دروستكردنی نانی تیری بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی داهات بۆ ئافره‌تان

نیگار نەجات

نان كردن پیشەیەكی كۆنی ئافرەتانی كوردە و ساڵانێكە ئەو كارە دەكەن. تەنیا لە ژیانی شار نەبێت، كە خواردنی دیكە هەیە لە جێگەی نان وەك سەموون و نانی فڕنی، دوو جۆر نان هەیە: نانی تەنك و نانی ئەستوور.

ئەمجارەیان باسی بەشێك لە نان دەكەین كە پێیدەگوترێت نانی تیری یان مەزرەقە دەناسرێت، كە ئەویش بەشێكن لە جۆری یەكەم كە نانی تەنكە، نانی تیری، ئەو نانەیە كە گەورە و تەنكە، بە تیرۆك لەسەر فەرش پان دەكرێـتەوە و دواتریش لەسەر سێڵ بە ئاگردان دەبرژێندرێت، پاشانیش دەخرێـتە سەر سەرنان و دواتریش هەڵدەگیرێت و تاكو رەق نەبێـتەوە. هەروەها جۆرێكی دیكەی نان هەیە، ئەویش بە نانی مەزرەقە دەناسرێت، كە هەمان نانی تیریە، بەڵام رەق دەكرێـتەوە، ئەویش بە زیاد كردنی ئاگری ئاگردانەكە و دوای ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێنێتەوە لەسەر سێڵ و پاشان دەخرێتە سەر حەسیر، بۆ ئەوەی هەوای بەربكەوێت و رەق بێ، پاشان ئەو نانە هەڵدەگیرێت و هەر كاتێك بتەوێت بەكاریبهێنی، ئەوە بە ئاو دەیڕشێنن و دەبێتەوە نانێكی نەرم، یان ورد دەكرێ و دەكرێـتە ناو قاپ بۆ ئەوەی ببێـتە تەشریب یان تێگووشە.
نانی مەزرەقە ماوە ماوە دەكرێت و هەڵدەگیرێت، بەڵام هەرچی نانی تیرییە دەكرێت رۆژانە بكرێت، بۆئەمجارە ش خاتوونێكمان دواند كە بۆ ماوەی دووساڵه‌ ئەم پیشه‌یەی هەڵبژاردووە و لە ئێستادا خواستكی زۆری لەسەرە، ئه‌ویش خاتوو نازەنین حه‌مەدەمین هەینیه‌ كه‌ دانیشتووی ناحیەی پیران و لەدایكبووی ساڵی١٩٨٣ و كابانی ماڵەوەیە. نازەنین ده‌ڵێت: لەكۆنەوە نانی تیری دروستكراوە و لەسەر سفرە وخوانەكان دانراوە، نانی تیری خواستكی زۆری لەسەرە و زیاتر كریاڕی هەیە، لە زۆر كارگە و شوێنی تایبەتدا دروست دەكرێن و منیش ئەوە بۆماوەی دووساڵه‌ لەناحیەی پیران سەر بەقەزای مێرگەسۆر ئەم پیشه‌یە ئەكه‌م و سەرقاڵی كاری خۆمم.
نازەنین دەڵێت: من بە خۆشحاڵیەوە ئەم پیشه‌یەم هەڵبژاردووە، ئیشكردن بە لای منه‌وە هیچ عەیبەكی تێدا نیە ئه‌گه‌رئێمه‌ی مرۆڤ بتوانین ئیش بكه‌ین و لەسەر پێكانی خۆمان راوەستین زۆر گرنگه‌، به‌تایبه‌ت ئێمەی ئافرەتان هیچمان لە پیاوان كەمتر نیە ئەتوانین كار بكەین، نازەنین ده‌ڵێت: هه‌رچه‌نده‌ دروستكردنی نانی تیری كارێكی ئاسان نیە، بەڵام حەزێكه‌ بۆ من.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ بێجگە لە خۆی چەند ئافره‌تێك لە لای ئه‌و كار ئەكەن كه‌ ژماره‌یان ١٢ئافرەتن، به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ توانیومانه‌ به‌و كاره‌ بژێوی ژیانی خۆمانی پێدابین بكەین. نازەنین ده‌ڵێت: بەرێگای ئۆنلاین نانی تیری ئەفرۆشم و چه‌ند ماركێت داوا ئەكه‌ن كە نانی خۆمیان پێ بفرۆشم، دەشڵێت سوپاس بۆخوا كە بۆماوەی دووساڵه‌ ئەم كارە ئەكەم لە ناحیە ی پیران لە داهاتوو ئەگەر بۆم برەخسێت كارگەیه‌ك پێكه‌وه‌ بۆ خۆم و ئافرەتان دروست ده‌كه‌م.
موهدا حه‌سه‌ن یه‌كێكه‌ لە كڕیارەكانی نانی تیری و دانیشتووی پیرانه‌ و پیشه‌ی پەرستیاره‌ ئاماژە به‌وه‌ دەكات كه‌ لە رووی پاكوخاوێنی و تەندروستیەوه‌ نانی تیری تەندروسته‌ و هیچ سۆدەی تێدا نیە بۆ ریخۆڵەكان تەندروستن و بە ئاسانی هەرس دەبێت. هه‌روه‌ها نەسرین محه‌مه‌د دانیشتووی ناحیە ی پیران بۆكرینی نانی تیری سەردانی خاتوو نازەنین دەكات بە مشێوەیە باسی ده‌كات: نانەكەیان زۆرپاكو خاوێن وجوانە، دەستخۆشیان لێدەكەم كە خەڵكی ئەم ناحیەیه‌ سودی لێوەرگرتوە، وەك خانەوادی خۆشمان سودمان لە نانی تیری وەرگرتووە چونكە نانی تیری تەندروستە.