دایباک بووە، کە بە منداڵەکەیان وتووە پارە بە هەرچی دەدەی تەنها مەیدە بە کتێب! وەک ئەوەی کتێب تلیاک بێت و منداڵەکەیان ئالوودە بکات! بێگومان بۆچوونی ئەم خێزانە بە دیوێکدا دروستە؛ کە پێیانوایە کتێب تلیاکە، بەڵام ئەوان بێئاگان لەوەی کتێب تلیاکی وشیارییە. مرۆڤ کاتێک هۆگری ئەم جۆرە لە تلیاکە دەبێت ئیدی “بەڵێ”ـی وشیارانە دەکات و “نەخێر”ی وشیارانەش دەردەبڕێت. کاتێک مرۆڤ ئالودەی کتێب دەبێت ئیدی دونیایەکی سەربەخۆ بۆ خوی چێ دەکات و جیایە لەو دونیایەی کۆمەڵگە و خێزان و ئایین و کولتوور بەسەریدا دەیسەپێنن. بۆیە ترسی (بەشێک نەک هەموو) خێزانەکان لەو وشیارییەیە، کە تاک لە ڕێی خوێندنەوەوە ئیدی تاکێکی ملکەچ و کۆیلە نابێت. خێزانی کوردی ئەوەندەی شانازی بە تاکێکی گوێڕایەڵی ملکەچەوە دەکات، هێندە شانازی بە تاکێکی خاوەنی ئیرادە و متمانەبەخۆبوو ناکات. دایبابی کوردی چێژ لە بوونی منداڵێکی گوێڕایەڵی دەستەمۆ دەبینێت، نەک منداڵێکی یاخی و جیاواز و خاوەندیدگا.
بێگومان لەپاڵ ئەم دیوە تاریکەی خێزانی کوردیدا، دیوێکی دیکەی ڕۆشنی خێزانی کوردی هەیە کە تەواو پێچەوانەی ئەمەیە و هاوکار و کۆمەککاری منداڵەکانیانن بەرەو دونیای کتێب و خوێندنەوە و زۆرجاریش ڕێنماییان پێشکەش دەکەن بەوەی بتوانن دروستتر بخوێننەوە و بابەت و کتێبی بەسوود چنگ بخەن، بەڵام ئەم دیوە ڕۆشنەی خێزانی کوردی کەمینەیەکی زۆر کەمن، بەڵام جێگەی ئومێد و ئاسۆی دوارۆژێکی گەشن بۆ تەواوی خێزانەکانی دیکەش، کە من ئومێدم وەهایە بازنەی بچووک و دەگمەنی ئەم خێزانانە فراوان بێت و لە دەگمەنی دەربچێت و زۆربە یان تەواوی خێزانی کوردی بگرێتەوە.
خاڵێکی گرنگ بنچینەیی بۆ بە کولتوورکردنی خوێندنەوە لە ڕێی خێزانەوە بوونی کتێبخانەیە لەنێو ماڵدا، بەبێ بوونی کتێبخانەیەک لە هەر ماڵێکدا ناتوانین باس لە بوونی خوێنەر و هەوڵی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە بدەین. زۆرجار خێزانەکان بیانووی ئەوە دەهێننەوە، کە لە ماڵەوە کتێبخانەیان هەبووە، بەڵام هیچ کام لە منداڵەکانیان کتێبیان نەخوێندووەتەوە، بێگومان ئەمە سەرنج و خاڵێکی گرنگە، کە پێویستە ڕوونی بکەینەوە، ئێمە لێرەدا باسمان لە بوونی کتێبخانە کرد وەکو پێشمەرجی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە لە نێو خێزاندا، بەڵام خاڵی دووەمی ئەم پرۆسەیە لەسەر دایبابە، کە پێویستە ئەوان هاندەر و ڕێگەخۆشکەر بن بۆ خوێندنەوە منداڵەکانیان. بۆ نموونە ناوە ناوە دەکرێت دایک، یان باوک چیرۆکێکی بۆ منداڵەکانی، یان تەواوی خێزانەکە بخوێنێتەوە، کە ئەمە کاریگەریی زۆری دەبێت و دواتر منداڵەکان خۆیان حەز بە خوێندنەوەی هەمان چیرۆک دەکەن، چونکە لە ڕێگەی خوێندنەوەی دایبابەوە بەشێک لە یادەوەریی لەگەڵ ئەو چیرۆک و بابەتانەدا دروست دەکەن و ئیدی لەوێوە حەزی خوێندنەوەییان تێدا دەبزوێت.
