رۆژنامەی ھەولێر

بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک تا ١ـی ئەیلوول درێژکرایەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک درێژکرایەوە، بە گوێرەی ئامارەکانیش ڕێژەکە لە ھەرێمی کوردستان ٨٥%ـی تێپەڕاندووە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێم لە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: دوای ھەوڵ و ماندووبوونێکی زۆرمان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی ماوەی پڕۆسەی بە ئەلیکتڕۆنیکردنی پسوولەی خۆراک تاوەکو ١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥.
نەوزاد شێخ کامیل، ئاماژەی بەوەش کرد: ئەمە دوایین مۆلەتی پڕۆسەی بێبەرانبەری بەئەلیکتڕۆنیکردنی پسوولەی خۆراکە بۆ ئەو ھاووڵاتییانەی تاوەکو ئێستا پسوولەکەیان پڕنەکردووەتەوە، لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە ھەر ھاووڵاتییەک بیەوێت پسوولەکە پڕ بکاتەوە، پێویستە ١٠ ھەزار دینار بدات.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، تاوەکو ئێستا پرۆسەی بە پارەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە عێراق دەستیپێنەکردووە، کە دەستیپێکرد ھەوڵ دەدەین بڕە پارەکە بۆ پێنج ھەزار دینار کەم بکەینەوە.
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە بە ڕێژەی ٨٩%، ھەولێر ٨٧%، سلێمانی ٨٥% و دھۆک ٨١%ـی ھاووڵاتییان پسوولەی خۆراکیان کردووەتە ئەلیکترۆنی، ڕێژەکەش لە تێکرای ھەرێمی کوردستان ٨٥%ـی تێپەڕاندووە.
ڕۆژی ٠١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی ھاووڵاتییان لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، سەرەتا پێنج ڕۆژ بە شێوەی ئەزموونی بوو، دواتر بە شێوەیەکی فەرمی دەستیپێکرد و ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە.