رۆژنامەی ھەولێر

گرنگیی پیشەسازیی خۆراك لە هەرێمی كوردستان

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

 

پیشەسازیی خۆراك پایەیەكی بنەڕەتی ئابووری وڵاتانە، ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕێگەی داهاتی بەرز و كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی خۆراك و سەقامگیری كۆمەڵایەتی.

جەلال سەید كەریم گەڕاوی، گەورەتوێژەری كورد لە بواری ئابووری بۆ (هەولێر) باسی لەوە كردووە كە سوودەكانی بەڕێوەبردنی ئەم كەرتە لە دابینكردنی خۆراك تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی ڕەهەندە ئابووری و كۆمەڵایەتی و ستراتیژییە دوور مەوداكان لەخۆ بگرێت.
سوود و كەڵكی ئابوری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەڕێوبردنی كارگەكان:
بەهای زیادكراو و زۆرترین قازانج: پیشەسازییەكانی خۆراك بەرهەمە كشتوكاڵییە سەرەتاییەكان (وەك سەوزە، میوە، دانەوێڵە و گۆشت) دەگۆڕن بۆ بەرهەمێك كە بەهای زیادكراوی زیاتریان هەیە.
بۆ نموونە لەبری ئەوەی گەنم وەك دانەوێڵەی خاو بفرۆشرێت، دەکرێتە ئارد و دوایی نان و هەویركاری، بەهای ئابوورییەكەی لە هەر قۆناغێكی بەرهەمهێنانیدا چەند هێندە زیاد دەكات. ئەم گۆڕانكارییە ڕێژەی قازانجی زیاتر بۆ بەرهەمهێنەران دروست دەكات و داهات و كەڵكی ئابووری گشتی كەرتی كشتوكاڵ بەرز دەكاتەوە.
ئەو توێژەرە كوردە باسی لە ڕەخساندنی هەلی كار كردووە دەڵێت: كە پیشەسازیی خۆراك یەكێكە لەو كەرتانەی كە زۆرترین چاوی هێزی كاریان لەسەرە. هەلی كاری جۆراوجۆر دەڕەخسێنێت، لە كرێكارانی هێڵی بەرهەمهێنانەوە تا تەكنیكاران و پسپۆڕانی كۆنترۆڵكردنی كوالیتی، تا ئەوانەی لە بواری پاكەتكردن و بەبازاڕكردن و دابەشكردندا كاردەكەن. ئەمەش بەشدارە لە كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری و بەرزكردنەوەی ئاستی ژیانی تاكەكان.
هاندانی كەرتە ئابوورییەكانی تر: پیشەسازیی خۆراكی گەشەسەندوو هاندەری كۆمەڵێك كەرتی پشتیوانی بەرفراوانە. كارگەكانی خۆراك پێویستیان بە كەرەستەی پاكەتكردن هەیە وەكو (پلاستیك، شووشە، كارتۆن)، كەرەستە و ئامێر، خزمەتگوزاری گواستنەوە و لۆجستی، هەروەها خزمەتگوزاری بەبازاڕكردن و ڕیكلام. ئەم پەیوەندییە بەیەكەوە كاریگەری چەند هێندەكەر لە ئابووری نیشتمانیدا دروست دەكات، چونكە گەشەی كەرتی پیشەسازیی خۆراك دەبێتە هۆی گەشەكردنی كەرتە پەیوەندیدارەكانی دیكە.
باشتركردنی هاوسەنگی بازرگانی: بە دابینكردنی خواستی ناوخۆیی بۆ بەرهەمە خۆراكییە ئامادەكراوەكان، پیشەسازیی خۆراك بەشداری دەكات لە كەمكردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەكردن، كە دراوی قورس بۆ وڵاتەكە دابین دەكات. لە قۆناغێكی دواتردا ئەم پیشەسازییانە دەتوانن بەرەو هەناردەكردن بگۆڕدرێن و ببنە سەرچاوەیەكی گرنگی ڕاكێشانی دراوی بیانی و هاوسەنگی بازرگانی وڵات بەهێزتر بكەن.
