توندوتیژی و ئاژاوەی خێزانی لە ھەڵکشاندایە

“لە سەرژمێریەک کە لە ئەڵمانیا کرا، تیایدا ساڵی رابردوو توندوتیژی ناو ماڵ بووەتە ھۆی مردنی ١٣٩ ئافرەت و ٣٠ پیاو لە جیهان”.

دیاردەی توندوتیژی و ئاژاوەی خێزانی یەکێکە لەو دیاردە ترسناکەی کە لە ھەموو کۆمەڵگا و کلتوورە جیاوازەکاندا ھەیە. ھەروەھا دەبێتە ھۆی خراپی رەوشتی خێزان لەڕووی جەستەیی و خۆشەویشتی و کۆمەڵایەتییەوە.

بێگومان توندوتیژی و ستەم لە ژنانیش دیاردەیەکی جیھانییە و ئێستا ھەموو میدیاکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، کۆمەڵێک تایبەتمەندی کلتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی لە پشتەوەیە، ئەگەرچی بەو پێیە توندوتیژی لە ژنان کات و شوێنی تایبەتی نییە و ھەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی چ بە کۆمەڵگای پێشکەوتوو و چ بە کۆمەڵگای دواکەوتوو دەگرێتەوە. ژنان لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا لە لایەن باوک، برا، ھاوسەر، کەسوکاری نزیک وەک خاڵو و مامە و تەنانەت ئاموزا و خاڵوزاش بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، .بە پێی دەرەنجامی لێکۆلینەوەکانی چالاکوانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی تەندروستی توندوتیژی دژی ژنان جگە لەوەی کە کاریگەری نێگەتیڤ و خراپی دەبێت لەسەر ژن وەک تاک، ئەڵبەت کاریگەرییەکی زۆر خراپ و مەترسیداریشی دەبێت لە سەر تەندروستی خێزان و کۆمەڵگا، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە شیرازەی خێزان و کۆمەڵگاش لێک بترازێت. ڕەنگە زۆرێک لە ئێمە زۆر جار وا بیربکەینەوە کە لە کۆمەڵگە پێشکەوتوەکان و ڕۆژئاواییەکاندا ڕێژەی توندوتیژی کەمترە بەوپێیەی لەو وڵاتانەدا یاسا زۆر بە دروستی پەیرەو دەکرێت، بەڵام ئەگەر چاوێک بە ئامارەکاندا بخشێنین بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمە تەواو پێچەوانەیە و ساڵانە ژمارەیەکی بێشومار توندوتیژی جەستەیی و دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر زۆرێک لە ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە.
لە سەرژمێریەک کە لە ئەڵمانیا کرا، تیایدا ساڵی رابردوو توندوتیژی ناو ماڵ بووەتە ھۆی مردنی ١٣٩ ئافرەت و ٣٠ پیاو لە جیھان. بەگوێرەی داتاکان ٨٠.٥٪‏ی قوربانییەکانی ساڵی رابردوو ئافرەت بوونە، بەرێژەی ٥ قوربانی چواریان ژن بوونە و تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ ٣٩ ساڵاندا بووە.
بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی خێزان لە توندوتیژی لە ھەرێمی کوردستان-عێراق، توندوتیژی بریتییە لە: ھەر کردارێک یان وتەیەک یان ھەرەشە لێکردنێک لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پەیوەندی خێزاندا کە لەسەر بنەمای ھاوسەرگیری یان خزمایەتی تا پلەی چوارەم بنیات نرابێ و ئەوانەی بەپێی یاسا ھاتوونەتە ناو خێزانەوە ئەشێ لە باری جەستەیی و جنسی و دەروونییەوە زیانیان پێ بگەیەنێ و ماف و ئازادییان لەدەست بدات.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: “لە ساڵی ٢٠٢٠ لە سەرتاسەری عێراقدا ١٥ هەزار حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی تۆمار کراوە، هەروەها چوار هەزار فەرمانی دەستگیرکردنیش بەهۆی توندوتیژییەوە دەرکراوە.
رێكخراوی یەكێتی پیاوان ئاماری توندوتیژییه‌كانی دژ به‌ پیاوان له‌ ماوه‌ی ساڵی ٢٠٢٠ راگەیاند، به‌گویره‌ی ئاماره‌كه‌، له‌ ماوه‌ی ١٢ مانگی رابردوودا ٥٥٣ سكاڵای توندوتیژی دژ به‌ پیاوان تۆماركراون، ٨ پیاویش لەلایەن ژنەكانیانەوە بە هاوكاری خەڵكانی دیكە كوژراون. هەر بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی یه‌كێتی پیاوانی كوردستان، بەرزترین ئاماری كوشتنی پیاوان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە ساڵی ٢٠٢٠دا تۆمار كراوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ساڵی ٢٠١٠ – ٢٠٢٠ لە هەرێمی کوردستاندا، ٤٩٠ ژن کوژراون، ٦١٢ ژن خۆیان کوشتووە، ٧٣هەزارو١٥ ژن سکاڵایان تۆمار کردووە. هەرچەندە ئەم ژمارانە ئاماری فەرمین بەڵام زۆرێک لە ڕێکخراو و پارێزەر و چالاکوانەکانی مافی ژنان بە ناڕاستی دەزانن و پێیان وایە ژمارەکە زیاترە.

ھەواڵی زیاتر