رۆژنامەی ھەولێر

گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانی داهاتووی نزیکی ئابووریی هەرێمی کوردستان

هێرش زادە تەیار

لە روانگەی ئابوورییەوە، دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە و پێشبینیە حەکیمانەکەی سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی حکومەت کاک مەسرور بارزانی بە هەنگاوێكی مێژوویی و دەستكەوتێكی بایەخدار هەژمار دەكرێت كە كاریگەرییەكی بەرچاوی دەبێت لە بووژاندنەوەی ئابووریی هەرێم و عێراقدا، بە تایبەت لە كاتێكدا كە:

– دەسەڵاتی نیشتمانی بەسەر سامانی نەوتی بەهێزتر دەكات: چونكە سۆمۆ (كۆمپانیای نیشتمانیی بۆ بەبازاڕكردنی نەوت) ئەركی بەبازاڕكردنی ئەو نەوتە لەئەستۆ دەگرێت كە لە نەوتەڵانەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت، ئەوەش بە پێی رێوشوێنە بەركارەكان و یاسای بودجەی فیدراڵی و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵ؛ ئەمە دەكرێ ببێتە دەستەبەرییەک بۆ دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامان و داهات بەسەر تەواوی رۆڵەكانی گەلی عێراقدا، لەنێوانیاندا مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان.
– دەبێتە پاڵپشتییەكی بەهێز بۆ ئابووریی هەرێم و عێراق: دوای وەستانی هەناردەكردن بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ و نیو، دەستپێكردنەوەی هەناردە دەبێتە مایەی ناردنی بڕە نەوتێکی زۆر كە لە قۆناغی یەكەمدا رۆژانە بە 190هەزار بەرمیل دەخەمڵێنرێت، واتە داهاتە گشتییەكانی عێراق زیاد دەكەن و، دەبنە هاندەرێك بۆ بەهێزكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی شایستە داراییەكانی جەماوەری كوردستان.
– هەمەجۆركردنی دەروازەكانی هەناردەكردن: بەكارخستنەوەی هێڵی بۆڕییە مەركەزییەکەی عێراق‌توركیا بەرەو بەندەری جەیهان _ کە بە سیپەلاکە ئابوورییەكەی عێراق هەژمار دەكرێت _ تا راددەیەك عێراق لە پشتبەستن بە بەندەرەكانی كەنداو دەرباز دەكات و، چەند ئاسۆیەكی نوێ بە رووی ئەو وڵاتەدا دەكاتەوە بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەی بۆ دەریای سپیی ناوەڕاست و ئەورووپا.
– هانی وەبەرهێنان دەدات و یەكلاكردنەوەی شایستە داراییەكان ئاسانتر دەكات: ئەم رێككەوتنە گەرەنتییەكە بۆ بەردەوامبوونی كاری كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان لە رێگەی تەرخانكردنی بڕێك پارە لە بەرامبەر هەر بەرمیلێك بۆ ئەو كۆمپانیایانە، هەروەها دەرگای وەبەرهێنان دەكاتەوە و رێخۆشكەری دەكات بۆ دانانی میكانیزمێكی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەكانی ئەو كۆمپانیایانە و، هەروەها زامنكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و رێگەگرتن لە دواكەوتنی مووچە.