زمانەکەم جیهانی منە ڤیتگنشتاین میراتێکی هەمیشە نوێ

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
فەلسەفەی زمان بە دوای سروشتی زمان و پەیوەندی زمان بە جیهاندا دەگەڕێت، لە وێناكردنی زمان بۆ جیهان دەكۆڵێتەوە، بە وێناكردنی فەلسەفەكاراندا بۆ زمان دەڕوانێت‌. فەلسەفەی زمان پرسیار لەوە دەكات، زمان چۆن نوێنەرایەتی دنیا دەكات، پەیوەندی ناونان بە ناوەوە چییە، چۆن لە لۆژیكی تێگەیشتنی بیركردنەوە نزیك دەبینەوە، ئایا زمانێك هەیە، لە دەرەوەی بیركردنەوە، تێگەیشتن چییە، قسە چۆن دەگاتە ئەویدیكە، پەیوەندی نێوان قسەكەر و ئەویدیكەوە چییە، مانا چییە، ئایا مانا لە سەری قسەكەراندایە، یان لە زماندا، زمانی بێ‌ مانا، بێ‌ بنەما بوونی هەیە؟!
زمان وەك ئامرازی پەیوەندیگرتن و دەربڕین و بیركردنەوە، هەر تەنها بە بەجیھانمان ناناسێنێت، بەڵكوو وەک گفتوگۆی بوون جیھانمان بۆ دەکاتەوە. كەواتە هەر لە رێگای زمانەوە مرۆڤ ھەست بە بوون و هەبوونی خۆی و دنیا دەکات، خۆی دەناسێت و دنیا ناس دەكات، بەڵام ئەگەر نەتوانین بەروونی شتێ دەربڕین، باشترە بێدەنگ بین! دەبێ هەمیشە بۆ خودی زمان بگەڕێینەوە، چونكە مرۆڤ بە وشە بیردەكاتەوە، بۆیە (ھایدگەر) دەڵێت: زمان ماڵی بوونە. ئەگەر ناسینی بوونی مرۆڤ هەبوونی دنیا لە بوونی زمان خۆی ببینێتەوە، ئەوە لە پێشكەوتن و پەرەسەندنی زمانەوانی و فەلسەفەی زمانەوە مرۆڤ و دنیا بەردەوامی بە گەشەی خۆیان دەدەن، لەو دیدگایەوە شیکاری زمان بۆ زمان و ئەگەرە جۆراوجۆرەکانی لێکدانەوە و لێکدانەوەی بیركردنەوەی مرۆڤ و ئەویدیكەی جیاوازی وەك لە دەرهاوێشتەكانی زانست و تەكنۆلۆژیادا دەیبینین بە زماندا تێدەپەڕێت.

زمانەكەم، ماڵی منە
‏ڤیتگنشتاین لە رێگای (تیۆری وێنە) كە تێیدا زمان بریتییە لە وێنەگرتنی شتەکان، تا ساڵانی شەست، بەشێکی گرنگی فەلسەفەی پێکهێنابوو، کاریگەری زۆری لەسەر بزووتنەوەی پۆزەتیڤیزمی لۆژیکی- یان ئەزموونگەرایی لۆژیکی هەبوو. لەوێدا ڤیتگنشتاین بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە رستە نوێنەرایەتی واقیع دەکات، چونکە هەمان پێکهاتەی لۆژیکی واقیعی هەیە! واتە رستە و وێنەی واقیعی هەمان پێکهاتەی ناوەکییان هەیە. بەڵام دواتر ڤیتگنشتاین لە کتێبی لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکانیدا، وازی لە (تیۆری وێنەی) هێناو و لەبری ئەوە بیرۆکەی (یاری زمان)ی هێنا ئاراوە و جەختی لەوە کردەوە کە مەحاڵە زمان بۆ تیۆری وێنە بچووک بكەینەوە، چونكە زمان تاكە لۆژیكێك و تاكە ماهییەتێك ناگەیەنێت، بەڵكوو دیاردەیەکی بەرفرەوانی کۆمەڵایەتی و كلتوورییە و لە رێگای بەکارهێنانی جیاواز و بەردەوامەوە پێشدەكەوێت و گەشە دەكات و هەرگیز بڕوای بە وەستان نییە! بەمجۆرەش یارییەکانی زمان ئاماژە بەو شێوازە جۆراوجۆرانە دەکەن، کە وشە و رستە لە جوولەی بەردەوامی رۆژانەدا پێیدا تێپەڕ دەبن. كەواتە هەمیشە جوولەی یارییەکان بە مەبەستی دەربڕینی بەرفرەوان و دەوڵەمەندی زمان، لەگەڵ زماندا یاری دەکەن..
ڤیتگنشتاین پێیوایە کە زمان بە چەندین بەکارھێنانی جیاواز و بەكارهێنەری جیاوازدا دەڕوات، ئەوە سەرەڕای ئەوەی زمان ئامرازێکە بۆ گواستنەوەی مەعریفە و تێگەیشتنی راستییەکان، کە رەنگە مرۆڤ بە چاوی رووت نەتوانێت بیانبینێت، بە دیوەكەی دیكەش زمان لە بواری بینینەوە بۆ بەرجەستەکردن وەك نووسراو یان بیستراو دەگوازرێتەوە، وەك چۆن زمان ئامرازێکیشە بۆ دەربڕینی ھەستەکان کە شتی واقیعین. بەو مانایەش فەلسەفەی زمان سەرهەڵدانی رێبازە فەلسەفییە مۆدێرنەکان زانستی قسەکردن کە لە دەوری ئەو کردارانە دەسوڕێتەوە کە زمان بە ئەنجامیان دەگەیەنێت، وەک فەرمان، قەدەغەکردن، پرسیار و نکۆڵیکردن، زانستی تەكنۆلۆژی كە بە كلیكردن دەگات.
كەواتە زانستی زمان بە تەواوەتی دڵنیایە، كە پێشكەوتن و بەشدارییە فیکرییەکان بەنێو زماندا دەڕوات و لە زماندا روودەدات! زمان تاکە رێگایە بۆ تێگەیشتن لە جیهان و ئەویدیكە و کارلێککردن لەگەڵ داتاکاندا، كە لە پرۆسەی دۆزینەوە و بیركردنەوەدا بە ئەنجام دەگات و لە رێگای زمانەوە سەرچاوە دەگرێت. زمان چوارچێوەی ئەزموونی مرۆیی نییە، بەڵكوو ئەو توخمەیە کە لە دۆزینەوەی خۆیەوە رووداوەکان دیاری دەکات، مەعریفە یان بیرکردنەوە ناتوانرێت بە دابڕان لە زماندا بیری لێبکرێتەوە، پێشكەوتنەكانی مرۆڤ لە رێگای زمانەوە لە بوونەوەرەکانی دیکە جیا دەبێتەوە، كەواتە مرۆڤ لە زمان رسكاوە. بەڵام زمان هەر تەنها بنەمای بوونی سروشتی مرۆڤ ناگەیەنێت، بەڵكوو حەقیقەت و سەرچاوەی تەواوی داهێنانی ماناكانی مرۆڤ لە گەڕان بەدوای زماندا دەدۆزینەوە، چ لەنێوان لاپەڕەی کتێبەکاندا بێت، یان لە شاشە و كلیكەکاندا، بە دیوەكەی دیكەش یارییەكانی زمان یەکەم بلۆکی بنیاتنانی هەموو پێشكەوتنەكانە.
زمان وەك مەعریفە و شاردنەوەی بیرکردنەوە دەوڵەمەندکردن و سنووردارکردن لەخۆ دەگرێت. واتە زمان تێگەیشتن و فۆرمێکە لە شاردنەوەی وزەكانی مێشک و سنووردارکردنی مەودای بیرکردنەوە. بەو مانایەش زمان ئەو یارییەیە، کە ئەزموونی هەستیاری بۆ زانیاری و دانووستانکاری دەگۆڕێت، وەك چۆن زمان دەتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پێشكەوتنانە بکات، کە لە ئەنجامی پڕۆسەی بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوەی زانستییەوە دێتە ئاراوە، بێگومان بە هۆی رۆڵی گرنگی لە پێکهێنانی چەمکەکان و ئەو بەها کۆمەڵایەتییانەی کە لە بەكارهێنەر و بەکارهێنانەکانی رۆژانەی زمان و یاری زماندا دیاری دەکرێت و دەیانخاتە نێو چوارچێوەی كلتوورە جیاوازەكانەوە بۆ نموونە جیاوازی ئەو زمانەی کە فرۆشیارانی سەر شەقامەکان بەکاریدەهێنن، لە بە بازاڕکردنی کاڵاکانیان بۆ خەڵک. هەڵبەتە سەردەمێک تێپەڕیووە کە دەستەیەك لەسەر ئەوە رێککەوون کە زمانی باو دیاری بكەن، چونكە ئەمڕۆ سۆشیال میدیا ئەو رۆڵەی وەرگرتووە و بەردەوامە لە پێکهێنانی گۆڕەپانێکی سەرەکی بۆ پەرەپێدانی زمان و داڕشتنی زاراوەی نوێ، کە مەرج نییە ملکەچی یاساکانی زمانی دانپێدانراو بن. ئەمڕۆ زمانی باوی باڵادەست لە ئینتەرنێتدا بووەتە سەرچاوەی پێویستی بەکارهێنەرانی ئاسایی نموونەی زاراوەی (سێڵفی) كە کاریگەریی زۆری لەسەر لێكۆڵینەوەی ئیگۆ و ئابووری-کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگایەک هەیە.
بەپێی بیركردنەوەی ڤیتگنشتاین ئەو دیاردانەی ئەمڕۆ هاتوونەتە ئاراوە، دەشێ وەک گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراو لە یاسای یارییە زمانەوانییەکاندا وەسفیان بكەین، كە کەسان و گروپێ بڕیاریان لەسەر داوە بەشداری تێدا بکەن، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆریان بەسەربردووە، کە تەنها بینەر بوون و تەنها گوێیان لە زمانەوانان دەگرت، كە وەك چۆن یاساو و رێساكانیان داناوە، بەمجۆرەش یارییان بە زمان دەكرد. بەڵام بە بەشداركەرانی دیكەی جیاواز، زمانەکە کراوەتر و هەمەچەشنتر دەرکەوت، بەمجۆرەش ئەویدیكە دەیسەلمێنێت کە زمان نەک هەر بوونێکی جیاوازە، بەڵكوو گریمانەی رێژەیی زمانەوانی پێشنیاری ئەوە دەکات، کە یاری زمانەوانی دەتوانێت چۆنیەتی تێگەیشتن و کارلێککردنی قسەکەرانی لەگەڵ جیهانی دەوروبەر بەرفرەوانتر و دەوڵەمەندتر بكات و بۆ سنووری تێگەیشتن بەرزتری بكاتەوە و ئاسۆی چاوەڕوانی جیاوازمان بۆ بكاتەوە.

کەواتە دەتوانین بڵێین بیرۆکەی (یاری زمان) شیعرییەتێکی تایبەت بە ماڵی بوون دەبەخشێت، بەو مانایەش زمان لە چوارچێوەی گەمەكانی خۆیدا پێشدەكەوێت و گەشە دەکات، بۆیە تێگەیشتن لە كلتووری نەتەوە و گەلێکی دیاریکراو پێویستی بە شارەزایی لە زمانەکەی و کۆدکردنەوەی واتا و مانا تایبەتەکانی هەیە. فرە زمان بوون، تا رادەیەک بە مانای ئەنترۆپۆلۆژیستێکی کۆمەڵایەتیش دێت، چونکە زمان پەنجەرەیەکە بۆ نێو تەواوی شارستانیەتەکان.

