تیكتۆك و كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌کانی له‌سه‌ر منداڵ

دانا له‌تیف – هه‌ولێر

سۆشیال میدیا له‌ ئاستی دنیادا، كاریگه‌رییه‌كی به‌رفراوانی له‌سه‌ر كۆی كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌كرێ بڵێین هیچ پنتێكی دنیا نییه‌، كاریگه‌ریی سۆشیال میدیای به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بێت، كوردستانیش یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ كه‌م تا زۆر كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ریی سۆشیال میدیاوه‌، ته‌نانه‌ت ده‌كرێ بڵێین كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌ندێ كایه‌ی وه‌ك كایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ده‌روونییه‌كان و زیادبوونی هه‌ندێ جۆری تاوان هه‌یه‌، له‌م نووسینه‌دا به‌ وردی هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی شی ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌تایبه‌ت كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی تیكتۆك له‌سه‌ر كایه‌ی په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌روونیی ده‌خه‌ینه‌ ڕوو.

ئه‌پلیكه‌یشنی ڤیدیۆیی تیكتۆك یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌و ئه‌پڵیكه‌یشنانه‌ی كه‌ بۆته‌ جێی سه‌ره‌نجی خه‌ڵكانێكی یه‌كجار زۆر له‌ ئاستی دنیا و هاووڵاتیانی وڵاتی كوردستانیش له‌م جێ سه‌ره‌نجییه‌ به‌دوور نییه‌، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی یه‌ك ملیار به‌كارهێنه‌ری هه‌یه‌ و ده‌كرێ بڵێین تاكه‌ ئه‌پڵیكه‌یشتنه‌ كه‌ به‌م خێراییه‌ توانیویه‌تی ئه‌و هه‌موو به‌كارهێنه‌ره‌ له‌خۆی كۆ بكاته‌وه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ به‌ نزیكه‌ی ٧٨ زمان له‌ ئاستی دنیا به‌رده‌سته‌، ڕێگه‌ به‌ به‌كارهێنه‌رانی ته‌مه‌نی سیانزه‌ ساڵ به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌م ئه‌پڵیكه‌یشنه‌ به‌كاربهێنن، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر كاسایه‌تیی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 12 بۆ 18 ساڵیدایه‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و ته‌مه‌نه‌دان، هێشتا كاسایه‌تییه‌كی دیاریكراوییان نییه‌ و هه‌ر زۆر زوو ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی رۆژانه‌ به‌ری ده‌كه‌ون و ده‌یبنینن، له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌ له‌ وڵاتی كوردستان خه‌ڵكانی خوار ته‌مه‌نی سیانزه‌ ساڵانیش ئه‌و ئه‌پڵیكه‌یشنه‌ به‌كارده‌هێنن، چونكه‌ له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی ئه‌كاونته‌كه‌ هیچ داواكارییه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێناسنامه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌پڵۆد بكه‌یت كه‌ ته‌مه‌نی به‌كارهێنه‌ر دیاری بكات، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵناس و ده‌روونناس تێبینی ده‌كه‌ین، ده‌بینین زۆربه‌ی به‌كارهێنه‌رانی تیكتۆك كه‌سانی خوار ته‌مه‌نی سیانزه‌ ساڵانن، كه‌ هێشتا زۆر منداڵن، كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كوردستان ئێستا سه‌رقاڵی ڕووپێوێكی ئامارییه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ئاخۆ زۆرترین ئاستی ته‌مه‌نی كه‌ تیكیتۆك به‌كارده‌هێنن به‌ دیاریكراوی له‌ چ ته‌مه‌نێكدان.
ئه‌مڕۆژانه‌ دیارده‌ و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ كوردستان له‌ به‌رزترین لوتكه‌ی خۆیدایه‌، گه‌ر ڕێگری و به‌ربه‌ست له‌و ئامرازانه‌ی ده‌بنه‌هۆی زۆربوونی كیشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌دڵنیایییه‌وه‌ له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوو رێژه‌ی تاوان و كیشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت و هیچ كه‌س و لایه‌نێكیش ناتوانێ به‌ر به‌م كاره‌ساته‌ مرۆییه‌ بگرێت، به‌ تایبه‌ت له‌ كوردستان كه‌ %75ی قوتابخانه‌كانی كوردستان كه‌ زیاتر له‌ 5000 قوتابخانه‌یه‌ هه‌ر تویژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییان نییه‌، و دایك و باوكی كوردیش ئاستی هوشیارییه‌كه‌ی له‌ ڕووی مه‌ترسییه‌كانی به‌كارهێنانی تیكتۆك زۆر نییه‌، بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ساڵانی داهاتووی كوردستان له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌روونیی و په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ كاره‌ساتی گه‌وره‌ ده‌خولقێت و چاره‌سه‌ركردنیشی پێویستی به‌ وزه‌یه‌كی ده‌ هێنده‌ زیاتر له‌ ئێستا هه‌یه‌.
