ئێسكەپەیكەری ئەشكەوتی شانەدەر لە مۆزەخانە نیشتمانیەکەی واشتنۆندا رادەنرێت

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

ئێسكەپەیكەری مرۆڤی نیادەرتاڵ كە پێشتر لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزراونەتەوە، ئێستا لە مۆزەخانە نیشتمانیەکەی مێژووی سروشتی لە واشنتۆنی پایتەختدا نمایش دەكرێت.

شوێنەوارناس كارزان كەركوكی لە بارەی نمایشكردنی ئەو پارچە ئێسكەپەیكەرانە بۆ هەولێر دواوە و دەڵێت: لە ساڵی ١٩٥١ەوە تا ١٩٦١ شوێنەوارناسی ئەمریكی (ڕاڵف سۆلیكی) لەگەڵ تیمێكی لە زانكۆی كۆڵۆمبیا هاتوونەتە ئەشكەوتی شانەدەر لە چیای برادۆست لە قەزای مێرگەسور لە پارێزگای هەولێر لەوێ کنە و پشکنینیان كردووە؛ لەو ئەشكەوتە (١٠) ئێسكەپەیكەری مرۆڤی نیاندرتاڵیان دۆزیەوە. یەك لەو ئێسكەپەیكەرانە ئێستا لە مۆزەخانە نیشتمانیەکەی مێژووی سروشتی لە واشنتۆنی پایتەختدا نمایش كراوە.
ئەو شوێنەوارناسە كوردە گوتیشی: لە دوایین گەشتم بۆ وڵاتی ئەمریكا چوومە ئەو مۆزەخانەیە و ئەو ئێسكەپەیكەرەی ئەشكەوتی شانەدەرم دۆزیەوە و ژمارەیەك وێنەیەم گرت. جگە لە ئێسكەپەیكەرەكە كە نمایش كراوە، چەندین گرتە ڤیدیۆیەك بە بەردەوام نمایش دەكرێت لە هەمان شوێنی ئەم ئێسكەپەیكەرەی لێیە. گرتە ڤیدیۆكان لە ئەشكەوتی شانەدەر تۆمار كراوە و باس لەو ئێسكەپەیكەرانە دەكات. مێژووی ئەو ئێسكەپەیكەرانە دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥ تا ٦٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر.
كارزان كەركووكی دەشڵێت تا ئێستا هیچ ئایینێك بەتەواوی بۆچونی خۆی نەداوە لەسەر مرۆڤی نیاندرتاڵ، بگرە هەندێك ڕەتی دەكەنەوە كە بابەتی وا هەبێت و بە خورافاتی دادەنێن. بەڵام زانست ڕای خۆی داوە چونكە ئێسك و پروسك هەیە و سەلمێنەری نیاندرتاڵە.
من بڕوام بەوە نیە ئێمەی نەوەی ئادەم (Homo Sapiens) لە نیاندرتاڵەوە گەشەمان كردبێ، بەڵكو نیاندرتاڵ پێش ئێمەی مرۆڤ لەسەر زەوی بونەوە بۆ ماوەیەكیش لەگەڵ ئێمەی Homo Sapiensدا ژیاون و پاشان لەناو چوونە.