ژمارەی دانیشتوانی جیهان رۆژ لە دوای رۆژ و بەردەوام لە هەڵکشاندایە و لەگەڵ ئەم زیادبوونەشدا پێداویسیەکانی تاک بە شێوەیەکی هاوتەریب زیادی کردووە، گرنگی ئەو بابەتەش وای لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، (١١)ی تەمووز وەك رۆژی جیهانی دانیشتوان دیاری بكات. رۆژەكە لەساڵی (١٩٨٩)وە دەستنیشانكراوە، هۆكاری دیاریكردنی (١١)ى تەمووزیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەو رۆژەدا و لە ساڵی (١٩٨٧)دا ژمارەی دانیشتوانی جیهان (٥) ملیاری كەسی تێپەڕاند.
بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢١دا ٧٤ملیۆن کەس زیادی کردووە بەمەش ژمارەی دانیشتوان لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتوەتە ٧.٨ ملیار کەس.
لەو ڕێژەیەش، چین بە ملیارێک و ٤٣٩ملیۆن و ٣٢٣هەزار کەس، لە پلەی یەکەمدایە لە زۆری ژمارەی دانیشتواندا، هیندستان لە ڕیزی دووەمدایە و ژمارەی دانیشتوانەکەی ملیارێک و ٣٨٠ملیۆن و ٤هەزار کەسە، ئەمریکاش بە ٣٣٢.٤ملیۆن کەس، لە ڕیزی سێیەمدایە.
بەپێی ئامارەکان لە هەر خولەکێکدا ٢٥٠ منداڵ لە جیهاندا لەدایک دەبن ئەمەش دەکاتە ١٣٠ملیۆن منداڵ لە ساڵێکدا. هەر بەپێی ئامارەكە ئەو دانیشتوانەی تەمەنیان هەتا ١٤ ساڵانە، ٢٥.٣%ی كۆی دانیشتووانی جیهان پێك دەهێنن، ١٥ بۆ ٦٤ ساڵ ڕێژەكەی ٦٥.١%ــە، كە زۆرترینە، لە تەمەنی ٦٥ ساڵانیش بەرەوسەر ڕێژەكەی ٩.٦%ــی دانیشتوانی جیهان پێك دەهێنن.
لە سەدەی بیستویەکدا ڕێژەی مردنی بێپێشینە لە جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە بەهۆی باشبوونی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان و کە ئەمەش بووەتە هۆی گەشەسەندنی خێرای ژمارەی دانیشتوان و بەرزبونەوەی ناوەندی تەمەن لە ٣٠ ساڵانەوە بۆ ٧٠ ساڵان.
پێشبینی دەكرێت بۆ ساڵی (٢٠٣٠) ژمارەی دانیشتوانی جیهان ٨.٥ملیار کەس تێپەڕێنێت و لە (٢٠٥٠) بگاتە ٩ملیار و نیو، تا ساڵی (٢١٠٠)یش یانزەملیار كەس تێپەڕێنێت، ئەوەش پێمان دەڵێت ژمارەكان لە زیادبوونێكی بەردەوام و خێرادایە.
ئەو زیادبونە لە ڕێژەی دانیشتواندا دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشە و گرفتەكان لەگەڵیدا بەتایبەت لە وڵاتە دواكەوتووەكان كە ڕێژەی برسێتی لە بەرزبوونەوەدایە و بەشێكی دانیشتوان خۆراكی پێویستیان دەست ناكەوێت، هەروەها كێشەی كەمئاوی و نەبوونی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەو زیاد بونە كێشەی ژینگەی بۆ زەوی دروست دەكات بەو پێیەی تا ژمارەی دانیشتوان زیاتر بێت رێژەی بەكارهێنانی چەندین ماددە زیان بەخشەكان بۆ ژینگە زیاتر دەبێت و ژمارەیەكی زیاتر لە كارگە و ئۆتۆمبیل و سووتەمەنی بەكار دەبەن كە ئەمانەش بە زیانی ژینگە دەشكێنەوە، لەگەڵ چەندین كێشە و گرفتی دیكە كار لەسەر دانیشتوانی جیهان دروست دەكات.
هاوکات وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتووانی لە ساڵی ٢٠٢١ ئاشکرا کرد و بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتەکە ژمارەکە ٤١ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و رەگەزی مێ رێژەی ٤١٪ی کۆی ژمارەی دانیشتوانی عێراق پێک دەهێنێت. سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانیش دەڵێت سەرقاڵی ئامادەکردنی خەمڵاندنێکین بۆ ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.
لە ئامارەکاندا هاتووە کە ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ گەیشتووەتە ٤١ملیۆن و ١٩٠هەزار و ٦٥٨ کەس، لەو ژمارەیە ٢٠ملیۆن و ٨١٠هەزار و ٤٧٩ کەسیان نێرینەن، کە دەکاتە ٥١٪ی کۆی ژمارەی دانیشتوان و ٢٠ملیۆن و ٣٨٠هەزار و ١٧٩ کەسیش لە رەگەزی مێ.
وەزارەتەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ٢٨ملیۆن و ٧٧٩هەزار و ٢٠١ کەس لەعێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا لە شارەکان ژیاون، کە رێژەی ٦٩.٩٪ی کۆی ژمارەی دانیشتووانی عێراق دەکات، هەروەها ١٢ملیۆن و ٤١١هەزار و ٤٥٧ کەسیش لە گوندەکاندا دەژین، کە دەکاتە ٣٠.١٪ی ژمارەی دانیشتوان.
هەروەها ئەوەش خراواتە ڕوو ک شاری بەغدا زۆرترین ژماەی دانیشتوان لەخۆ دەگرێت کە ٧.٨ملیۆن کەسە و %٢١ی کۆی ژمارەی دانیشتوانی عێراق پێک دەهێنێت.