خۆکوژی دیاردە باوەکەی جیهان

خۆکوژی یان خۆکوشتن، هەروەک لە ئەنسکلۆپیدیا پێناسە کراوە دەڵێت: بریتییە لەو کردەیەی کەسێک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەھێنێت و بە ئەنقەست دەبێتە ھۆی مەرگی خۆی. خۆکوشتن زۆرجار لە دوای ھیوابڕان ڕوودەدات؛ حاڵەتێکی وا کە زۆرجار دەگەڕێتەوە سەر لەگەڵ نەخۆشیی دەروونی، خەمۆکی، خواردنەوەی ئارەق و ھتد…

حاڵەتەكانی خۆكوشتن لە ‌زۆربەی كۆمەڵگاكان (پێشكەوتوو و دواكەوتوو) بە ‌ڕێژە و جۆری جیاواز و لە كۆمەڵگای جیاواز دەبینرێ؛ بە پێی تازەترین ئاماری تاوان لە جیهان، ڕێژەی خۆكوشتن لە سەرتانسەری جیهان ڕووەو زیادبوون چووە، زۆرێك لە توێژەرەوە كۆمەڵایەتی و دەروونی و چالاكانی بواری مافی مرۆڤ پێیان وایە ئەم زیادبوونە دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزیی ژیان و زۆریی پێداویستییەكانی؛ هەروەك بڵاوبوونەوەی تەكنەلۆجیا و زیادبوونی ململانێ و گرفت وتەنگژەكانی پەیوەست بە گەشەكردنی ژیدیارانی مرۆڤایەتی.
بەپێی راپۆرتێکی WHO ساڵانە زیاتر لە ٧٠٠هەزار مرۆڤ کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٩ ساڵاندایە.
ئەو وڵاتانەی کە ئاماری خۆکوژییان لێ زۆرە؛ بە ریز:
1-گۆیانا
2-کۆریای باکوور
3-کۆریای باشوور
4-سریلانکا
5-لیتوانیا
6-سۆرینام
7-مۆزەمبیق
8-تەنزانیا
9-نیپاڵ
10-کازاخستان
بەپێی ئامارێك كە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویكردۆتەوە: لەوەتەی ساڵی 2016وە رێژەی خۆكوشتن زیادیكردوە بۆ 10% واتە ئەمساڵیش ساڵانە لەزیادبوونە.
خالید محەنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندوە: كەحاڵەتەكانی خۆكوشتن لەساڵی 2021دا گەیشتووەتە 772 حاڵەت و زۆرترین رێژەیە كەدەگاتە نزیكەی 100 حاڵەت بەرامبەر بەساڵی رابردوو، كەتێیدا 663 حاڵەت بووە.
محەنا ئاماژەی بەوەكردوە: حاڵەتەكانی خۆكوشتن لەماوەی ساڵی 2016دا بەرەو زیادبوون رۆیشتووە و ئامارەكان زیاتر دەبن.
بەپێی ئامارەكەی وەزارەتی ناوخۆ، حاڵەتەكانی خۆكوشتن لەنێو چینی تەمەن 20 ساڵان بەرەوخوار، كە رێژەكەی دەگاتە 36.6% ولەتەمەنی 20 ساڵ تا 30 ساڵ دەگاتە 32.2%.
هەروەها رێژەی خۆكوشتن لەنێو رەگەزی نێرینە زیاترە بەرێژەی 55.9% تۆماركراوە، و لەنێو رەگەزی مێیینەش رێژەكە دەگاتە 44.8%.
محەنا ئاشكرایكردوە: ئەگەرەكانی خۆكوشتن زۆرن، وەك فشاری دەروونی و هەژاری و خراپی دۆخی ئابووری و بێكاری و شكستهێنان لەخوێندن.

هۆکارەکانی خۆکوشتن:
1- ھۆکاری دەروونی: نەخۆشینی دەروونی، نەخۆشیەکی باوە، زۆرجار نەخۆش یاخود کەسی ساغ هۆشی لە دەوری خۆی نامێنێ، بەرگەی پاڵەپەستۆی ژیان ناگرێ. ئەو کەسانەی پەنا دەبەنە بەر خۆکوژی، گرفتی دەروونییان هەیە وا هەست دەکەن نەبوونیان لە ژیان باشترە.
2- ھۆکاری کۆمەڵایەتی: کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی لە کۆمەڵگە دەگمەنانەیە لە جیهان کە پەیوەندی کۆمەڵایەتی زۆر بە زەقی بەدی دەکرێت. ئەڵبەت بەھۆی ئەو کارلێک و کردەیەی کە لە نێوان مرۆڤەکان ھەیە، پەیوەستی یەک دەبن، نەمانی ئەو پەیوەندیانە و لێکترازانی خێزان و نەمانی پەیوەندییە ڕۆحییەکان لە نێوانیان ھۆکارێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ ھەست بە نامۆبوون بکات و گۆشەگیر بێت.
3- ھۆکاری ئابووری: بە یەکێک لە ھۆکارەکانی خۆکوشتن دادەنرێت وەک (ھەژاری و نەبوونی و برسییەتی)، ھەندێک جاریش بەھۆی کەڵەکەبوونی قەرز و پارەی کەسانی دیکە، وا لە کەسی قەرزدار پەنا بباتە بەر خۆکوشتن.
4- نەخۆشییە درێژخایەنەکان: بەھۆی توشبوون بە نەخۆشیی درێژخایەن و نەبوونی چارەسەر، وا لە مرۆڤ دەکات کە بۆ ڕزگاربوون لەو ئازار و خەم و خەفەتەی ھەیەتی پەنا بۆ خۆکوشتن بەرێت.
5- دڵتەنگی بەهۆی لەدەستدانی خۆشەویست: کاتێک کەسێک خۆشەویستێکی لە دەستدەدات، توشی بێ ئومێدی و دڵتوندییەکی زۆر دەبێت، ئەمەش بەرە و بێهیوابوونی دەبات و جاری وا هەیە دەگاتە ئەو ئاستەی هیوای بە ژیان نامێنێت.

چۆن رێی لێبگیرێت:
ئەم هۆکارانەی سەرەوە وادەکەن کە مرۆڤەکان پەنا ببەنە بەر خۆکوشتن بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە ڕزگاریان بێت. نەخۆش لە سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانی پێویستە چارەسەر بکرێت و سەردانی دکتۆری پێبکرێت. لە هەموو جیهان سەردانیکردنی دکتۆری دەروونی زۆر ئاساییە و کەسە ساغ و سەلیمەکانیش بۆ هێورکردنەوەی دڵ و دەرونیان، بۆ کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی سەر ژیانیان و قەرەباڵغی دنیا پەنا دەبەنە بەر دکتۆری دەروونی و زۆر جار مانگانە سەردانی دەکەن ئەگەر زیاتر نەبێ. بەڵام بە داخەوە ئەوە لە کۆمەڵگەی ئێمە عەیبەیە، دەبێت ئەو دیاردەیە نەمینێت و ببێتە شتێکی ئاسایی، چۆن کاتێک نەخۆش بی، سەردانی دکتۆر دەکەیت، ددان ژان بکات دەچیتتە لای پزیشکی ددان، دەبێت هەمان شت هەرکاتێک هەستت کرد دەروونت نەخۆشە بچیتە لای دکتۆری دەروونی تا نەگەیەتە ئاستی لەدەستدانی کۆنترۆڵی مێشکت.

ھەواڵی زیاتر