فڕێدانی پاشماوە و پیسداگەڕانی خاک

خاک سێیەم پێکهاتەی ژینگەیە و سامانەسروشتێکی هەرە بەهادارە، کە بە هۆی چالاکی نادروستی مرۆڤەوە پیس داگەڕاوە، دەتوانین بڵێین پیسداگەڕانی زەوی بریتییە لە هەر گۆڕانکارییەکی فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆجی لە زەویدا کە دەبێتە هۆی پەکخستنی خاک.

هەروەها بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی بۆ دروستکردنی دامەزراوەی خزمەتگوزاری و ڕێگەوبان و بینای نیشتەجێبوون و کارگە و پاشەڕۆ ڕەق و شل و گازییەکان دەبێتە هۆی پەککەوتنی زەوی کشتوکاڵیی و پیسداگەڕانی، بۆ نموونە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا ساڵانە نزیکەی 1 ملیۆن هێکتار زەوی کشتوکاڵی لەناو دەبات بۆ دروستکردنی شاڕێگە و شوێنی نیشتەجێبوون و جۆرەها بەکارهێنانی تر، بەڵام ساڵانە نیو ملیۆن هێکتار زەوی چاک دەکرێت بۆ بەکارهێنانی کشتوکاڵی، بۆیە پێویستە نەخشە دابنرێت بۆ بەکارهێنانی زەوی لە هەموو وڵاتانی جیهاندا لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی بە سەریدا دێت و ئەندازەی پیسداگەڕانی زەویش بە جیاواز لە سەرچاوەکانی پیسداگەڕان و سەرچاوەکانی دەگۆڕێن، ئەم جۆرە پیسداگەڕانە بە شێوەیەکی زۆر دیار و ترسناک لە کوردستاندا بەدی دەکرێت لە سەرجەم شار و شارۆچکەکاندا کە بەڕاستی ئەمە نیشانەی دواکەوتنی شارستانی و کەمی هۆشیاری و نەزانین و گوێنەدانە بە گرنگی خاک، جێی داخە زۆر لە سەرچاوەکانی خواردن و خواردنەوەمان لە زەوییەوەیە کەچی زۆر بێویژدانانە پیس دەکرێت.

یەکێک لە ھەرە کێشە سەرەکییانەی کە بوونەتە ھۆی پیسداگەڕانی خاک و شار فرێدانی دەمامک و دەستکێشە، له‌ یه‌ك خوله‌كدا، یه‌ك ملیۆن پاشماوه‌ی ده‌مامك و ده‌ستكێش له‌ جیهاندا فڕێ ده‌درێت. به‌پێی ڕاپۆرتێك كه‌ له‌ 28ی مانگی دووی ساڵی ڕابردوو له‌لایه‌ن گۆڤارێكی نێوده‌وڵه‌تی، تایبه‌ت به‌ زانستی ژینگه‌ییه‌وه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌: له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی كۆڤید-19ەوە، له‌ هه‌ر خوله‌كێكدا سێ ملیۆن ده‌مامك به‌كار ده‌هێنرێت، زۆربه‌یشیان له‌و جۆره‌ن كه‌ بۆ یه‌ك جار به‌كارده‌هێنرێن و دواتر فڕێده‌درێنه‌ خاكه‌وه‌ و به‌شێكی زۆریشیان كۆ ناكرێنه‌وه‌.
ئێستاکە پاشماوه‌ پزیشكییه‌كانی تایبه‌ت به‌ خۆپاراستنی كۆرۆنا گه‌وره‌ترین مه‌ترسییان له‌سه‌ر ژینگه‌ دروستكردووه‌. بەردەوام ھۆشداری دەربارەی چۆنیەتی فرێدانی کەل و پەلی پزیشکی بڵاو دەکرێتەوە. ئەڵبەت کێشەکە ئەوەیە جاران پزیشکەکان و کارمەندە پزیشکییەکان زیاتر دەمامک و دەسکێشیان بەکار دەھێنا، بەڵام ئێستا ھەموو کەاسێک دەتوانێ بەکاریبێنێ بگرە مەجبووریشە دەمامک ببەستێ.

خاڵێکی تری گرنگ لەم باسەدا کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکە بە ڕێکوپێکی بەڵام لەمە گرنگتریش چۆنییەتی داپۆشینی ئەم زبڵ و خاشاکەیە لە شوێنی تایبەت و بێوەی و دیاریکراودا.
لە ڕووی زانستییەوە داپۆشینی تەندروست بۆ زبڵ و خاشاک بە سێ قۆناغدا تێپەڕ دەبێت:
یەکەم/ هەڵبژاردنی چەند شوێنێک بە پێی چەند ڕێنماییەک.
دووەم/ لێکۆڵینەوە لە شوێنە دیاریکراوەکان و هەڵبژاردنی باشترینیان.
سێیەم/ دانانی وردەکاری پێویست بۆ دیزاینکردنی شوێنەکە بە باشترین شێوە.

شوێنی داپۆشینی زبڵ و خاشاک لە سەرەتاوە پێویستە کۆمەڵێک داتا و زانیاری وردی لە بارەوە کۆ بکرێتەوە وەک تۆبۆگرافیای ناوچەکە و بەرزیی و نزمیی، دووری یان نزیکی لە ڕووبار و ناوچەی تەڕ و شێدار، دووری و نزیکی لە ڕێڕەوی ئاوەڕۆی شار، چونکە بەلای کەمەوە پێویستە شوێنی هەڵبژێردراو بۆ داپۆشینی زبڵ و خاشاک نزیکەی ٣٦٥ مەتر یان زیاتر دوور بێت لە هەموو سەرچاوەیەکی ئاوی خواردنەوەوە.
هەروەها پێویستە جۆری زبڵ و خاشاکەکەش بزانرێت ئایا لە جۆری ترسناکە یان ئاساییە.
خاڵێکی تری گرنگ سەبارەت بەم باسە ئەوەیە کە ئیتر باوی ئەو دەستەواژەیە نەماوە لەم سەردەمەدا کە جاران دەگوترا پێویستە زبڵ و خاشاک لە شوێنێک فڕێ بدرێت دوور لە شار، چونکە ئەمڕۆ بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت زبڵ و خاشاک بەبێ داپۆشین و لەچاڵنان لەسەر زەویدا فڕێ بدرێت و شوێنێک نەماوە بەناوی دوور، چونکە ئەو شوێنەی لە شارێکەوە دوورە، هەمان شوێن لە شارۆچکەیەکی ترەوە نزیکە و زیان بە دانیشتوانی ئەو شوێنە دەگەیەنێت. بۆیە بابەتی داپۆشینی بێوەی بۆ زبڵ و خاشاک ئەمڕۆ بۆتە زانست و پێویستە قسەی زیاتری لێ بکرێت.

ھەواڵی زیاتر