ته‌نانه‌ت له‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌مریكا ده‌ركه‌وتووه‌ نزیكه‌ی پێنج میلیۆن منداڵ له‌ خوار ته‌مه‌نی سیانزه‌ ساڵی تیكتۆك به‌كار ده‌هێنن، بۆیه‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌موو رێوشوێنێكی جدی گرتۆته‌ به‌ر و خه‌ریكی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌پڵیكه‌یشنه‌ هه‌ر قه‌ده‌غه‌ بكات یان كۆمپانیاكه‌ ناچار بكات كه‌ به‌كارهێنانی سنووردار بكات و ره‌چاوی باری ده‌روونی و كه‌سایه‌تیی ئه‌و منداڵانه‌ بكات. پێموایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پێویسته‌ به‌ زوویی سه‌نته‌رێكی تویژینه‌وه‌ دابمه‌زرێنێت و هۆكاره‌كانی ئه‌و هه‌موو كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌روونییانه‌ی له‌ كوردستان ڕووده‌ده‌ن بكۆڵێته‌وه‌ و رێوشوێنی توند و زانستییانه‌ بگرێته‌ به‌ر.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ئاماده‌ بكه‌م، قسه‌م له‌گه‌ڵ ده‌یان له‌و كه‌سانه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌پانه‌ به‌كارده‌هێنن، كه‌ سه‌ر به‌ چ تویژ و چینێكن و ئایا مۆبایلی خۆیان هه‌یه‌ یان له‌ ڕێگه‌ی مۆبایلی دایكوباوكییانه‌وه‌ خه‌ریكی ده‌بن، هه‌روه‌ها زانینی ئه‌و كاتژمێرانه‌ی به‌و ئه‌په‌وه‌ خه‌ریكن، بۆم ده‌ركه‌وتووه‌ ئاست و چین و تویژ و كاتژمێره‌كانی به‌كارهێنانییان جیاوازه‌.
ئه‌وه‌ی وه‌ك زانیاریی لای من تۆماره‌ نزیكه‌ی 750 هه‌زار كه‌س ئه‌و ئه‌په‌ به‌كارده‌هێنێت و زۆربه‌ی به‌كارهێنه‌رانیشی ده‌كه‌وێته‌ شاری هه‌ولێره‌وه‌، دواتر سلێمانی و دهۆك، به‌كارهێنه‌رانی ئه‌و ئه‌په‌ له‌ كوردستان له‌ منداڵی هه‌شت ساڵییه‌وه‌ هه‌یه‌ تا ده‌گاته‌ ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵی، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌كاری ده‌هێنن، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان هه‌شت ساڵان تا ٢٥ ساڵانن و هه‌ر هه‌موویان خاوەنی مۆبایلی خۆیانن و به‌كارهێنه‌رانی سه‌ر به‌ هه‌موو چین و توێژێكن، له‌ منداڵی ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ خه‌ڵكانی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت كه‌ به‌ هه‌زار حاڵ له‌م پێش كافتریا بۆ ئه‌و پیش كافتریا له‌ جووڵه‌دایه‌ تاكو خه‌ریكی ته‌ماشاكردنی ئه‌و ئه‌په‌ ببێت. ئه‌و كه‌سانه‌ی من پرسیارم لێیان كردووه‌ زۆربه‌یان رۆژانه‌ له‌ سێ كاتژمێر به‌سه‌ره‌وه‌ به‌كاریده‌هێنن.
مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م ئه‌په‌لیكه‌یشنه‌ له‌ كوردستان چییه‌؟ له‌ ڕاستیدا مه‌ترسییه‌كانی هه‌مه‌چه‌شنه‌، چونكه‌ هیچ چاودێرییه‌كی یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌روونیی تیا ڕه‌چاو ناكرێت، بۆیه‌شه‌ مه‌ترسییه‌كانی هه‌مه‌چه‌شنه‌، بۆ نموونه‌:
یه‌كه‌م: ده‌یان كچ و كوڕی ته‌مه‌ن منداڵ رۆژانه‌ لایڤ ده‌كه‌نه‌وه‌ و خه‌ریكی جنێودان و شه‌ڕ به‌یه‌كفرۆشتن و بڵاوكردنه‌وه‌ی كولتووریی ناشرینكردنی یه‌كترن.
