لە جیهاندا بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان لە بەرزبوونەوەدایە

لە سەرانسەری جیهاندا، ئەورووپا لە ریزبەندی یەکەمدایە لە بەکارهێنانی زۆرترین بڕی کۆکاین، کۆلۆمبیاش زۆرترین کۆکاین دابین دەکات.

بەر لە 34 ساڵ، نەتەوە یەكگرتووەكان 26ی حوزەیرانی وەک ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنان و بازرگانیکردنی نایاسایی ماددە هۆشبەرەکان دیاریکرد، بەپێی دوایین ڕاپۆرتی UN، بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە هەندێك وڵاتدا لە دوو ساڵی ڕابردوودا چوار هێندە زیادیکردووە.
عێراق، بە هەرێمی کوردستانەوە، لەو وڵاتانەیە کە لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامارەکانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ئەمە بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی ڕوبەڕوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆکارەکانی هەڵکشانی ئامارەکانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بۆ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لە جیهاندا دەگێڕێتەوە، هەروەها زۆربوونی بێکاری و نەبوونی یەکسانی هۆکاری دیکەی پاڵنەرن بۆ بەكارهێنان و بازرگانیكردن پێوەی.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە کە ٢٧٥ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە و لە ساڵی ٢٠١٠ەوە بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر سەدا ٢٢ زیادی کردووە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ڤیەننا سازکرا، نووسینگەی تاوان و ماددەی هۆشبەری سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ”راپۆرتی جیهانی ماددەی هۆشبەری ٢٠٢١”ی بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لە ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٩دا، بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر سەدا ٢٢ زیادی کردووە و لەو ماوەیەشدا، ژمارەی دانیشتوانی جیهان سەدا ١٠ زیادی کردووە. هەروەها هۆشداری دراوە لەبارەی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە تووشی نەخۆشی بوون و چاوەڕوانی چارەسەرن، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە ٢٠١٩دا، ٣٦ ملیۆن کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا، ٢٧٥ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە و بەو هۆیەشەوە نەخۆشی زیادی کردووە و کەسانێک رووبەڕووی کێشەی جددی بوونەتەوە لە نەدۆزینەوەی چارەسەر و لە ٢٠٢٠یشدا لە هەشت کەس، تەنها یەک کەس توانیوێتی هاوکاری پرۆفیشناڵانە وەرگرێت.
هاوکات لە راپۆرتەکەدا باس لەو کێشە تەندروستیانە کراوە کە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە دروست دەبن، باس لەوەیش کراوە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا، ١١ ملیۆن کەس لە رێگەی دەرزیەوە ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە، لەوانەیش ١،٤ ملیۆنیان هەڵگری ڤایرۆسی HIV، پێنج ملیۆن و ٦٠٠ هەزاریان هەڵگری ڤایرۆسی جگەر لە جۆری C-ن.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە بڕی بەرهەمهێنانی کۆکاین کراوە لە جیهان و هاتووە؛ ”لە ٢٠١٤-٢٠١٩دا، بەرهەمهێنانی کۆکاین گەیشتە دوو هێندە و لە ٢٠١٩دا، تا ئێستا پێشبینی دەکرێت بڕەکەی گەیشتبێتە بەرزترین ئاست کە هەزار و ٧٨٤ تۆنە”.
ئاماژە بەوەکراوە لە ساڵی ٢٠١٩دا ٢٠٠ملیۆن کەس لەجیهاندا ڕووەكی “كانابیس” بەكاردەهێنن و دەکاتە %4ی کۆی دانیشتووانی جیهان، ئەو ژمارەیە لە ساڵی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە بۆ ١٨٪‏ی دانیشتووانی جیهان.
هەر بەپێی ئامارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ساڵی ٢٠١٩دا ٢٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا کۆکایینیان بەکارهێناوە، کە دەکاتە ٠.٤٪‏ی دانیشتووانی جیهان.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاندووە، ژمارەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، زۆرترین ڕێژەش لەناوچە هەژارنشینەکانە.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەناو گەنجانی عێراقدا گەیشتووەتە ٥٠٪‏، بەڵام ئەم ئامارە بە فەرمیی تائێستا ڕانەگەیەنراوە.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت، ڕێژەی ٧٠٪‏ی ئەوانەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن و بازرگانی پێوەدەکەن لە ناوچە هەژارنشینەکانن، ئەو ناوچانەی بێکاریی زۆری تێدایە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیاترن تێیاندا.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستیی عێراق سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی بەکارهێنەر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاندووە، کراوەیی سنوورەکان و نەبوونی چاودێریی توند لە دەروازە و هێڵە ئاسمانییەکان لە عێراقدا، هۆکارن بۆئەوە عێراقییەکان بەئاسانی دەستیان بەو ماددانە بگات.
لیوا مازن کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی روبەڕوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاندوە، ڕێژەی 85%ی ئەو ماددە هۆشبەرانەی دێنە ناو عێراقەوە، لەلایەن عێراقییەکانەوە بەکاردەهێنرێن.
کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراقیش هۆشداریی توند دەدات لە بڵاوبوونەوەی فراوانی ماددەی هۆشبەر لە عێراقدا و دەڵێت، کێشەی ماددەی هۆشبەر یەکێکە لە ئاڵنگارییە سەرەکی و مەترسیدارەکان، کە وڵات ڕوبەڕووی بووەتەوە لەم ساڵانەی دواییدا”.
کۆمسیۆنەکە باس لەوەدەکات زۆرینەی ماددە هۆشبەرەکان لەوڵاتانی دەوروبەرەوە بەڕێگای نایاسایی دێنە عێراقەوە و لەگەڵ حەپە ئازارشکێنەکان و ڤیتامیناتەکاندا دێن.
کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق دەشڵێت، ئێستا نزیکەی پێنج هەزار و ٦٠٢ بەندکراو لە عێراقدا بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەن، لەو ژمارەیە سێ هەزار و ٨٩٢ کەسیان بازرگانییان بە ماددە هۆشبەرەکان کردووە، هەزار و ٤٧٦ کەسیان تەنها بەکارهێنەر بوون، لەنێویاندا ٣٩ ژن و ٢٣ منداڵی خوار تەمەنی یاسایی هەن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٠ هەزار کەسیان لەسەر بەکار‌هێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر کردووە.
لیوا سەعد مەعن، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، لە ماوەی ١٠ مانگی رابردوودا وەزارەتی ناوخۆ بە تۆمەتی کێشان و برەودان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، نزیکەی ١٠ هەزار کەسی دەستگیر کردووە.
ئەو بەڕێوەبەرەی نێو وەزارەتی ناوخۆی عێراق روونیکردەوە، ئەو ژمارە گەورەیە، بەڵگەیە لەسەر کار و چالاکییەکانی دەزگای ئەمنییەکان. هاوکات وەزارەتی ناوخۆش لە هەڵمەتەکانی خۆی بەردەوام دەبێت و پلانیشی هەیە لە ئایندەیەکی نزیک کە کاریگەری روونی دەبێت، هەروەها پلانی درێژ مەوداشی هەیە کە ئەوەش بە هاوشانی هەموو لایەنە حکومییەکان دەبێت.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ماددەی هۆشبەر لە دەرەوە و لە دەروازە سنوورییەکانەوە دەهێنرێنە نێو عێراق، هەوڵە هەواڵگرییەکانیش بەردەوامن بۆ پشتوانیکردن لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوانەش پاسەوانی سنوور، کە هەوڵی گەورە دەدەن و هەوڵەکانی قاچاخچییەتی پووچەڵدەکەنەوە، هاوکات پشتیان بە هاووڵاتیان و هێڵی گەرمیش بەستووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ڕابردوودا ٥٥٥ کیلۆگرام و ٧٤٠ گرام ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستیبەسەرداگیراوە و هەزار و ١٣٣ کەسیش بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
لەکاتێکدا بەپێی ئەو ئامارەی تۆڕی میدیایی ئێستا لە سەرچاوەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستیکەوتووە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 200 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیبەسەرداگیراوە و زیاتر لە ٨٠٠ تۆمەتباریش بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
رێژەی زیندانیان لە نەجەف بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە ١٥٪‏ و نزیکەی ٧٥٠ پیاویش هەر لەنەجەف لە دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکان زیندانیی کراون، کۆی راگیراوان لەو پرسەدا ٩٠٠ کەسن ، ٨٥٪‏ یان پیاون و ١٥٪‏ یان ئافرەتن ، چالاکڤانێک دەڵێت، ئەوانەی لە زیندان دەمێننەوە خەڵکە ئاساییەکەن، چوونکە بازرگانەکانی ماددە هۆشبەرەکان خەڵکیان لە پشتە هەرزوو ئازاد دەکرێن.

