بەشوودانی كچی منداڵکار لە كەركووک زیادی کردووە

كارزان گلی – هه‌ولێر

دیاردەی بەشوودانی كچی منداڵکار لە كەركووك زیادی کردووە؛ جار وا هەیە كچی منداڵکار، بەسەر زاوە دەچێ.

هەفتەی رابردوو، كچێكی تەمەن چواردە ساڵان لە كەركووک، بەسەر سکەوە چوو؛ ئەو هەواڵە بووە بابەتی سۆشیال میدیا و بەشێكی زۆری میدیاكان. بەگوێرەی زانیارییەكانیش بێت، ئەو دیاردەیە لە كەركووكدا زۆرە و جگە لە بەشوودانی كچی منداڵکار، چەندین كاری نایاسایی و ستەمیان لێ دەكرێت.
رەنجە باقی، خەڵكی كەركووكە، بە چاوی خۆی بینیویەتی كە دراوسێیەكیان كچە بچووكەكەی خۆی بەشوو داوە، كە هێشتا تەمەنی نەبووەتە ١٤ ساڵان.
ئەو باس لەوە دەكات، كە باوكی ئەو كچەی دراوسێیان گوتوویەتی، كچ بۆ بەشوودانە و نابێت رابگیرێت، بۆیە بە شەرع و یاسا بەشووی دەدەم، بەڵام دوای ئەوەی بەشووی داوە و ئافرەتەكە سكی پەیدا كردووە، لە كاتی منداڵبووندا لە مردن رزگاری بووە و پزیشك پێیانی گوتووە، بە چ ئەقڵێك منداڵێكی لەو تەمەنە بەشوو دەدەن.
بەگوێرەی یاسا، دەبێت ئافرەت و پیاو، تەمەنیان بگاتە ١٨ساڵان، ئەوكات دادوەر مارەیان دەكات، یاخود ئەگەر ١٥ساڵان بێت و لەڕووی جەستەییەوە ئامادە بێت و راپۆرتی پزیشكی پێ بێت كە گونجاوە بۆ شووكردن ئەوكات كاری مارە دەكرێت، بەڵام بەداخەوە دادوەر بەبێ راپۆرتی پزیشكی و دوور لە یاسا، كچی تەمەن ١٢ساڵانی لە كەركووكدا مارە كردووە.
سروود ئەحمەد، بەرپرسی لقی کەرکووکی رێكخراوی هیوای عێراق، كە تایبەتە بە مافی ئافرەتان، پێی وایە، بەشوودانی كچی منداڵکار، بازرگانیكردنە بە مرۆڤەوە.
ئەو دەڵێت: ”دیاردەیەكی نامۆ و ناشرین سەری هەڵداوە، هەندێك لەو پیاوانەی قەرزاردن، لە بری دانەوە قەرزەكەیان، كچیان دەدەنێ، جا تەمەن بەلایەوە گرنگ نییە، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە“.
بەگوێرەی زانیارییەكان، زۆربەی ئەو خانەوادانەی كچی منداڵکار بەشوو دەدەن، عەرەبن و هیچ گوێ بە مافی كچەکەیان نادەن، تەنانەت ئەو پیاوەی مارەی دەكات، ئازاری زۆری دەدات و بە لێدان و سووكایەتیكردن ژیانی لەگەڵ دەباتە سەر.
ئافرەتێكی توركمان بە ناوی (ب.ح)، ئاشكرای دەكات، كە دوو كچی خۆی لە تەمەنی ١٣ ساڵاندا بەشوو داوە، ئەو دوو پیاوەشی مارەشیانی كردووە، عەرەبن و تەمەنیان سەرووی ٥٠ ساڵانە.
ئەو ئافرەتە، باس لە نەبوونی و نەدار و بێکەسیی خۆی دەكات؛ نە ماڵی هەیە و نە خانوو، بۆیە نەیویستووە ئەو دوو كچەی لەگەڵ ئەودا لە ژیانی كولەمەرگیدا بژین.
بەڵام پەشیمانە لەو كارەی، چونكە هەواڵی بۆ هاتووە، كچەكانی زۆر سووكایەتییان پێ دەكرێت و بە هیچ شێوەیەك وەكو مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت.
داود عەلی، وەكو پزیشكێك پێی وایە، لەڕووی زانستییەوە ناكرێت كچی تەمەن ١٢ بۆ ١٥ ساڵان بەشوو بدرێت، چونكە مەترسی زۆر لەسەر ژیانی دروست دەبێت.
ئەو نموونە بەوە دەهێنێتەوە، كە هەر لە كاتی منداڵبووندا ژیانیان ناکەوێتە بەر مەترسی، بەڵكو لە كاتی چووتبوونیشدا مەترسی خوێنبەربوونیان هەیە، چونكە منداڵن و بەرگەی سەرجێیی ناگرن، بۆیە پێوستە یاسا رۆڵی خۆی ببینێت و رێگە لەو دیاردەیە بگرێت.
بەگوێرەی گوتەی رەنجە باقی، بەر لە ١٦ی ئۆكتۆبەر ئەو دیاردەیە لە كەركووك زۆر كەم بووە و لە دادگاش بە زەحمەت مارەی كچی بچووكیان دەكرد، بەڵام دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ كەركووك، ئەو دیاردەیە تەشەنەی كردووە، چونكە لای شیعە زۆر ئاساییە كچی تەمەن ١٢ساڵان بەشوو بدرێت و ترسەكەش ئەوەندە گەورەیە، ئەگەر رێی لێ نەگیرێت، ئیدی دەبێتە دیاردە و شیرازەی كۆمەڵگا تێك دەچێت.

ھەواڵی زیاتر