هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

لە هێلینەوە

ئا:نەسرین حەسەن

  • لە ساڵی 1999 نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی 25 نۆڤەمبەری وەك رۆژی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ناساند و هەروەها “جیهان پرتەقاڵی بكەن” وەك هێمایەك بۆهەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ناسراوە، هێمایەك بۆ گەیشتن بە ژیانێكی ئاسووده.
  • رۆژی یەكشەمە لە وڵاتی فەرەنسا ئافرەتان بە مەبەستی نارەزاییی دەربرین بەرامبەر بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان لە پاریس و هەندێك شاری تر خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و داوایان كرد كە حكومەتی ئەو وڵاتە سنوورێك بۆ ئەو توندوتیژیانە دابنێت.
  • ” ماگدالنا ئەندرشون” وەزیری دارایی سوید كە هەفتەی رابردوو وەك سەرۆكی حیزبی سوشیاڵ دیموكراتەكان لەو وڵاتە هەڵبژێردرا، پێدەچێت لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە نزیك بێتەوە، بەمەش دەبێتە یەكەمین سەرۆك وەزیری ئافرەت لە وڵاتی سوید، ئەمەش لە كاتێكدایە كە سەرۆك وەزیرانی پێشوو”ئیستیفان كوفون” دوای حەوت ساڵ كاركردن لە پلەی سەرۆك وەزیری لە هاوینی ئەمسال بە هۆی قەیرانی سیاسی ئەو وڵاتە دەستی لە كار كێشایەوه.
  • رۆژی سێ‌ شەممەی رابردوو گرووپێك لە چالاكوانانی ئافرەت لە ئەفغانستان رژانە سەر شەقام و خۆپێشاندانیان ئەنجامدا بە مەبەستی نارەزایی دەربڕین لە ئاست بێدەنگی كۆمەڵگەی جیهانی بەرامبەر بەو كێشانەی كە لەو وڵاتە رووبەڕووی ئافرەت دەبێتەوە،ئەو ئافرەتانە هەندێك دروشمیان بەرز كردبۆوە، كە نوسرابوو” بۆچی جیهان سەیری لە ناوچوونی ئێمە دەكات؟ “، ئەمەش لە كاتێكدایە كە لە كاتی وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن تاڵیبانەوە چالاكییە كۆمەڵایەتییەكانی وەك كار و خوێندن لەو وڵاتە بۆ ئافرەتان زۆر سنووردار كراوه.
  • “مەلالە یوسفزای” براوەی خەڵاتی نوبلی ئاشتی لە جیهاندا و هێمای خەبات بۆ مافی خوێندنی ئافرەتان لە وڵاتی پاكستان، لە شاری” بیرمنگهام” لە بەریتانیا لە تەمەنی 23 ساڵیدا ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناو لە تویتێكدا نووسیویەتی: “ئەمڕۆ بۆ من رۆژێكی زۆر بە نرخە “. “مەلالە “لە تەمەنی 15 ساڵی وەك بەرگریكارێكی بەهێزی كچانی پاكستان بۆ وەرگرتنی مافی خوێندنیان دەكەوێتە بەر هێرشی چەكدارانی تالیبان و بە سەختی بریندار دەبێت و دواتر بۆ چارەسەر دەگوازرێتەوە بۆ بەریتانیا و لە تەمەنی 17 ساڵی خەڵانی نوبلی ئاشتی جیهانی وەردەگرێت. “