دووه‌م: كۆمه‌ڵێ ئه‌كاونتی بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشتی ناشرینن به‌تایبه‌ت گرووپه‌ له‌شفرۆشییه‌كان به‌ ئاشكرا لایڤ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر تێكدان و ناشرینكردنی كولتووریی كوردی و به‌ها و نۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌یه‌.
سێیه‌م: وێرای ئه‌وه‌ش، كۆمه‌ڵێ په‌یج بۆ كڕین و فرۆشتنی ئاسه‌وار و كه‌لوپه‌له‌ شوێنه‌وارییه‌كان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی كاره‌ساتێكی تره‌، كه‌ پێویسته‌ داواكاریی گشتی و پارله‌مانتار و دادگا و ده‌زگا په‌یوه‌سته‌كان به‌زوویی چاودێریی ئه‌و بارودۆخه‌ بكه‌ن و ئه‌و ناله‌باریی و تاوانكارییه‌ ڕابگرن.
چواره‌م: هه‌روه‌ها بڵاوكردنه‌وه‌ و ڕێگه‌خۆشكردن و قاچاخچێتیی بۆ مه‌به‌ستی كۆچكردن و مامه‌ڵه‌كردن به‌ ڤیزا و چۆنیه‌تی ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ گرووپه‌ قاچاخچییه‌كان خۆی له‌ خۆیدا یه‌كێكی دیكه‌ له‌ كاره‌ساته‌كان.
پێنجه‌م: ڕۆژانه‌ كۆمه‌ڵێ گرووپی هه‌مه‌چه‌شن بانگه‌شه‌ و ڕیكلام بۆ دراوی دۆلاری لیبی تیا ده‌كرێت و له‌م ڕێگه‌یشه‌وه‌ ده‌یان كه‌س قۆڵیان بڕدراوه‌ و فێڵیان لێ كراوه‌ و رێژه‌ی تۆماركردنی داوای یاسایی له‌م باره‌یه‌وه‌ بۆ خۆی شاهێدی ئه‌م ڕاستییه‌یه‌.
شه‌شه‌م: هۆمۆسێكسواڵێتی به‌ پێی یاسا به‌ركاره‌كان له‌ وڵاتی كوردستان و عێراق به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك تاوانه‌، به‌ڵام ڕۆژانه‌ له‌ ئه‌كاونته‌كانی تیكتۆك ریكلام بۆ ئه‌و كاره‌ تاوانكارییه‌ ده‌كرێت و بڕه‌ویش به‌و ڕه‌فتاره‌ لاده‌رییه‌ ده‌درێت كه‌ دواجار كاریگه‌رییه‌كانی هێنده‌ له‌سه‌ر كاسایه‌تیی مرۆڤ زۆر ده‌بێت كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت كۆنترۆڵ بكرێت و هۆكارێكیشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كان لاساییان بكه‌نه‌وه‌.
حه‌وته‌م: ته‌نانه‌ت له‌ كاتی تاقیكردنه‌وه‌كان گرووپی تایبه‌تمه‌ند دروست ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی بلوتوز و ئامرازه‌كانی قۆپیه‌كردن بفرۆشن، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی دوانزه‌ دێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ساردكردنه‌وه‌ و بێ هیواكردنی قوتابییه‌ جدییه‌كان ده‌بێت.
دواجار ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ بیڵێین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ ده‌زگایه‌كی تایبه‌تمه‌ندی توێژینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كیشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كوردستان دابمه‌زرێت و چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ ئه‌و كێشانه‌ بدۆزرێته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی توێژینه‌وه‌ و داتا و ئاماره‌وه‌، هه‌روه‌ها تیكتۆكیش له‌ ئێستادا یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ كوردستان كه‌ چه‌ند ساڵی دابێت كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی به‌ ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت و نه‌وه‌یه‌ك پێده‌گات كه‌ له‌ ڕووی كه‌سایه‌تی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و ده‌روونییه‌وه‌ ده‌یان و بگره‌ زیاتریش كێشه‌یان ده‌بێت.

ھەواڵی زیاتر