مێژووی بۆن

و – محمد لادێ – هه‌‌ولێر

پیشەسازی بۆن مێژویەکی دێرینی هەیە و مرۆڤ هەر لە کۆنەوە هەوڵیداوە لە رێگەی بەکارهێنانی بۆنەوە گرنگی بە خۆی بدات.

لە سەردەمانی کۆندا مرۆڤ لەرێگەی بۆنکردنی گوڵ و گژوگیاوە بۆنەکانی ناسیوە و سەرەتا لەڕێگەی گوشینی گوڵ و تێکەڵکردنی لەگەڵ ئاودا یاخود سووتاندنی گوڵ و گژوگیا سروشتیەکانەوە لە بۆنە ئایینیەکاندا سودی لە بۆنەکان وەرگرتووە.
لە شارستانیەتی کۆندا مێژوی دروستبوونی یەکەم بۆن دەگەڕێتەوە بۆ شاری قوبرس بەو پێیەی کە کۆنترین بۆن لەو شارەدا دۆزراوەتەوە و مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ ٤٠٠ ساڵ پێش زایین هەروەها لە هەمان شاردا پارچە زەوییەک دۆزراوەتەوە بە روبەری ٤٠٠ مەتر دووجا کە بەکارهێنراوە بۆ دروستکردنی بۆن.
لەلای هۆزە عەرەبییەکانیش وا پێ دەچێت کە کۆنتریین جۆری بۆن گوڵاو بووە کە لە گوڵی یاسەمین و وەنەوشەو گوڵی لیمۆ و دروست دەکران.
شارەزاترین زانا لە بواری بۆندا (ئیبن سینا) بووە کە کە ڕێگەیەکی دۆزیەوە بۆ دەرهێنانی بۆن لە گوڵ کە بە ڕێگەی دڵۆپاندن ناسراوە. هەروەها زانا (کیندیش) بەناوبانگە لە بواری دروستکردنی بۆندا کە کتێبێکی بە ناونیشانی (کیمیای بۆن ) داناوە لیستێکی تێدایە بۆ دروستکردنی بۆن و لە زۆربەیاندا میسک و عەنبەری بەکارهێناوە.
لە جیهاندا سەرەتا بەکارهێنانی بۆن تەنها بۆ چینی خانەدانەکان بوو بەڵام دوای شۆرشی پیشەسازی گەورە، بەکارهێنانی بۆن بڵاو بووەوە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.
بازرگانیکردن بە بۆنەوە لە جیهاندا ساڵ بە ساڵ لە فراوانبوندایە بە جۆرێک لە ئیستادا بازرگانی بۆن لە جیهاندا بڕی ٢٦٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. لە بەناوبانگترین ئەوڵاتانای کە بۆن هەناردەی جیهان دەکەن بریتین لە وڵاتانی وەک فەرەنسا بە رێژەی %٢٩ و ئەڵمانیا بەرێژەی %١٢ و ئەمریکا%١٠ و ئیسپانیا %٩ و وڵاتی ئیتاڵیا %٦ و بەریتانیا %٥ و هۆڵەنداش کە بە پایتەختی گوڵ ناسراوە %٣.
تەنانەت وڵاتێکی وەکو ئیماراتیش کە تەنها ماوەی دوو ساڵە گرنگی بە پیشەسازی بۆن دەدات بازرگانیەکەی گەیاندووەتە ٢.٦ ملیار دۆلار.
هاوکات هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی کەشێکی مامناوەندی هەیە کە کەشێکی لەبارە بۆ چاندن و بەرهامهێنانی جۆرە جیاوازەکانی گوڵ بۆ مەبەستی بنیادنانی ئەم جۆرە پیشەسازیە وە جگە لەمانە لە هەرێمی کوردستاندا جۆرەها گوڵی بۆنخۆش و جیاواز هەن لەوانە گوڵی نێرگز کە ٨٠٠ جۆری جیاوازی هەیە و گوڵەباخ کە ٨٣ جۆری جیاوازی هەیە بەتەنها بەکارهێنانی ئەم دوو گوڵە چەندین بۆنی باشی لێ دروست دەکرێت.
زۆرینەی نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر بێت و لە هەرێمی کوردستاندا ئەم پیشەسازییە پەرەی پێبدرێت، داهاتویەکی باشی لێ چاوەروان دەکرێت هەم بەهۆی لەباری کەشوهەواکەی و هەمیش بەهۆی زۆری ژمارەی بەکاربەرەکانی بۆن لە کوردستاندا، چونکە هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بڕی ٥٩ملیۆن دۆلار بۆن هاوردە دەکات.

ھەواڵی زیاتر