چیرۆكی کوێخاژنێک لە ئامەد

تاكو ئێستا ٤٠ کیژووڵەی لە بەشوودرانی زۆرەملێ زرگار کردووە

کوێخاژنی گەڕەكێکی گەورەی شاری ئامەد، رێگە نادات هیچ كەسێك کچی منداڵکار بە شوو بدات. تاوەكو ئێستاش توانیویەتی چل کچی منداڵکار لە بەشوودان رزگار بكات، بەمەش ناوبانگی لە شارەكە و توركیا پەیدا كردووە.

لە ئامەد بەشوودانی کیژۆڵە باوە، كە لە دەرەوەی یاسا بە زۆر هاوسەرگیریی پێ دەكەن، بەڵام دیلەك دەمیر، موختاری گەڕەكی مرادیە لە ئامەد، كە گەڕەكێكی گەورەی ئەو شارەیە، بە جیدی كار بۆ نەهێشتنی بەشوودانی كچی منداڵکار دەكات.
لە ئامەد، هەركاتێك دیلەك بچێتە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان، خەڵك وێنەی لەگەڵدا دەگرێت و سوپاسی دەكەن كە بەو شێوەیە داكۆكی لە ئافرەت و بە تایبەت ئافرەتی منداڵ دەكات.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ”هەولێر“، دیلەك جگە لەوەی کوێخا (موختار)ە و بەباشی كاروبارەكان بەڕێ دەكات، لە هەمان كاتدا خێركەرێكی گەورەیشە.
كەسێك بە ناوی شاكر، منداڵە پێنج ساڵانەكەی دەهێنێتە لای دیلەك و پێی دەڵێت خاوەن پێداویستی تایبەتە و گوێی پێویستی بە نەشتەرگەرییە، بەڵام بە هۆی نەداری و هەژارییەوە هیچ بڕە پارەیەكی نییە چارەسەری بكات و داوای لە دیلەك كرد هاوكاری بكات.
دیلەك لە رێگەی ئەو سەرمایەدارانەی دەیانناسێت و پەیوەندی پێیانەوە هەیە، توانیی بەڵێن بە شاكر بدات كە پارەی پێویست بۆ كوڕەكەی پەیدا بكات تا نەشتەگەرییەكەی پێ بكات.
دیلەك وەكو ئەوەی خۆی باسی دەكات، لەوكاتەوەی بووەتە موختار، توانیویەتی ٤٠ كچی منداڵکار لە بەشوودرانی زۆرەملێ رزگار بكات.
چیرۆكی هاوسەرگیری خۆشی بە چاوی پڕ فرمێسكەوە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: ”منیش بووكێكی منداڵکار بووم، لە تەمەنی ١٤ ساڵاندا بەشوو درام و بە زۆر جلی بووكێنییان لەبەر كردم و بردمیانە بەردەم زاوا. ئەوكات هاوسەرەكەم تەمەنی ٢٧ ساڵان بوو، نەیشمبینیبوو، بەڵام باوكم بە زۆر گوتی دەبێت شووی پێ بكەیت“.
یەكێك لەو ٤٠ کچە منداڵکارەی دیلەك رزگاری كردوونە، لە لایەن باوكیەوە توندوتیژیی لێ كراوە، بۆیە دیلەك دەڵێت ئەوكاتەی بیر هێناوەتەوە كە باوكی ئەویش توندوتیژیی لێ كردووە، چونكە ئامادە نەبووە لەو تەمەنە بچووكەدا شوو بكات.
دیلەك دەڵێت: ”كاتێك بیستم ئەو منداڵە كچە توندوتیژیی لێ كراوە و بە دار لێی دەدرێت، رێك ئەوكاتەم لەلا زیندوو بووەوە كە تەمەنم ١٤ ساڵان بوو و بە شوو درام و هەمان شتم لێ كرا. كاتێك لە قوتابخانە گەڕامەوە، باوكم پێی گوتم ئێوارە میوانمان دێت، بۆیە دەبێت خۆت ئامادە بكەیت، چونكە بۆ داوای تۆ هاتوون. منیش تووشی شۆك بووم و بەرامبەر بە باوكم وەستامەوە و باوكیشم لێی دام و قاپی بەسەرمدا شكاند و بە دار لێی دام، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هەر كردمی بە بووكێكی بچووك. دایكیشم بەرامبەر بە باوكم وەستایەوە و بە هەمان شێوە ئەویشی داركاری كرد.“
بە هۆی ئەوەی دیلەك لە تەمەنی ١٥ ساڵاندا كوڕێكی بووە، نەیزانیوە چۆن بەخێوی بكات، كاتێك كوڕەكەی تای دەبێت و تایەكەی بەرز دەبێتەوە، بە هۆی نەشارەزایی كە نازانێت چی لێ بكات، بۆیە كوڕەكەی دەبێتە خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەقڵی لە دەست دەدات.
بۆیە دیلەك لەوكاتەوە بەڵێنی بە كوڕەكەی داوە، ئەگەر رۆژێك لە پۆستێكدا كاری كرد، رێگە نادات هیچ كەسێك ئافرەتی منداڵ بە شوو بدات و بیكاتە بووكی بچووك.
دیلەك چوار منداڵی بۆ خۆی بە تەنیا بەخێو كردووە، چونكە 17 ساڵە لە هاوسەرەكەی جیا بووەتەوە، بەڵام ئەو باوكەی بە زۆر و بە زەبری كوتەك دیلەكی بە منداڵی بەشوودا، كاتێك نەخۆش كەوت و كەوتە سەر جێگە و پیسایی بەخۆیدا دەكرد، دیلەك بەهانایەوە چووە و وەكوو منداڵەكانی باوكی بەخێو كردووە و ژێری پاك كردووە.
دیلەك لەبارەی باوكییەوە دەڵێت: ”باوكم بەر لەوەی بمرێت، رووی تێكردم و گوتی كچم ئەو ئازارەی ئێستا دەیچێژم، ئاهی ئەو زوڵمەیە كە لە تۆم كرد و بە زۆر بەشووم دای“.
ساڵی ٢٠١٤ دیلەك لەسەر داوای خەڵك و چواردەور و منداڵەكانی، خۆی كاندید كرد بۆ کوێخایەتی یاخود بوونەموختار، توانیشئ بە جیاوازی ١٦٠٠ دەنگەوە، کوێخایەتی لە پیاوە كاندیدەکانی کوێخایەتی بباتەوە.
گەڕەكی مرادییە، ژمارەی دانیشتوانەكەی یانزەهەزار كەسە و سێهەزار ئاوارەی سووریایشی لێیە. بە یەكێك لە گەڕەكە هەرە هەژارنشینەكانی ئامەد دادەنرێت.
هاووڵاتیانی ئەو گەڕەكە، دێنە لای دیلەك و باسی هەژاری و نەداری و بێكار و ئەو ژیانە كولەمەرگییە دەكەن كە تێیدان، دیلەكیش ئەوەی لە دەستی بێت دەیكات و دەڵێت: ”بوومەتە دایكی هەموو خەڵکی ئەم گەڕەكە، بۆیە هەرچیم لە دەست بێت بۆیانی دەكەم

ھەواڵی زیاتر