چوارشەممە, كانونی یه‌كه‌م 4, 2024

فه‌یسبووك داوای لێبوردن له‌ به‌ركاهێنه‌رانی ده‌كات ‌

كۆمپانیای فه‌یسبووك كه‌ خاوه‌ندارێتی هه‌رسێ ئاپی فه‌یسبووك و ئینستگرام و واتسئاپ ده‌كات، دوای لێبوردنی له‌ به‌كارهێنه‌رانی كرد به‌هۆی په‌ككه‌وتنی ئاپه‌كانیان له‌ جیهاندا.

سه‌ر له‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی له‌ناكاو هه‌رسێ ئاپی فه‌یسبووك و ئینستگرام و واتسئاپ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و به‌شێكی جیهان له‌كار كه‌وت.

كۆمپانیاكه‌ دوای له‌كاركه‌وتنی ئاپه‌كانی، له‌ ماڵپه‌ڕی (تویته‌ر) بڵاوی كرده‌وه‌: “ئاگادارین به‌شێك له‌ خه‌ڵك كێشه‌یان له‌ به‌ركارهێنانی ئاپه‌كانمان هه‌یه‌ و ئێستاش هه‌وڵ ده‌ده‌ین كاره‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه‌ دۆخی ئاسایی له‌ زووترین كاتدا”.

كۆمپانیای فه‌یسبووك له‌ تویته‌كه‌دا داوای لێبوردنی له‌ به‌كارهێنه‌رانی كرد به‌رامبه‌ر وه‌رسبوونیان”.

په‌ككه‌وتنی هه‌رسێ ئاپه‌كه‌ی كۆمپانیا فه‌یسبووك (فه‌یسبووك و ئینستگرام و واتسئاپ) نه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق، به‌ڵكو له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و به‌شێك له‌ جیهانیش كێشه‌ی تێ كه‌وتبوو.

لای خۆشییه‌وه‌ ڕه‌عد ئه‌لمه‌شهه‌دانی گوته‌بێژ به‌ناوی‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی عێراق به‌ ئاژانسی ده‌نگوباسی فه‌رمی ڕأگه‌یاندبوو: به‌هۆی بوونی كێشه‌ی ته‌كنینی ئه‌نته‌رنێت له‌ جیهاندا وای كردووه‌ به‌شێك له‌ ئاپه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌تایبه‌تیش فه‌یسبووك و واتسئاپ و ئینستگرام له‌ عێراق و به‌شێك له‌ وڵاتان له‌كار بكه‌ون.

ئاشكراشی كرد كه‌ تێكچوونی هه‌رسێ ئاپه‌كه‌ له‌ناكاو بووه‌ و ته‌نیا له‌ عێراقیش نه‌بووه‌‌ و به‌ڵكو له‌ به‌شێك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهانش كێشه‌یان هه‌بووه‌‌.