ڕائیب جادر – هەولێر
ڕووداو و گۆڕانکارییە سیاسی و نێودەوڵەتییەکانی جیھان وای کردووە نرخی زێڕ ناجێگیر بێت، بەبڕوای ئابووریناسان گرانبوونی نرخی زێڕ بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە زێڕ بە یەکێک لە گرنگترین پێکھاتەی ئابووری جیھان دادەنرێت و بە پاشەکەوتی سەرەکی ھاووڵاتییان ئەژمار دەکرێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناجێگیرییەکی بەرچاو لە بەھاکەی خۆیدا لە بازاڕی ھەرێمی کوردستان بە خۆیەوە بینیوە، ئەو ڕەوشە بووە ھۆکاری دروستبوونی دوودڵی و ھۆشیاری لەلایەن ھاووڵاتییان و وەبەرھێنەرانەوە.
زێڕ بە یەکێک لە کانزا بە نرخەکانی جیھان دادەنرێت و لەڕووی ئابوورییەوە بە شتێکی گرنگ و خاوەنبەھا دەژمێردرێت، نرخەکەشی بەپێی ھەلومەرجی ئابووری لە ھەڵسان و دابەزیندایە، مرۆڤ ھەر کاتێک بیەوێت ھەم بۆ جوانی و بەھۆی نرخەکەیشیەوە وەکو ماڵێکی سپی سوودی لێ وەردەگرێت، جگە لەوەی ھەر لە دێر زەمانەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەم کانزایە مایەی پێکەوەبەستنی ھەر دوو ڕەگەز بووە.
لە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە نرخی زێڕ لەلایەن سەندیکای زێڕینگرانەوە بڵاودەکرێتەوە، ئەو زێڕەی کە دێتە کوردستان زۆربەی لە ئیمارات و تورکیاوە دێت، خەڵکی ھەرێمی کوردستان زیاتر زێڕی عەیار ٢١ کڕین و فرۆشتن پێوە دەکەن. لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان جارێکی تر نرخی زێڕ بەرزبووەوە، بەجۆرێک نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار ٢١ بە ٩٣٠ ھەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت بە ھاوردە و ھەناردەی زێڕ ھەن کە زێڕی شکاو لە پێشانگەکان دەکڕنەوە و دوای توانەوەی بە قاڵب بە ئیمارات و تورکیای دەفرۆشن، لەوێش زێڕی دروستکراو ھاوردە دەکەن.
زێڕ، لە زۆربەی وڵاتان بووە بە بەشێک لە کولتوور، ھەرچەندە زێڕ وەکو پێشەکی و پاشەکی لە پرۆسەی ھاوسەرگیری بۆ ئافرەتان دیاری دەکرێت و کچ و ژنانیش لە بۆنەکان وەک بەشێک لە جوانکاری بەکاردەھێنن، بەڵام لە ھەمانکاتدا دەبێتە بارێکی گران بۆ کوڕان، بەتایبەتی لەو کاتانەی کە نرخەکەی بەرزە، بەتایبەتی ئێستا بە بۆچوونی بەشێک لە کوڕ و کچان ئەگەر پێکەوە بەختەوەربن، زێڕ نابێتە مەرج بۆ پێکھێنانی ژیانی پێکەوەبوونیان.
بازاڕی زێڕ ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دۆخی دارایی ھاووڵاتییانەوە، ئەوکاتەی ھاووڵاتییان لەڕووی داراییەوە دۆخیان باش بێت، زێڕینگرانیش بازاڕیان باش دەبێت. زێڕینگر سەربەست واحید، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەر کاتێک بارودۆخ ناخۆش بێت، خەڵک پارەی خۆ دەکاتە زێڕ، ئەوەش وای کردووە کە نرخی زێڕ گران بێت، لەگەڵ ئەوەی ھەر کاتێک نرخی زێر لە دنیا گران بێت، ئێمەش ناچارین لە ھەرێمی کوردستان گران بکەین.
ھاووڵاتییانی کوردستانیش دڵگرانن بە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، چونکە کاریگەری لەسەر پرۆسەی ھاوسەرگیری بووە و چەندین کێشە و ئاستەنگی بۆ ئەو پرۆسەیە دروست کردووە، پێشتر خەڵک کە ھاوسەرگیریان دەکرد زیاتر لە ١٠٠ مسقاڵ زێڕیان دەکڕی، بەڵام ئێستا لەگەڵ گرانبوونی نرخی زێڕ تەنیا ٢٠ ھەتا ٣٠ مسقاڵ زێڕ دەکڕن.
