رێستوڕانتێكی مێژوویی لە باكووری كوردستان لەناو دەبرێت

رێستوڕانتی (گار)، لە غازی عەنتابی باكووری كوردستان، كە مێژوویەكی زۆر درێژی هەیە و وەكوو سومبولی لێهاتووە بۆ ئەو شارە، لەناو دەبردرێت و لە شوێنی ئەو رێستوڕانتە، هۆڵێكی (VIP) دروست دەكرێت. داوا دەكرێت، خەڵكی عەنتاب بڕژێنە سەر شەقام و خۆیان بكەنەوە خاوەنی ئەو رێستوڕانتە، چونكە سومبولی شارەكەیە.

بولەنت ئاكنجی،خاوەنی رێستوڕانتی گار، ئاماژە دەدات، پێویستە خەڵكی عەنتاب رێگ نەدەن ئەو رێستوڕانتە تێك بچێت، چونكە جگە لەوەی مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، لە هەمان كاتدا، وەكوو سومبوولی شارەكەی لێهاتووە.
ئاكنجی بۆ رۆژنامەی “هەولێر” قسەی كرد و دەڵێت: “داوایان لێكردووین لە ماوەی 15 رۆژدا رێستوڕانتەكە چۆڵ بكەین، بە پێچەوانەوە سزامان دەدەن. بە نووسراوێكی فەرمی پێمانیان گوتووە، شوێنەكەی ئێوە دراوەتە كۆمپانیایەك تا هۆڵێكی VIP لێ دروست بكەن.“
بە گوێرەی گوتەی ئاكنجی، ئەوان تا كۆتایی ساڵی 2022 بۆیان هەیە ئەو رێستوڕانتە بەكاربهێنن، چونكە گرێبەستی فەرمیان هەیە، بەڵام حكوومەت گرێبەستەكەی شكاندووە.
ماوەی 60 ساڵ دەبێت ئەو شوێنە وەكوو رێستوڕانت بەكاردەهێنرێت و هیچ كێشەیەكی نەبووە، هاووڵاتیانی عەنتابیش وەكوو شوێنێكی زۆر گرنگ وەسفی دەكەن و 28 ساڵیشە، ئاكنجی توانیویەتی ئەو رێستوڕانتە بەڕێوە ببات و گرێبەستی لەگەڵ حكوومەتدا هەیە، بەڵام حكوومەت لێی وەردەگرێتەوە و بۆ هۆڵی VIP بەكاریدەهێنێت. ئەمەش هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاكنجی، خاوەنی رێستوڕانتی گار.
ئاكنجی دەشڵێت: “هەرگیز چۆڵی ناكەین، چونكە بڕوامان بە دادگا هەیە و دۆسیەكەمان لە لای دادوەرە و دەبێت ئەوان بڕیاری لەبارەوە بدەن. داوا لە هەموو هاووڵاتییەكی عەنتاب دەكەم، بێنە ئێرە و رێگە نەدەن ئەو رێستوڕانتە مێژووییە بكرێتە هۆڵ و دەبێت خەڵكیش خۆی بكاتە خاوەنی ئەو شوێنە گرنگە“.
نەسرین دۆغان، یەكێك لەو هاووڵاتیانەی بەردەوام دەچێتە گار بۆ نان خواردن، ئەو نیگەرانە كە رێستوڕانتەكە لەناو دەچێت، داوا دەكات خەڵك رێگە لەو بڕیارە بگرن، چونگە گار بووەتە شوێنێكی مێژوویی و زۆر گرنگی شارەكە.
دۆغان بۆ “هەولێر” گوتی: “نازانم رێستوڕانتكێك تەمەنی 60 ساڵ بێت و خەڵكەكە وەكوو سومبوول تەماشای بكەن گرنگترە، یان هۆڵێكی VIP؟ بەڕاستی ئەكە جێگەی نیگەرانییە، ئاخر كاتێك ئەم رێستوڕانتە دەبینین، ئەگەر نانیشی لێ نەخۆین هەر سەیركردنەكەی هەموو شتێكە بۆ ئێمە، ئیتر بۆچی لەناوی دەبەن“.
ئەو داوا دەكات، حكوومەت لە بڕیارەكەی پاشگەز بێتەوە، چونكە خەڵكی عەنتاب نیگەران دەكات و شوێنێكی مێژوویی لەناو دەچێت.

ھەواڵی زیاتر