لە خورماتوو مادەی هۆشبەر زیادی كردووە

حەشدی شەعبی هۆكاری سەرەكییە

لە خورماتوو، كڕین و فرۆشتن و بەكارهێنانی بەنگەمەنی یاخود مادەی هۆشبەر زۆر زیادی كردووە، ئەمەش كاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر هاووڵاتیان دروست كردووە، حەشدی شەعبی كە شارۆچكەكەی لەژێر دەستدایە، رێگەخۆشكەرە بۆ كڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر و هانی گەنجان دەدات تا بەكاری بهێنن، بەتایبەت لە قوتابخانەكاندا.

بەرپرسانی ئەو شارە نایشارنەوە، كە بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر و كڕین و فرۆشتنی لەناو قوتابخانەكاندا بوونی هەیە، بەڵام رێگریكردن لێی زۆر سستە و چاوپۆشی لێ دەكەن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو ئاشكرای دەكات، لە ماوەیەكی دیاریكراودا، توانیویانە ٢٥٠ كەس بە تۆمەتی ئەوەی بازرگانیان بەمادەی هۆشبەرەوە كردووە دەستگیر بكەن.
عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو، پێیوایە بە هۆی ئەوەی سنوورەكان كراوەن و چاودێری ورد نییە، بۆیە بەكارهێنان و بازرگانیكردن پێوەی زیادی كردووە.
ئەو بەرپرسەی پۆلیس ئاشكرای دەكات، ئەوان لیستێكیان لەلایە و ناوی ئەو كەسانەی تێدایە كە مادەی هۆشبەر بەكاردەهێنن، بۆیە بە بەرنامە و پلانی خۆیان دەیانەوێت دەستگیریان بكەن، بەڵام نایشارێتەوە كە گەندەڵی ئیداری شارەكە وای كردووە، بازرگانیكردن و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر زیاد بێت.
یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە مادەی هۆشبەر بێتە خورماتوو، ئەو سەیارانەی داخل دەبن، پشكنینیان بۆ ناكرێت، پۆلیس تەنیا لەسەر ئەوە كار دەكات، ئەگەر زانیارییان هەبێت كەسێك ئەو مادەیەی پێیە دەستگیری دەكەن، بۆیە مادەی هۆشبەر لەو رێگەیەوە دەهێنرێتە ناو خورماتوو.
جەژنی موراد، هاووڵاتییەكی دانیشتووی خورماتووە، دەڵێت مادەی هۆشبەر كاریگەری زۆر خراپی لەسەر كۆمەڵگە دروست كردووە.
ئەو دەڵێت: ”ئەوەی بووەتە كێشەیەكی گەورە و چارەسەركردنی بووەتە ئەستەم، ئێستا مادەی هۆشبەر لەناو قوتابخانەكاندا كڕین و فرۆشتنی پێ دەكرێت و چاوپۆشیشی لێ دەكرێت و كەس لێیان ناپرسێتەوە“.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتووەتە دەستمان، چەكدارانی حەشدی شەعبی، لە شارەكانی باشووری عێڕاقەوە مادەی هۆشبەر دەهێننە خورماتوو و لەوێ ساغی دەكەنەوە.
بەهۆی ئەوەی كەس ناتوانێت سەیارەی حەشدی شەعبی بپشكنێت، بۆیە ئەوانیش بەئاسانی ئەو مادەیە دەهێننە ناو خورماتوو و دەیدەنە خەڵك.
كەسێك كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات گوتی ”ئێمە بە چاوی خۆمان دەیبینین كە مادەی هۆشبەر لەلایەن حەشدەوە دەهێنرێتە خورماتوو، ئەو كەسانەشی لێیان دەكڕن و پاشان بە گەنجانی دەفرۆشنەوە، ناتوانن دەستگیر بكرێن، چونكە حەشدیان لەپشتە، بۆیە ئەو ژەهرە بەناو خەڵكدا بڵاوكراوەتەوە و بووەتە كێشەیەكی گەورە“.
لە هەندێك لە كافتریاكانی خورماتوو، مادەی هۆشەبەر دەخرێتە ناو نێرگەلەوە، ئەمەش بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو گەنجەی قسەی بۆ كردین و ناوەكەی پارێزراوە.
ئەو دەڵێت: ”بابەتی مادەی هۆشبەر بووەتە باسێكی گرنگی ناو خەڵك لە خورماتوو، بەتایبەت كاتێك لە كافتریاكاندا دەخرێتە ناو نێرگەلەوە و بارودۆخەكەی زۆر خراپتر كردووە. ئەوەی مایەی نیگەرانییە، وەكو پێویست لایەنی پەیوەندیدار رووبەڕووی ئەو دیاردەیە نەبووەتەوە.“

ھەواڵی زیاتر