رۆژنامەی ھەولێر

عێراق لە نێوان کانگای نەوت و گەنداوی گەندەڵیدا؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کلیلێک بۆ گەشەسەندن؟

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

ئابووریی عێراق، ئەمڕۆکە کەوتووەتە دۆخێکی هەرە شپرزەوە؛ ئەو وڵاتە خاوەنی پێنجەم یەدەگی هەرە گەورەی نەوتە لە جیهاندا، کەچی سیستەمە ئابوورییەکەی ناجێگیرە و، ئاستی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییەکانی دابەزیوە. لە کاتێکدا عێراق لە ڕووی قەبارەی کۆبەرهەمی ناوخۆیی (GDP) وەک یەکێک لە گەورەترین ئابوورییەکانی ناوچەکە پۆلێن دەکرێت، بەڵام بە پێوەری گەشەی مرۆیی و داهاتی تاکەکەس، دەکەوێتە ڕیزبەندی وڵاتانی خاوەن ئاستێکی مامناوەند بەرەو نزم.

نەوت: پایەی ژیان و هۆکاری قەیران
نەوت، کە ژیانی سیاسی و ئابووریی عێراقی پێوە بەندە، لە هەمان کاتدا بووەتە هۆی کێشەی درێژخایەنیش؛ بە گشتی، سەدا ٩٠ـی داهاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوەیە؛ ئەم وابەستەییە یەکلایەنەیە، ناسراوە بە “نەخۆشیی هۆڵەندی”؛ وای کردووە ئابوورییەکە زۆر هەستیار بێت بەرامبەر بە ناجێگیری نرخە جیهانییەکەی نەوت. هەر دابەزینێکی نرخی نەوت، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی نانەوەی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە و وەستانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
هەرچەندە داهاتی نەوت زۆرە و بە ملیاران دۆلار دەخاتە سەر خەزێنەی دەوڵەت، بەڵام ئەم سەروەتە گەورەیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و کاریگەر ناگوازرێتەوە بۆ ژێرخان و پڕۆژەکانی پەرەپێدان. ئەم دۆخە شپرزە ئابوورییە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی قووڵ:
١. کێشەی گەندەڵیی سیستەماتیک
گەندەڵی گەورەترین بەربەستە لەبەردەم پەرەسەندنی عێراقدا. بەپێی ڕاپۆرتەکانی شەفافیەتی نێودەوڵەتی (Transparency International)، عێراق بەردەوام لە ڕیزبەندی خراپترین وڵاتانی جیهاندایە لە بواری شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. ئەم گەندەڵییە نەیهێشتووە سەرمایەی نەوت بە شێوەیەکی دروست بەکار بهێنرێت بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی دیکە. بەڵکو پارەیەکی زۆر بە “بەفیڕۆچوو” هەژمار دەکرێت کە لە ڕێگەی گرێبەستی نادادپەروەرانە، قۆرخکاریی بازرگانی و دزینی سیستەماتیکەوە لە دەوڵەت دەردەچن. ئەمە نەک هەر گەشەی ئابووری دەوەستێنێت، بەڵکو متمانەی هاووڵاتیان بە سیستەمی سیاسیی وڵاتەکە لەناو دەبات.
٢. نەبوونی جۆراوجۆری ئابووری (Diversification)
ئابووریی عێراق نەیتوانیوە پشت بە کەرتی دیکەی وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی، یان گەشتوگوزار ببەستێت؛ کەچی عێراق خاوەنی زەوییەکی بەپیت و شوێنەواری زۆرە کە دەکرێ ببێتە سەرچاوەی داهات؛ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق شکستیان هێناوە لە پەرەپێدانی ئەم کەرتانەدا. ئەمەش وای کردووە کە زۆربەی دەستی کار (وەک گەنجان) ناچار بن پشت بە کەرتی گشتی ببەستن، کە خۆی لە خۆیدا بە بارگرانییەکی زۆر بەسەر بودجەدا هەژمار دەکرێت.
٣. داهاتی مامناوەندی تاکەکەسی
پێوەرە جیهانییەکانی وەک (GDP Per Capita) ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق لە نێوان وڵاتانی مامناوەند بۆ نزمدایە؛ واتە سەروەت و سامانی وڵاتەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش نەکراوە. نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک کارەبای ٢٤سەعاتە، سیستەمی گونجاوی تەندروستی و، ژێرخانی تۆکمە و رێکوپێک، ئاستی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانی دابەزاندووە و، ناچاری کردوونە پارەیەکی زیاتر خەرج بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، بۆ نموونەی کڕینی کارەبا لە مۆلیدەی ئەهلی.
دەرەنجام: چۆن عێراق دەگاتە ئاستی توانای خۆی؟
بانکی جیهانی و سندوقە نێودەوڵەتییەکەی دراوی (IMF) بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت بە تەواوی سوود لە دەوڵەمەندییەکەی وەربگرێت، پێویستە چەند هەنگاوێکی بوێرانە بنێت:
• بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی؛ دروستکردنی دادگایەکی تایبەت و سەربەخۆ بۆ کەیسی گەورەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارەی دزراو.
• پەرەپێدانی کەرتی ناحکومی؛ ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتی دیکە وەک پیشەسازی و گەشتوگوزار بۆ ڕزگاری لە وابەستەیی نەوت.
• چاکسازیی بانکی و دارایی؛ گەشەپێدانی سیستەمی بانکی (وەک پرۆژەی “هەژماری من” لە هەرێمی کوردستان و پڕۆژە ناوخۆییەکانی دیکە) بۆ دوورکەوتنەوە لە پارەی نەخت (کاش) و بەرزکردنەوەی شەفافیەت.
بەبێ ئەم چاکسازییە ڕیشەییانە، عێراق وەک “زەبەلاحێکی خەوتوو” دەمێنێتەوە؛ بە ملیاران دۆلار دەخاتە بازاڕی جیهانییەوە، کەچی هاووڵاتییەکانی خۆی لە ساماڵی ژێرخانێکی ڕووخاودا دەژین.
لە کۆتاییدا، کێشەی ئابووری عێراق نیشانەی نەبوونی پارە نییە، بەڵکو نیشانەی بەفیڕۆدانی پارەیەکی زۆرە کە دەتوانرا ژیانی خەڵک پێ بگۆڕێت. وڵاتەکە خاوەنی توانایەکی یەکجار زۆرە؛ تەنها پێویستی بە گۆڕینی ڕێچکەی بەڕێوەبردن هەیە. زۆر کەس دەڵێن، سەیری هەرێمی کوردستان بکەن: ژێرخانی باشترە، بیناسازی زیاترە، بازاڕەکانی گەرمترن. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە بەڕێوەبردنێکی جیاواز لە گۆڕێدایە. حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی لە قۆناغەکانی پێشووتردا، توانیویەتی لە هەندێک بواردا سوود لە شارەزایان وەربگرێت و، ڕێگە بە سەرمایەدارانی دەرەوە و ناوەوە بدات کە کار بکەن، ئەمەش وای کردووە ئابووریی هەرێمەکە هەمەچەشن ببێت و، یاساکانی وەبەرهێنانیش ئاسانتر بوونە. لێرەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت ببێتە نموونەیەک بۆ عێراق بە گشتی لە گواستنەوەی ئابووری، بەتایبەتی بە پلانی تۆکمە بۆ هەمەچەشنکردنی داهات، نەک تەنها پشت بە نەوت ببەستێت. کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پلانێکی تۆکمەوە ئەم هەنگاوانە دەنێت و سەرکەوتوو دەبێت، دەبێتە بزوێنەری گەشەسەندنی ئابووری عێراق، چونکە ئەزموونی خۆی دەگوازێتەوە بۆ بەغدا و پارێزگاکانی دیکە. خەڵکی عێراقێکی دەوڵەمەند شایستەی ئەوە نینە بە هەژاری بژین؛ هەقە لە ئابووریدا ببێتە پێشەنگی ناوچەکە. ئەمە بە هەوڵی گشتی و لە سەرەتاوە بە هەنگاوە داهێنەرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەست پێ دەکات.