یەکێک لەو یادگارییانەی کۆتایی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو هەمە و کە هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە خوێندنەوەی چیرۆک و شیعرە لەلایەن باوکمەوە بۆ تەواوی خێزانەکەمان، بیرمە لە هەشتاکاندا تەواوی کتێبەکانی شیرین و فەرهاد و خوشیدی و خاوەر و چەند کتێبێکی دیکەی بۆ خوێندینەوە و لە نەوەدەکانیشدا یەکێک لە یادگارییەکانم لەگەڵ شیعر خوێندنەوەی تەواوی دیوانی قانیع بوو لایەن باوکمەوە، کە دواتر ئەمە بووە هۆی ئەوەی خۆم و خوشک و براکانم دیوانی قانیع و شاعیرانی دیکەش پەیدا بکەین و بیانخوێنینەوە. دەمەوێت بڵێم ئەم کارە سادەیە بووە هۆی ئەوەی تۆوی خوێندنەوە لە ڕۆحی ئێمەدا بچێنرێت، کەواتە پرۆسەکە سەخت نییە و ڕێگەکە گەلێک ئاسانە، بەڵام تەنها خاڵێکی دەوێت بۆ دەستپێکردن و بریاردان لەوەی ئایا ئێمە دەمانەوێت نەوەیەک بە ئاستێکی بەرزی وشیارییەوە پێشکەشی کۆمەڵگەکەمان بکەین، یان نەوەیەک کە لە ئاستێکی سەرەتایی وشیارییدا بێت؟ بێگومان ڕێگە دروستەکە ئەوەیە کە هەموان لە خەمی ئەوەدا بن کە نەوەیەک بە ئاستێکی بەرزی وشیاریی و بە مەعریفە و خاوەن کەسایەتییەکی بەهێزەوە پێشکەشی کۆمەڵگەکەیان بکەن.
بێگومان زۆرجار قەیرانی دارایی و خراپی دۆخی دارایی خێزانەکان دەکرێتە بەهانە بۆ ئەوەی تاکەکان نەخوێننەوە، بەڵام ئەمانە جگە لە بیانوویەکی بێبنەما هیچی دیکە نییە. بەو پێیەی هەموو خێزانێک دەتوانێت مانگانە لانی کەم پێنج هەزار دینار بۆ کڕینی کتێب و گۆڤار تەرخان بکات، کە ئەمە لە ڕووی ماددیەوە نابێتە فشار لەسەری، ئەمە بێجگە لەوەی چەندین کتیبخانەی گشتی بەشێوەی جۆراوجۆر ئامادەی پێدانی کتیبن بە خوێنەر، کە ئەمەش دیسانە بەهانەی خراپی دۆخی دارایی بۆ نەخوێندنەوە هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئێستا دەتوانین لە پێناسەیەکی کورت و پوختدا بۆ خێزانە پێشکەوتووەکان ئەوە بخەینەڕوو کە خێزانی پێشکەوتوو ئەو خێزانەیە کە لە هەموو ڕوویەکەوە گرنگی بە پێشکەوتن داوە و تەنها ڕووکەشی مۆدێرنە و پێشکەوتنەکانی وەرنەگرتووە. بەڵکو لە جەوهەریشدا خاوەنی مەعریفە و دیدگای پێشکەوتنخوازانەیە بۆ پەروەردەکردنی ئەندامەکانی بە شێوەیەکی سەردەمیانە و دوورە لەو ڕووکەشگەراییەی خەریکە هەموو جێگەیەک دەگرێتەوە، چونکە لەهاوڕێیەتی لەگەڵ کتێبدا زیاتر هەست بە قووڵبوونەوە و قووڵایی شتەکان دەکەین.

ھەواڵی زیاتر