وەستایەكی كورد لە ڕواندوز ئۆتۆمبیلێك بە دار دروست دەكات

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

لە شارۆچكەی ڕواندوز وەستایەكی كورد بە ناوی “داود عەزیز” ئۆتۆمبیلێك بە دار دروست دەكات، داود عەزیز كە وەستایەكی بەناوبانگی ڕواندوز چەند ساڵێكە دەرگا و پەنجەرەو كەوەنتەر دروست دەكات، بە هۆی بلیمەتی كارەكانییەوە لە شارەكانی دیكەوە خەڵكی سەردانی دەكەن.
ئەم وەستایە كوردە ئۆتۆمبیلێكی بە دار دروست كردووە و لە لێدوانێكی بۆ “هەولێر” گوتی: “بیرۆكەی دروستكردنی ئەم ئۆتۆمبیلە بە دار لەو كاتەوە پەیدابوو كە كەسێك ئۆتۆمبیلەكەی سووتابوو، هێنایە لای ئێمە داوای لێكردین كە كارێكی لەم ئۆتۆمبیلێك بە دار دروست بكەین.
ئاماژەی بەوەیشدا: “ئەم كارەم لەگەڵ كەسێكی ئەمریكی بەناوی (ئاندرۆ ) ئەنجامدا، (ئاندرۆ) كەسێكی بەڕەگەز ئەمریكییە لە ئێستا لەگەڵ من كار دەكات لە شاری رەواندوز.
داود، گوتیشی لە ماوەی 3 مانگدا لەگەڵ ( ئاندرۆ) توانیمان ئەو ئۆتۆمبیلە دروست بكەین و ئۆتۆمبیلەكە بە داری چنار و داری ئاسایی دروست كراوە.
سەبارەت بە تەواوبوونی كارەكانی ئەو ئۆتۆمبیلەش، داود، دەڵێت “قوناغی یەكەمی ئۆتۆمبیلەكە تەواوبووە، لە ئێستا لە قۆناغی كۆتایی دایە كە كاری وایرمەنییە.
لە كۆتایشدا وەستا كوردەكە گوتی: “خۆشحاڵم كە توانیم كارێكی لەم جۆرە بكەم، ئێمە وەكو كورد چیمان كەمتر نییە بە بەراورد لەگەڵ وەستا بێگانەكان و ئەگەر هاریكاریمان بكرێت بیرۆكەی جوانمان هەیە و دەتوانین كاری لەوە جوانتریش ئەنجام بدەین.

ھەواڵی زیاتر