شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

فۆتۆگرافەرێكی كورد ڕ‌وژانە رێگەی سەخت دەبرێ تا وێنەی سروشتی كوردستان تۆمار بكات

پێشڕەو مەهدی، فۆتۆگرافەرێكی كوردی خەڵكی شاری هەڵەبجەیە؛ نزیكەی ١٠ كاری فۆتۆگرافی دەكات و بەردەوام سەرقاڵی چركاندنی وێنە و تۆماكردنی ڤیدیۆی سروشتە؛ كارەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بینەرێكی زۆریان هەیە؛ بەشێكی زۆر لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان لە رووماڵكردنی هەواڵەكانی رۆژانە سوود لە وێنەكانی ئەو فۆتۆگرافەرە كوردە دەبینین.

پێشڕەو لە دیمانەیەكی كورتدا لەگەڵ “هەولێر”ـدا دەڵێت: بۆیە ئەم كارەم هەڵبژاردووە، چونكە لە منداڵییەوە خولیای ئەو بوارە بووم، خوازیار بووم كە رۆژگارێك لە رێگەی كامێراكەوە وێنەی سروشت بگرم.
پێشڕەو مەهدی، چەندین كیلۆمەتر ڕێگا و دۆڵ و چیا دەبڕێت، بۆ ئەوەی وێنەیەكی چۆلەكەیەک یان دیمەنێكی جوانی سروشت بگرێت؛ ئەو دەڵێت كاركردن بۆ وێنەگرتن لە ئاژەڵی كێوی و باڵندە سەختە، بەڵام من لە كارەکەم ڕاهاتوومە و ئەو ماندووبوونەش چێژم پێ دەبەخشێت.
ئەو فوتۆگرافەرە كوردە دەشلێت: “ئێستا دۆكیۆمێنتارییەكم لەسەر ژیانی باڵندە و ئاژەڵە كێوییەكانی ناوچەی هەڵەبجە و سلێمانی و چۆمان ئامادە كردووە و تێیدا گرتەی ناوازەم تۆمار كردووە كە لە چیاكانی كوردستان هەن؛ لە ماوەیەكی نزیكدا بڵاویان دەكەمەوە.”
ئاخرقسەیش پێشڕەو دەڵێت: ئەم كارەی كە من دەیكەم، لە وڵاتان كۆمپانیایەكی تایبەت كاری لەسەر دەكەن ـ گرووپێكی بەكۆمەڵ لەگەڵ فوتۆگرافەرەكان دەردەچن، بەڵام من بە تەنیا كارەكانم دەكەم، كەسێش هاوكاریی نەكردووم، ئەو كەرستانەشی كە لە بەردەستی مندان كامێرای زۆر پێشكەوتوو نین، بەڵام من بە ماندووبوونێكی زۆر و بە هۆی خۆشەویستی بۆ كارەكەم دەیکەم.