كارزان گلی – ههولێر
قارسی باكووری كوردستان، لەڕووی ئاژەڵداری و بەرهەمهێنانی پەنیر، وەكوو سەنتەری توركیا دادەنرێت، بەڵام بە هۆی ئەو وشكەساڵییەی رووی لە توركیا و باكووری كوردستان كردووە، بەرهەمی پەنیر لە قارس بووەتە نیوە و ئەمەش وایكردووە، نرخی جۆرەكانی پەنیر لە تەواوی توركیا و باكووری كوردستان بەرز ببێتەوە.
بە هۆی ئەوەی لە قارس باران كەم باریوە، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاژەڵەكان دروست كردووە، بەوەی وەكوو پێویست ناخۆن و وەكوو پێویستیش ناتوانن شیر و پەنیر بەرهەم بهێنن.
بە گوێرەی بەدواداچوونێكی ئاژانسی (بی بی سی) بەشی توركی، بە هۆی وشكەساڵییەوە، قارس ناتوانێت وەكوو پێشووتر پەنیر و شیر بەرهەم بهێنێت، لە كاتێكدا ئەو شارە بۆ بەرهەمهێنانی پەنیر، بە سەنتەری توركیا دادەنرێت.
هەروەها باسی لەوەش كردووە، جوتیارەكان، پارەیەكی زۆر زیاتر خەرج دەكەن، تا بتوانن بەرهەمی شیر و پەنیریان هەبێت، ئەمەش وا دەكات نرخەكەی گران بێت.
دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، 10% ئاژەڵداری لە توركیا دەكەوێتە قارس، ئەردەهان، ئەرزرووم.
بەڵام پەنیری توركیا، ٨٠٪ی لە قارسی باكووری كوردستان بەرهەم دێت و 30 جۆر پەنیریش بەرهەم دەهێنن، بۆیە ئەگەر لە قارس پەنیر بەرهەم نەیەت و نرخەكەی گران بێت، كاریگەری لەسەر نرخی پەنیر دەبێت لە بازاڕی توركیادا.
شارەزایانی بواری ئاژاڵداری ئاماژە دەدەن، ئەگەر ئەم بارودۆخە خراپەی رووی لە بواری ئاژەڵداری كردووە لە قارس بەری پێنەگیرێت، قەیرانێكی سەخت لەبەر دەرگایە.
ئەوان پێیان باشە، حكوومەت بە پارە هاوكاری جوتیارەكان بكات، تا بتوانن بەهەر جۆرێك بێت، دەستبەرداری بەرهەمهێنانی پەنیر و شیر نەبن.
یەكێك لە جوتیارەكان باس لەوە دەكات، كە ئاژەڵەكانیان دەبەن بۆ لەوەڕین، تا دەگەنە شوێنێك ئاو بخۆنەوە زۆر ماندوو دەبن، جاری واش هەیە ئاویان بۆ خواردن دەست ناكەوێت و بە تینویەتی دەگەڕێنەوە.
هەروەها، بە هۆی وشكەساڵی و نەبارینی باران، دەشت و دەر وشكبووە، كە وشك ببێت، ئاژەڵ چی بخوات و چۆن بتوانێت سكی تێر بكات.
بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەگەر هەیە لەمساڵدا، نرخی پەنیر لە توركیا 80% بەرز ببێتەوە، چونكە بەرهەمهێنانی لە قارس زۆر كەمی كردووە و وەكوو پێویست ناگاتە بازاڕ.