پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە دەستپێشخەرییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا لەمەودا ئافرەتان دەتوانن لە ماوەی 3 چركەدا هانا بۆ پۆلیسی ڕاهێنراو ببەن

وەزارەتی ناوخۆ لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێوبەرایەتیی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنان و خێزان و سندووقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان ئەپلیكەیشنی (Safe You)یان لە هەرێمی كوردستانی عێراق بڵاو كردەوە.

ئەپلیكەیشنی (Safe You) یارمەتیی ژنان و كچان دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و پلاتفۆرمێك دابین دەكات كە ڕزگاربووان دەتوانن ئامۆژگاری دەربارەی خزمەتگوزارییەكان لەسەر توندوتیژیی جێندەری وەربگرن.
ئەپلیكەیشنی (Safe You) ئەو ژن و كچانەی كە مەترسی توندوتیژی و گێچەڵكردنیان لەسەرە پێكەوە لەگەڵ كەسانی شارەزا دەبەستێتەوە كە دەتوانن پشتگیری ڕزگاربووانی توندوتیژی جێندەری بكەن، هەروەها ئەپلیكەیشنەكە زانیاری دەربارەی مافەكانیان، تەندروستی و شارەزایی ژیان دابین دەكات.
ئەپلیكەیشنەكە دوگمەی یارمەتی هەیە، كە لە كاتی مەترسیدا بۆ ماوەی 3 چركە پەنجەی پێدا دەنرێت، شوێنی بەكارهێنەر دەنێرێت بۆ پۆلیسی ڕاهێنراو و هەروەها ئەو كەسانەی كە بەكارهێنەر متمانەی پێیەتی و دەستبەجێ داوای یارمەتی بكرێت. ئەم خزمەتەگوزارییە بێ بەرامبەرە و هەموو ئەو زانیاریانەی لە ڕێگەی ئەپلیكەیشنەكەوە وەرگیراوە بە نهێنی دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی تایبەتمەندی بەكارهێنەران.
لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سووربوونی حكوومەتی بۆ پاراستنی ژنان و كچانی كوردستان خستە ڕوو و وتی: “حكوومەتی هەرێمی كوردستان چاوپۆشی لە هیچ ئەنجامدەرێكی توندوتیژیی جێندەری ناكات، ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنێكی پەیوەندیداری هەرێم كاردەكەین بۆ ئەوەی كۆتایی بە هەموو شێوازەكانی توندوتیژی بهێنین. ئەپلیكەیشنی (Safe You) هەنگاوێك نزیكترمان دەكاتەوە لە بەدیهێنانی كۆمەڵگایەكی بێ توندوتیژی و تا گەیشتن بەم ئامانجە ناوەستین.”
نوێنەری سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان لە عێراق، دكتۆر ڕیتا كۆلۆمبیا وتی: “ئەپلیكەیشنی (Safe You) یارمەتی ژنان و كچان و خێزانەكانیان دەدات هەست بە ئارامیی بكەن و ئامرازێكی نوێیە بۆ پاراستنیان لە توندوتیژی. ئەپلیكەیشنەكە دەبەسترێتەوە بە هێڵی گەرمی 119 كە لە لایەن ستافی شارەزای بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان بەڕێوە دەبرێت.”
ئەحمەد عوسمان، جێگری سەرۆكی نوسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ئەپلكەیشنەكە ڕایگەیاند “نەهێشتنی توندوتیژیی جێندەری ھەردەم لە پێشینەی كارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بووە، هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان دەكەین بۆ دابینكردنی ڕێگەیەكی نوێ بۆ ڕاپۆرتكردنی توندوتیژی دژی ژنان لەڕێگەی ئەپلیكەیشنی (Safe You).”