- بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەت و خێزان، ئاماری توندوتیژییەكانی 10 مانگی یەكەمی ساڵی 2021ی هەرێمی كوردستانی بەم شێوەیە بڵاو كردەوە: كوشتن(18)،خۆكوشتن(51) خۆسووتاندن (65) توندوتیژی و گێچەڵی سێكسی(125) و ئەو ئافرەتانەی سكڵایان كردووە (11165) كەس بوون.
-” ماگدالنا ئیندرسون”سەرۆكی حیزبی سوشیال دیموكراتی وڵاتی “سوید” دوای چەند رۆژ دەست لە كاركێشانەوەی وەك سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كە بە هۆی ناكۆكییە سیاسیەكانەوە بوو،جارێكی تر بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان ئەو پۆستەی وەرگرتەوە و ئەمەش لە مێژووی وڵاتی “سوید” یەكەم جارە ئافرەتێك ئەو پۆستە وەربگرێـت.
- رۆژی 25 نۆڤەمبەر لە “مادرید”ی پایتەختی “ئیسپانیا” بە هەزاران ئافرەت بە دروشمی جیاواز كە گوزارشتیان لە توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت دەكرد رژانە سەر شەقام و داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە كرد سنوورێك بۆ ئەو توندوتیژیانە دابنرێت.
- لە وڵاتی “فەرەنسا” و لە شاری “پاریس ” شارەوانی ناوچەی 18 ئەو شارە لە مەراسیمێكدا پەردەی لە سەر ناوی فلكەیەك لادا بە نێوی”رێزنواندن بۆ ئافرەتانی قوربانی توندوتیژی “.كریستین لونواس “ئەندامی یەكێتی نەتەوەیی خێزانی قوربانیانی توندوتیژی كە لەو مەراسیمەدا بەشداری كردبوو رایگەیاند: هەست بە هیوایەكی زۆر دەكەم كە لەمەودوا گفتوگۆكردن لە بارەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان بۆ شوێنە گشتییەكان دەگوازرێتەوه.
-” جێسی بێرنارد” كۆمەڵناسی ئەمەریكی و نووسەری كتێبی “دونیای ئافرەتان” زۆر بە جوانی و راشكاوانە باس لەو جیاوازییانە دەكات كە لە هەر دوو رەگەز دا هەیە و باس لەوە دەكات كە مرۆڤ وای كردووە دوو دونیای جیاواز هەبێت، دونیای پیاوان و دونیای ئافرەتان، لە دونیای ئافرەتاندا كۆمەڵێك سنوور هەیە كە لە دونیای پیاواندا بەدی ناكرێت، زۆر شت هەیە لە دونیای ئافرەتاندا بە عەیبە و حەرامكراو دەزانرێت، بەڵام بۆ پیاوان بەم شێوەیە نییە، ئافرەت لە دونیای ژنانەی خۆیدا رووبەرووی چەندین پرسیاری بێ وەڵام دەبێتەوە، ئەگەریش بە دوای وەڵامەكاندا بگەڕێت، لەوانەیە رووبەرووی توندوتیژی بێتەوە، بەڵام پیاو بۆ هەر پرسیارێك وەڵامێكی پێیە، وا پێدەچێت دوو دونیا بە دوو بۆچوونی جیاواز دروست بووە، كە هەر كامەیان بە تێروانینێكی جیاواز لە یەكتر دەروانن.