بیرکرندنەوە لە ڕەنگی سپی

ئایا ڕەنگەکان کاریگەرییان لەسەر ئێمە هەیە؟ چۆن بیر لە ڕەنگەکان دەکەینەوە؟ ئایا کاتێک ڕەنگی ڕەش دەبینین بۆچی دەستبەجێ هەستێکی خەمناک دامان دەگرێت و کاتێکیش ڕەنگی سپی دەبینین هەستی ئارامی و دڵگەشی تیاماندا سەر هەڵدەدات؟ بێگومان بیرکردنەوە لە ڕەنگەکان و بڕیاردانی مرۆڤ لەسەر ڕەنگەکان بەشێکی زۆر پەیوەندی بە کولتوور و کۆمەڵگەوە هەیە و بەشێکی دیکەشی بینینی دەروونی ئێمەیە بۆ ئەو ڕەنگانە، یان دورستتر بڵێم ئەوە پێشزەمینە کولتووریی کۆمەڵگەکەی ئێمەیە ئەو ڕوانینانەی لەسەر ئەو ڕەنگانە لا چەسپاندووین و تاڕادەیەکیش دەستکاریکردنی ئەو ڕوانینانە سەختە.

لەم رۆژانەی ڕابردوودا کورتە رۆمانێکی نووسەری کۆریای باشوور “هانک کانگ”م خوێندەوە بەناونیشانی “کتێبی سپی”، لە وەرگێڕانی: سابیر شاکر مەلول و ستار محەمەد قادر و ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند لە دوتوێی 129 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ڕۆمانەکە هەر لە ناونیشانەکەیەوە دیارە کە بەرەو لای ڕەنگی سپی پەلکێشمان دەکات. بەڵام سپێتییەک جیاواز لەو ڕوانینە باوەی کە ئێمە بۆ ڕەنگی سپی هەمانە و بە ڕەنگی ئاشتی دەیبینین، یان ڕەنگی ئارامی و ئاسوودەییەی لە ڕوانینماندا چەسپیوە.
دەستپێکی رۆمانەکە بەم شێوەیەیە: “لەبەهاردا کاتێک بڕیارمدا دەربارەی شتە سپییەکان بنووسم، یەکەم شتێک کەکردم نووسینی لیستێک بوو:
قوماتکێک/ جلی کۆرپەیەکی ساوا/ دەنکێ خوێ/ سەهۆڵ/ بەفر/ مانگ/ درەختێکی مەنگۆلیا/ برنج/ شەپۆلی دەریا/ مەلێکی سپی/ پێکەنینی سپی/ پەڕەیەکی سپی/ قژێکی سپی و کفنێک”
ئەوەی نووسەر لەم دەستپێکەوە نووسیویەتی کردنەوەی دەرگایەکی بەرفراوانە لەسەر ئەم ڕەنگە، چونکە ڕەنگەکە جارێک دەبێتە ڕەنگی مەرگ، کە لە شێوەی کفنێکدا خۆی دەبینێت. جارێکی دیکە دەبێتە ڕەنگی ژیان کە دەچێتە بەرگی منداڵێکی ساوا. جارێکی دیکە تامێک دەبەخشێتە ژیان و بەبێ ئەوەی ژیان هیچ تامێکی نابێت. جارێکی دیکە دەبێتە هۆی فێنککردنەوە دڵ و دەروونمان و لە شێوەی سەهۆڵدا دێتەوە بەردەستمان، یان ڕۆڵی هەیە لەوەی کە کەرەستەکانمان لە فەوتان و تێکچوون بپارێزێت. جارێکیش دەبێتە هێمایەک بۆ یەکسانی و خۆشەویستی و پاکی و پاکبوونەوە و عەشق. ئەمانە و چەندین لێکدانەوەی تر تەنها لەو لیستەدا دەبینینەوە کە نووسەر لە دەسپێکی ئەم رۆمانەدا خستوونیەتییەڕوو، هەر لەم دەستپێکەوە نووسەرەوە دەتوانین گەلێک تەفسیری دیکە بۆ ئەم ڕەنگە بخوێنینەوە و نووسەر بواری ئەوەی بۆ خوێنەر ڕەخساندووە بیر لە سپێتی بکاتەوە.
ڕەنگە زۆرجار مرۆڤەکان بیر لە ڕەنگەکان بکەنەوە، بەڵام کەمترین جاری دەرفەتی ئەوە هەبووە بیر لە ڕەنگی سپی بکەنەوە، ڕەنگە زۆرجار وەکو ڕەنگێکی سارد و مردوو بینرا بێت، یان ڕەنگێک لە دەرەوەی ژیان، یان لە پەراوێزدا. بەڵام ئەم رۆمانە پێماندەڵێت هاوکێشەکە بەو شێوەیە نییە، بیرکردنەوە لە ڕەنگی سپی، بیرکردنەوە هەم لە ژیان و هەم لە مەرگیش. هەم لە ژیانەوە و هەم لە بەردەوامی، هەم پاکی و هەم هەوڵدان بۆ ڕەنگکردنی ژیان بەو ڕەنگانەی خۆمان دەمانەوە. مرۆڤ لەم رۆمانەوە تێدەگات کە دەشێ ژیان لاپەڕەیەکی سپی بێت ئەوە ئێمە بەدەستی خۆمان چ تابلۆیەکی لەسەر دەنەخشێنین، ئەو تابلۆیە تابلۆی ئازار و نائارامی و ستەمە، یان تابلۆی ئاسوودەیی و نزیکبوونەوەیە لە بەختەوەریی و هێمنی. مرۆڤ خۆی ڕەنگی ژیانی هەڵدەبژێرێت و ژیان وەکو بۆردە سپییە وایە، کە لەبەردەمی نیگارکێشێکدایە و ئیدی ئێمە نیگارکێشەکەین و بەدەستی خۆمانە چ وێنەیەکی لەسەر دەکێشین. لێرەدا ئیدی بواری خوێندنەوەی کتێبەکە بۆ خوێنەر بەجێدێڵم، بۆ ئەوەی خوێنەر خۆی لەگەڵ ئەم کتێبە و ڕەنگی سپیدا گەشتی خۆی دەست پێ بکات.
دەستخۆشی بۆ هەردوو وەرگێری ئەزیزی شاری کەرکوک، کە وایان کرد لە ڕێی ئەم رۆمانەوە بیر لە ڕەنگی سپی بکەینەوە.

ھەواڵی زیاتر