كاریگەریی پیشەسازیی خۆراك و كارگەكان لەسەر ئابووریی نیشتمانی
پیشەسازیی خۆراك بەشدارییەكی بەرچاو لە بەرهەمی ناوخۆیی گشتی وڵاتان دەكات. تا بەهای زیادكراو زیاتر بێت كە ئەم كەرتە دروستی دەكات، زیاتر ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر گەشەی ئابووری گشتی. هەروەها سەقامگیری و گەشەی ئەم كەرتە متمانەی وەبەرهێنەران بەرزدەكاتەوە و وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی زیاتر بۆ خۆی ڕادەكێشێت.
پیشەسازیی خۆراك ڕۆڵێكی ستراتیژی دەگێڕێت لە گەشەپێدانی گوندەكاندا، بەو پێیەی بازاڕێكی سەقامگیر و پارێزراو بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دابین دەكات، هانی جووتیاران دەدات بۆ زیادكردنی بەرهەمەكانیان و باشتركردنی كوالیتییەكەی، ئەمەش لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و باشتربوونی ئاستی ژیان و بەشدارە لە گەشەپێدانی هاوسەنگ لە نێوان ناوچە گوندنشینەكان و شارەكاندا.
لە بەشێكی نووسینەكەدا هاتووە كە ئاسایشی خۆراك بە دابینكردنی خۆراكی سەلامەت و دروست بۆ هەموو ئەندامانی كۆمەڵگا لە هەموو كاتێكدا پێناسە دەكرێت. پیشەسازیی خۆراك ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت لە گەیشتن بەم ئامانجە بەم شێوازەی لای خوارەوە:
1. پاراستنی خۆراك لە خراپبوون: پرۆسەكانی ئامادەكردنی خۆراك وەك قوتوكردن و بەستن و وشككردنەوە و پاستوریزەكردن بەشدارن لە درێژكردنەوەی تەمەنی ڕەفەی بەرهەمە كشتوكاڵییە وەرزیەكان و كەمكردنەوەی لەدەستدان و بەفیڕۆدانی خۆراك و دڵنیایی لە بەردەستبوونی بە درێژایی ساڵ.
2. دابینكردنی خۆراكی هەمەچەشن و سەلامەت: پیشەسازیی خۆراك ڕێگە بە هەمەچەشنكردنی سەرچاوە خۆراكییەكان دەدات كە لەبەردەستی بەكارهێنەراندایە. هەروەها پرۆسەكانی بەرهەمهێنان كەوتوونەتە ژێر كۆنترۆڵی تەندروستی توند و ستانداردە تایبەتەكانی كوالیتی، دڵنیایی لە سەلامەتی بەرهەمە خۆراكیەكان و ڕزگاربوونیان لە پیسكەرەكان.
3. دامەزراندنی كۆگایەكی ستراتیژی: پیشەسازییە خۆراكیەكان وا لە وڵاتان دەكەن كە كۆگایەكی ستراتیژی لە كاڵا خۆراكییە سەرەكییەكان بنیاد بنێن، كە دەتوانرێت لە كاتی نائاسایی وەكو جەنگ و قەیرانەكاندا بەكاربهێنرێن، هەروەها لە كاتی كارەساتی سروشتی یان هەڵاوسانی توند لە بازاڕە جیهانییەكاندا، ئەمەش توانای خۆڕاگری وڵات لە بەرامبەر ئاستەنگەكاندا بەرز دەكاتەوە.
لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین كە وەبەرهێنان لە پیشەسازیی خۆراك و پەرەپێدانی تەنیا بژاردەیەكی ئابووری نییە؛ بەڵكو پێویستیەكی ستراتیژییە بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی هەمەلایەنە و بەردەوام، لە ڕێگەی گێڕانەوەی داهاتی بەرز و كاریگەری قووڵی لەسەر ئابووری نیشتمانی و توانای دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆراك، پیشەسازیی خۆراك سەلماندوویەتی كە بزوێنەرێكی سەرەكی گەشەكردن و خۆشگوزەرانییە.