پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پوخته‌یه‌ك له‌هه‌گبه‌ی چالاكییه‌كانی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان بۆ ساڵی 2021

یه‌كێك له‌بنه‌ماكانی پێشخستنی كاری دامه‌زراوه‌یی هه‌ر ده‌زگایه‌ك بریتیی ده‌بێت له‌خستنه‌ڕووی سه‌رجه‌م ئه‌م كارو به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ له‌كۆی یه‌ك ساڵی كاركردندا ئه‌نجامی داوه‌ و، هاوكات ده‌بێته‌ میكانزمێك بۆ دانانی پلانی ساڵی داهاتوو له‌سه‌ر رۆشنایی به‌راوردكردنی پلانی پێشوه‌خته‌ و پلانی جێبه‌جێكراو، له‌م سۆنگه‌وه‌یه‌ یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان وه‌ك رێكخراوێكی جه‌ماوه‌ریی چالاك له‌بواری ئافره‌تان هه‌وڵ ده‌دات ساڵانه‌ پێش ده‌ستپێكی ساڵی نوێ له‌لایه‌ن به‌شی پلان و به‌دواداچوون، پلان بۆ ساڵی ئاینده‌ دابڕێژێت و به‌هه‌مان چه‌شن له‌كۆتایی ساڵدا ئاماره‌كانی چالاكییه‌كانی ده‌خاته‌روو بۆئه‌وه‌ی بزاندرێت تا چه‌ند له‌و پلانه‌ هاتۆته‌ جێبه‌جێكردن.

بۆساڵی 2021 یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی مه‌كته‌بی سكرتارییه‌ت و ئه‌نجومه‌ن و ناوه‌نده‌كان ئه‌م چالاكیانه‌ی به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه‌ كه‌ زیاتر له‌ (61،442) چالاكین له‌بواره‌ جیاوازه‌كان:
به‌شی تواناسازی كه‌ چالاكی و خولی راهێنان و پێگه‌یاندن له‌بواره‌ جیاوازه‌كان له‌خۆده‌گرێت (997) چالاكی به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه و توانیویه‌تی رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ئافره‌تان له‌خوله‌كانیان سودمه‌ندبێت و ببێته‌ هۆكاری ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌لی كار و پێشخستنی توانا مرۆییه‌كانیان.
به‌شی پشتگیری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌م به‌شه‌ هاوكاریكردن و كۆمه‌كردنی خێزان و ئافره‌تان به‌تایبه‌تی ده‌گرێته‌وه‌، هه‌وڵدراوه‌ به‌پێی توانا و به‌هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ده‌زگا حزبی و حكومی و ناحكومی خێرخوازان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ بۆنه‌ و شوێن و كاری جیاوازدا (527) چالاكی ئه‌نجام بدات. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كێشه‌ی خێزانیان هه‌یه‌ و سه‌ردانی ئه‌م به‌شه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌مساڵ (195)كه‌یسی كۆمه‌ڵایه‌تی هاتۆته‌ رێكخراوه‌كه‌مان و ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌یسانه‌ چاره‌سه‌ركراون و ژماره‌یه‌كی دیكه‌شیان له‌به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردن به‌رده‌وامن.
چالاكی جه‌ماوه‌ری، ئه‌م چالاكییه‌ به‌شی رێكخستن و ئامار به‌ ئه‌نجامی ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ سه‌ردان و به‌شداریكردن له‌چالاكییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان بۆ ئه‌مساڵ (35،097) كاری كردووه‌.
به‌شی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان، ئه‌م به‌شه‌ش پێكدێت له‌تۆری میدیایی هێلین كه‌ پێكدێت له‌ دیجتاڵ میدیا و رادیۆ و بڵاوكراوه‌ی هێلین، ئه‌و كارانه‌ی له‌م به‌شه‌ ئه‌نجامدراون (23،184) چالاكی جۆراوجۆرن. هه‌روه‌ها وه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كان (783) سه‌ردانی ده‌زگای حزبی و حكومی و رێكخراوه‌یی كراون.
چالاكی جۆراوجۆر، ئه‌و چالاكیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ گرنگی ده‌ده‌ن به‌ بۆنه‌ و پێشهات و كارێك كه‌ پێده‌چێت پێشتر پلانی بۆ دانه‌نرابێت به‌ڵام زه‌روورییه‌تێك دێته‌ پێش بۆ ئه‌نجامدانی، بۆ 2021 (475) چالاكی هه‌مه‌چه‌شن به‌رێوه‌چوون.
هه‌روه‌ها دۆسیه‌ی ته‌ندروستی ئافره‌ت و منداڵان كه‌ خۆی له‌جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی پشتگیری ته‌ندروستی ده‌بینێته‌وه‌ و پرۆژه‌یه‌كه‌ به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك پزیشك و نه‌خۆشخانه‌ هاوكاری ده‌كرێن و هه‌تا ئێستا 150 كه‌س له‌رێگه‌ی كاری جیاوازی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه بێ به‌رامبه‌ر‌ سودمه‌ند بوون.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، به‌شی رێنمایی هاوسه‌رگیری كه‌ به‌شێكه‌ له‌ په‌یمانگای ئامێزی خێزان كارده‌كات بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌ندروستی، ده‌روونی و یاسایی بۆ گه‌نجان به‌ ئامانجی پێكهێنانی خێزانێكی سه‌ركه‌وتووی به‌خته‌وه‌ر، بۆ ئه‌مساڵ 34 چالاكی جیاوازی رێكخستووه‌ وه‌ك سیمنیار و خولی رێنمایی پێش هاوسه‌رگیری و دوای هاوسه‌رگیری بۆ ژماره‌یه‌ك گه‌نج، هه‌روه‌ها بینینی كه‌یسی ده‌روونی و هاوسه‌رگیری بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان.
هاوكات به‌شی بینینی منداڵانی خێزانه‌ لێكترازاوه‌كان، له‌م به‌شه‌ش هه‌فتانه‌ ئه‌و منداڵانه‌ دێن كه‌ له‌لایه‌ن دایكی یان باوكییه‌وه‌ به‌خێوده‌كرێن و له‌مه‌كته‌بی سكرتارییه‌ت شوێنێكی تایبه‌تیان بۆ ته‌رخانكراوه‌ بۆئه‌وه‌ی چه‌ند كاتژمێریك دایك و منداڵه‌كان یان باوك و منداڵه‌كان پێكه‌وه‌بن.
جگه‌له‌و چالاكیانه‌ ئاماژه‌یان پێكرا چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك ئه‌مساڵ خرانه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ وه‌ك كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی رۆشنبیریی زین، ناوه‌ندێكه‌ بۆ خزمه‌تكردنی كلتورو فه‌رهه‌نگی كوردی له‌شاری هه‌ولێر دامه‌زراوه‌ و تائێستا چه‌ندین چالاكی تێدا به‌ ئه‌نجام گه‌یاندراوه‌.
كاركردن بۆ دامه‌زراندنی ئه‌كادیمیایه‌ك بۆ پێگه‌یاندنی كادری رێكخراوه‌یی و سیاسی ئافره‌تان به‌ناوی ناهیده‌ی شێخ سه‌لام كه‌ بریاره‌ به‌م زووانه‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی بۆ سازبكرێت.