لە کەرکووکدا هێنانی ژنی دووەم کراوەتە بابەتێکی یاسایی

لە یاسای باری کەسی هەرێمی کوردستاندا، هاوسەرگیری دووەم قەدەغەیە، تەنیا چەند هۆکارێک نەبێت کە دیاری کراوە، بۆیە پیاوان روو لە شاری کەرکووک دەکەن و لەوێ بە رێگەی یاسایی هاوسەری دووەم مارە دەکەن.

لە کەرکووک، لە دادگا دەتوانیت هاوسەری دووەم مارە بکەیت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی دەستگیر دەکرێیت، لە هەمان کاتدا ٣ملیۆن دیناریشت پێ دەژمێرن. بەڵام ئەم سزایە نەبووەتە رێگر لە بەردەم ئەو پیاوانەی تامەزرۆی هاوسەری دووەمن، بەڵکو دەچنە کەرکووک و لەوێ بەبێ هیچ رێگرییەک مارەی ژنی دووەم دەبڕن.
پیاوێکی تەمەن ٦٧ ساڵان، بە ناوی (عەلی داود)، لە شاری هەولێر دەژیت، بەڵام بۆ هێنانی ژنی دووەم چووەتە کەرکووک و لەوێ لە دادگا مارەی کردووە.
داود دەڵێت: ”ئەو ژنەی هێناومە تەمەنی ٦٠ ساڵێک دەبێت، بەڵام رازی نەبوو تەنیا لەرێگەی شەرعییەوە مارەی ببڕم، داوای کرد لە دادگا مارەی بکەم، بە هۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هێنانی ژنی دووەم قەدەغەیە، بۆیە رووم لە کەرکووک کرد و ژنی دووەمم لەوێ مارە کرد.“
لە کەرکووکیشدا، بەشێک لە دادوەرەکان مارەی ژنی دووەمیان نەدەکرد، بەڵام بەشێکی زۆری پارێزەرەکان تانەیان لەو بڕیارە دا و لە دادگای تێهەڵچوونەوەی عێراقدا داوای یاسایییان لەو دادوەرانەی کەرکووک تۆمار کرد.
بەگوێرەی گوتەی نادیە جەلیل، کە پارێزەرە، دادگای تێهەڵچوونەوەی عێراق، دادوەرەکانی ناچار کردووە کە مارەی ژنی دووەم ببڕن بەبێ هیچ کێشەیەک، بۆیە ئێستا ئەو دیاردەیە یەکجار زۆرە.
لە مادەی ٢ی بڕگەی ٥ی یاسای باری کەسی عێراقیدا هاتووە، کە ئەگەر پیاو یان ژن، داوا بۆ دادگا بەرز بکاتەوە و بڵێت ئێمە لەرێگەی شەرعەوە مارەبڕاوین و دەمانەوێت بە یاساش مارەبڕینەکە رێکبخرێت، ئەوکات ٢ شایەد ئامادە دەکەن و گرێبەستی هاوسەرگیریان بۆ دەکەن، جا ژنی دووەم یان سێیەم و یان چوارەمی بێت ئاساییە.
ماردین ناوێک لە سلێمانی، کە حەزی نەکرد ناوی تەواو و شوێنی کارکردنی بزانرێت، دەڵێت هاوسەرەکەم ژنی دووەمی بەسەر هێناوم، بەڵام هیچم پێناکرێت، چونکە چووەتە کەرکووک مارەی کردووە.
ئەو دەڵێت: ”لە هەرێمی کوردستان یاسا رێگرە تا پیاو ژنی دووەم بهێنێت، بەڵام دەچنە کەرکووک، یان مووسڵ و هەر شارێکی تری عێراق و لەوێ هیچ کێشەیان نییە. ناتوانم داوای یاسایی لەسەر هاوسەرەکەم تۆمار بکەم، چونکە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا ژنی دووەمی مارە نەبڕیوە“.
عەلی داود، پێی وایە نابێت رێگری لە پیاو بکرێت بۆ هێنانی ژنی دووەم، چونکە جاری وا هەیە پێویستە ژنی دووەم بهێنرێت. بەڵام کاتێک لێمان پرسی هاوسەری تۆ هیچ کێشەیەکی تەندروستیی هەیە؟ یان منداڵی نابێت؟ عەلی دەڵێت هاوسەرەکەم هیچ کێشەی نییە و خاوەنی شەش منداڵیشن، بەڵام هەر بۆ هەوەسی خۆی حەزی لە ژنی دووەم بووە.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە، لە کەرکووک دیاردەی بەشوودانی کچی تەمەن ١٥ ساڵان زۆر بووە، ئەمەش وای کردووە رێژەی جیابوونەوە زۆر بێت.
بە گوێرەی گوتەی نادیە، ئافرەت هەبووە لە ١٥ ساڵاندا شووی کردووە، بەڵام دوای ٥ ساڵ هاتووە بۆ دادگا تا مارەی ببڕن و وەکو سەر بە هەوێش شووی کردووە، ئەم دیاردەیە یەکجار زۆر بووە.
رێکخراوی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانن لەو دیاردەیە و پێیان وایە دەبێت حکوومەتی هەرێم سنوور بۆ ئەو کەسانە دابنێت کە لە دەرەوەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان ژنی دووەم دەهێنن و دەڵێن پێویستە سزای فیزیکی و مادی بدرێن.

ھەواڵی زیاتر