تیكتۆك جه‌ژنی 18ـه‌مین ساڵه‌ی فه‌یسبووكی تاڵ كردووه‌

سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی مارك زوكه‌ربێرگ بۆ پێشخستنی ئه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه‌ خاوه‌ندارێتیان ده‌كات، به‌ڵام تیكتۆك گورزی لێ وه‌شاندووه‌ و له‌ 18ه‌مین ساڵه‌ی دامه‌زراندنی فه‌یسبووك، كه‌ ئێستا ناوی كۆمپانیاكه‌ بووه‌ته‌ مێتاڤێرس، داهات و ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌كانی ئه‌و كۆمپانیایه‌، رووى له‌ داكشان كردووه‌.

ئه‌وه‌ی كێشه‌ی بۆ كۆمپانیاكه‌ دروستكردووه‌، گه‌شه‌ی به‌رچاوی تیكتۆكه‌، به‌تایبه‌تیش به‌كارهێنه‌ری تازه‌ پێگه‌یشتوو، یان وه‌ك ده‌گوترێت، خوار 15 ساڵی، چونكه‌ زۆربه‌یان كه‌ چالاكن، روو له‌ به‌كارهێنانی تیكتۆك ده‌كه‌ن نه‌ك فه‌یسبووك.

سه‌ره‌ڕای كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌و جۆره‌ به‌كارهێنه‌رانه‌، داهاتی كۆمپانیاكه‌ش كه‌می كردووه‌ و به‌های پشكه‌كانی كۆمپانیای مێتا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیوه‌، به‌ جۆرێك گه‌یشتووه‌ته‌ 25%، ئه‌وه‌ش دابه‌زینێكی مێژوویی به‌های پشكه‌كانی كۆمپانیاكه‌یه‌.

وه‌ك له‌ راپۆرته‌كان ئاماژه‌ی پێكراوه‌، داهات و ژماره‌ی به‌كارهێنه‌ران له‌ مانگی یه‌كه‌می 2022 به‌راورد به‌ مانگی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو، ئه‌و جیاوازییه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی شیكه‌ره‌وه‌ ئابوورییه‌كان بووه‌، كه‌ پێشبینیان كردووه‌ هه‌م داهات و هه‌میش به‌كارهێنه‌ران روو له‌ زیاد بوون بكه‌ن.

كۆمپانیای فه‌یسبووك، كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوو، ناوه‌كه‌ی كرایه‌ مێتاڤێرس، خاوه‌نی تۆڕه‌كانی فه‌یسبووك، ماسنجه‌ر، ئینستاگرام، واتسئه‌پ و ئۆكولوس ڤی ئاڕه‌.