ناسر محەممەد، زێڕینگرێکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی” ھەولێر” ئاشکرای کرد: نرخی زێڕ گران بووە، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار ٢١ بە ٩٣٠ ھەزار دینارە، ئەوەش ھۆکارە بۆ ئەوەی پرۆسەی ھاوسەرگیری وەکو جاران نەبێت، پێشتر ئەگەر ڕۆژانە ٥٠ کەس سەردانی ئێمەیان کردبێت بۆ کڕینی زێر، ئێستا ڕۆژانە کەمتر لە ٥ کەس سەردانمان دەکەن، ئەوەش وای کردووە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زێڕ لاواز بێت.
ھاووڵاتی ڕابین شێرزاد، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: نرخی زێر زۆر گران بووە، ئەوەش وای کردووە پرۆسەی ھاوسەرگیری لە نێوان کچ و کوڕان وەکو پێشوو نەبێت، ئێستا براکەم ژنی مارە کردووە، بەڵام لەبەر گرانی زێڕ ناتوانین شاھی بکەین و پرۆسەکەمان دواخستووە، دڵنیاشین نرخی زێڕ ڕۆژبەڕۆژ گرانتر دەبێت، بەڵام ئێستا لە تواناماندا نییە زێڕ بکڕین.
زەکیا زیاد، کچێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و تازە لەگەڵ کوڕێک ئەلقەی گۆڕیوەتەوە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: زێڕ یارمەتیدەرە لە کاتی پێویست و تەنگانەدا دەتوانی سوودی لێ ببینی، جگە لەوەی جوانیەکیش بە ئافرەتان دەبەخشێت، بەڵام نامان گەینێت بە بەختەوەری، جگە لەوەی ئێستا داواکردنی زێڕ چاولێکەرییە و ھیچی دیکە نییە، بۆیە پێموایە ئەگەر کچان بیانەوێت بە ئاسوودەی بژین ئەوا ھەرگیز نابێت داوای زێڕی زۆر بکەن، چونکە زێڕ ژیانی ئافرەتان ئاسوودە ناکات، بۆیە من ھەرگیز لەگەڵ داواکردنی زێڕ و خشلی زۆردا نیم.
بەگوتەی شارەزایانی بواری ئابووری پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ نرخی زێڕ زیاتر بەرزبێتەوە. کازم عیسا، شارەزای بواری ئابووری، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: نرخی زێڕ زۆر گرانبووە، پێشبینی دەکرێت نرخەکەی زیاتر بەرزبێتەوە، ئەوەش بۆ ئەو بارودۆخە دەگەڕێتەوە کە ئێستا لە جیھان ھەیە، یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی گرانبوونی زێڕ، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاتێک ڕایگەیاند، ھێزەکانی ئەمریکا ھێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە نایجیریا، کە ئەو وڵاتە خاوەن بڕێکی زۆر نەوتە، ئەمە ھاوکات بوو لەگەڵ تووندکردنی گوشارەکانی واشنتن بۆ سەر ھەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا، کە ترسی پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی وزە و نائارامی لای بازرگانان دروستکردووە، ھەر ئەوەش وای کردووە ئێستا خەڵک کەمتر کڕین و فرۆشتن بە زێڕەوە بکەن.
ڕەشاد مەحموود، شارەزایەکی دیکەی ئابوورییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: کۆمەڵێک ھۆکار ھەن کە نرخی زێڕ زیاتر بەرزبێتەوە، لەوانە بانکی ناوەندی وڵاتان پەنا بۆ کڕینی زێڕ دەبەن، وەکو پەناگەیەکی ئارام تاکو وەکو یەدەکێکی نەختینە بۆ خۆ بەکاربھێنێت، ئەوەش وا دەکات خواست لەسەر زێڕ زیاد بێت و نرخی زێڕ بەرزبێتەوە، ساڵ بۆ ساڵیش نرخی زێڕ زیاتر بەرزدەبێتەوە، لە ھەمان کاتدا لەبەر ئەو ئالۆزیانەی کە لە ناوچەکە ھەنە، ناسەقامگیری بازاڕ، بۆیە پێشبینی دەکرێت ھێشتا نرخی زێڕ بەرز بێتەوە.
ئەو شارەزایە، دەشڵێ: ئێستا کڕین و فرۆشتنی زێڕ ھەموو بووەتە دۆلاری ئەمریکی، ئەو وڵاتەش ئێستا حوکم لە ھەموو جیھان دەکات و لێ ناگەڕێ نرخی دۆلار ھەرزان بێت ئەوەش وا دەکات بەردەوام نرخی زێڕ گران بێت.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی ھەولێر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: نرخی زێڕی عەیار ٢١ مسقاڵێکی بە ٩٤٥ ھەزار دینارە، مسقاڵێک زێڕی عەیار ٢٢ بە ٩٩٠ ھەزار دینارە و عەیاری ١٨ بە ٨١٠ ھەزار دینارە.
جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی ھەولێر گوتی: ئەو نرخەی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای نرخی ئۆنسەیەک بە ٤٥٧٧ دۆلار و ھەر ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ ھەزار دینار دیاریکراوە.

