ھەژاری؛ هۆکارە گەورەکەی نەهامەتی رێژەکەی لە عێراق و هەرێمیشدا، کەم نییە

ژمارەی دانیشتووانی سەر گۆی زەوی ٧ملیارو٥٠٠ملیۆنیش زیاترە؛ دەڵێن بە لای کەمەوە، چارەکێکی ئەو خەڵکە هەژارن.

ملیارەھا کەس لە جیھاندا لە ھەژاری و نەھامەتیەکی تەواودا دەژین؛ ھەر دە کەس و، یەکێکیان لە ژێر ھێڵی ھەژاریەوەیە. بە گوێرەی داتای باوەڕپێکراو، ٦٨٩ملیۆن کەس لە جیهاندا، رۆژانە دووهەزار دیناری برێمەریان داهاتە! ٢ملیار کەسیش کە دەکاتە سەدا٢٦ـی خەڵکی دنیا، داھاتی ڕۆژانەیان لە ٥٠٠٠ دینار تێپەڕ ناکات.
بێگومان لەگەڵ سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم ڕێژەیە لە ھەڵکشاندایە و ھەژاری بە شێوەیەکی بەربڵاوتر ھەڕەشە لە دانیشتووانی جیھان دەکات.
رێکخراوە جیھانییەکەی کار، دەڵێ لەبەر کۆرۆنا، رێژەی ھەژاری لە جیھاندا پەرەی سەندووە و، ئەگەر هەروا بڕوات، لە چوارقوڕنەی دنیا، ھەژاری بەرۆکی ٣٥ملیۆن کرێکاری دیکەیش دەگرێت.
ھەروەھا لە قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا نزیکەی ملیارێک‌و٦٠٠ملیۆن قوتابی لە ١٦١ وڵاتی جیھان لە خوێندن دابڕاون کە ٨٠%ی تێکڕای قوتابیانی سەرتاسەری گۆی زەوی پێک دەھێنێت.
عێراقیش بێبەش نیە لەم دەردە کوشندەیە و بە گوێرەی داتاکان سەرەڕای ئەوەی عێراق وڵاتێکی بەنەوتە و داهاتێکی زۆری لە فرۆشی ئیەو سەرچاوە سروشتییەوە دەست دەکەوێت، بەڵام نەبووەتە هۆکارێک بۆ خۆشگوزەرانی و تەنانەت پێنجەکێکی دانیشتووانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئێستاکە ھەژاری ھەڕەشە لە چارەکێکی دانیشتوانی عێراق دەکات و تەواوی ئەو ڕێژەیە لە دانیشتوانی وڵاتەکە لە ژێر ھێڵی ھەژاریەوەن وە ھۆکارە سەرەکییەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی بەردەوام لە وڵاتەکەدا کە بووەتە ھۆی بێباوککەوتنی زیاتر لە ٥ملیۆن منداڵ بەو ھۆیەشەوە نزیکەی ٤ ملیۆن خێزان منداڵیان لە خوێندن دابڕاون بۆ پەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەیان. ھەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە نزیکەی ٤٥ھەزار منداڵ بە ھۆی ئەوەی باوکیان ئەندامی گروپی چەکداری داعشە ھیچ ناسنامەیەکیان نییە.
ھاوکات لە دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق تایبەت بە ھەژاری دەركەوتووە، نزیكەی 10ملیۆن عێراقی لەژێر ھێڵی ھەژاریدا دەژین؛ رادەی ھەژارییەکەیش بە پێی پێوەری رادەی داهات و رادەی دەستگەیشتن بە پێداویستیەکانی تەندروستی و جێگاوڕێگا و، پەروەردە و، خۆراک.
لە سەرەتای ئەمساڵدا عەبدولزوھرە ھنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی داوە، ئەو دۆخەی كە عێراق ساڵانێكە پێیدا تێدەپەڕێت، بووەتە ھۆی ئەوەی كە ساڵی 2019 رێژەی ھەژاری بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە و بگاتە 20%، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنادا و قووڵتربوونەوەی قەیرانی دارایی لە ئەنجامی داكەوتنی نرخی نەوت، ھەژاری ئەوەندەی دی زیادی کردووە.
بە پێی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی ھەرێم ڕێژەی ھەژاری لە پارێزگاکانی ھەرێم کەمترە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق. ئەڵبەت بەرزترین رێژەش لە عێراق لە پارێزگای مسەننایە و نزمترین ڕێژەش لە پارێزگای سلێمانیدا تۆمار کراوە.
ئامارەکە ڕێژەیەکی مەترسیداری ھەژاریی تێدا خراوەتە روو بە تایبەت لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق بە جۆرێک کە پارێزگای مسەننا بەزرترین ڕێژەی تێدا تۆمار کراوە واتە سەدا٥٢.٥؛ پارێزگای میسان ٪‏٤٢.٣ و دیوانیە سەدا٤٤ و ناسریە سەدا٤١ و نەینەوایش سەدا٣٤.٥.
ئەوە لە كاتێكدایە رێكخراوە نێودەوڵەتییەکەی شەفافیەتی ئەوەی خستووەتە ڕوو، لە لیستی ئەو وڵاتانەی كە زۆرترین گەندەڵی تێدا دەكرێت لە جیھاندا، عێراق لە پلەی دوانزەهەمیندا دێت و بە گوێرەی خەمڵاندنە فەرمییەكانیش، لە ماوەی 16 ساڵی رابردوو بە ھۆی گەندەڵییەوە زیاتر لە 450ملیار دۆلار لە عێراق دیار نەماوە.

ھەواڵی زیاتر