ماددە هۆشبەرەکان لەمساڵدا لە نەجەف زۆر بڵاوبوونەوە، بەڕادەیەک ژمارەی پێوانەییان تێپەڕاندووە و پیاوان و ئافرەتانیش دەکەنە ئامانج، ئامارەکان دەڵێن؛ ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەکانی نەجەف راگیراون دەگاتە نزیکەی ٩٠٠ راگیراو، ٨٥٪‏ یان پیاون و ١٥٪ یان ئافرەتن، هەر ئەمساڵ لە نەجەف دەستبەسەر سەدان کیلۆگرام لە چەند جۆرێک ماددەی هۆشبەردا گیراوە.
پسپۆڕانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان داوای دەرکردنی یاسای تووندتر دەکەن، بۆ سزادانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، چونکە بوونەتە هۆی بەرزبوونی ئاستی تاوانکاری.

عەلی عامری، نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی گوتی”تووندترکردنی سزاکان و گەڕاندنەوەی سزای لەسێدارەدان پێویستە، چونکە ئەوە رێکارێکی رێگرە، بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان ئەگەر سزایەکی رێگری نەبێت ئەوە هاندەر دەبێت بۆ تەشەنەکردنی”.

گەشەکردنی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و بوونی بە مافیا کە چەکی سووک و مامناوەند بەکاردەهێنێت، پاڵی بە وەزارەتی ناوخۆوە نا ئەو پرسە رادەستی ئاژانسی هەواڵگری بکات، هاوکات هێزێکی پڕچەککراوی لێهاتوو بۆ ئەو بەرەنگاربوونەوەیە
بەپێی ئەو شیکاریانەی کراون باس لەوە دەکرێت کە لە ساڵی ٢٠٣٠دا، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە سەرانسەری جیهاندا، سەدا ١١ زیاد دەکات، زۆرترین زیادبوونیش بە سەدا ٤٠ لە ئەفریقا دەبێت.

ھەواڵی زیاتر