مرۆڤ لە یاری زمان رسكاوە
یاری زمان بەرهەمی ئەو بانگەشەیە نییە، کە ڤیتگنشتاین لە گوتەزای (سنووری زمانەکەم سنووری جیهانی منە) بەرزی كردۆتەوە، بەڵكوو بەرهەمی بەكارهێنانە جیاوازەكانی زمانە و ڤیتگنشتاین هەوڵی شیكردنەوەی داوە. یاری زمان پرسیارێکە، کە بە زەحمەت بۆ خودی خۆی لە پرسیار دوور دەكەوێتەوە و دەبێتەوە پرسیار، بەو پێیەی مانای (یاری) لە چوارچێوەی ئەو تێگەیشتنەدا تا رادەیەک لە یاری (ونكردن و دۆزینەوە) دەچێ، یارییەکە یاساکانی لە یاساكانی زمان دەكات، کردەوەیەکە وەک زمان. هەڵبەتە کەسانێک هەن، کە زمان وەک فەزای مەعریفی رووت لەنێوان مرۆڤەکاندا لێکدەدەنەوە، لەسەر بنەمای لۆژیکی گشتی پشتگیری ئەو بیركردنەوەیە دەکەن، لە کاتێکدا کەسانێک هەن، کە زمان وەک فەزای کۆمەڵایەتی دەبینن، کە تاک دەتوانێت بە شێوازی تایبەتی خۆی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا هاوبەشی بکات. بێگومان لەنێوان زمان رووتە و تاكئامێزە و زمان مەتریالی و جەماعییەوە ڤیتگنشتاین هەوڵی داوە لەسەر بنەمای (جیاوازی) بەرگری لە یاری زمان بكات، واتە زمان تەنها ئامرازێک نییە، بۆ پەیوەندیکردن، بەڵكوو ئەوە زمانە لە ئێمەدا قسان دەكات، بەو مانایەش ڤیتگنشتاین جەختی لە واتا دەروونییەكانی زمان كردۆتەوە، كە وشە لە پێکهاتەی زمانەوانیدا درووستی دەکات و ئەوەی کە بە زمان وەسف ناکرێت، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە دەرەوەی سنوورەکانی جیهانی تێگەیشتن دادەنرێت.
ڤیتگنشتاین لە دیاریكردنی زماندا پرسی جیهانی میتافیزیکی لە خۆیدا هێشتۆتەوە، بۆ نموونە، ئەو نووسیویەتی چەند دەقێک باس لەو زمانە رۆحی و ئایینییە دەکەن، کە لە لایەن هەندێک کۆمەڵگاوە وەرگیراون! واتە ئەو پێیوایە زمانی ئایینی تەنیا وەسفکردنی واقیعی ماددی نییە، بەڵكوو دەربڕینێکە بۆ ئەزموونێکی قووڵ و رەمزی مرۆیی کە زمانی لۆژیکی تەقلیدی تێدەپەڕێنێت. بە تێڕوانینی ڤیتگنشتاین زمانی ئایینی لەسەر بنەمای کۆمەڵێک حەقیقەتی خۆبەخۆ دانەمەزراوە، بەڵكوو ئامانجی دەربڕینی هەستی مرۆڤە سەبارەت بە واقیعی ماددی خۆی و پەیوەندییەکەی لەگەڵ رەهادا. بەو مانایەش سەرەڕای جیاوازی نێوان زمانی ئایینی و زمانی زانستی، كەچی ملکەچی هەمان رێساکانی گەمەی زمانەوانین.
خێرایی گەشەسەندن و پێشکەوتنی زانستی تەكنۆلۆژیای مۆدێرن، باشترین نموونەی ئەو راستییەیە، کە زمان ناتوانرێت خاوەنداری بكرێت، ئەوەیە كە رێگری لە گەیاندنی مەعریفەی نوێ، یان دۆزینەوەی جەوهەرە نوێیەکان و داهێنان ناكات، نەک پێچەوانەکەی، بەو پێیە مەرج نییە، کەموکورتییەکانی زمان سنوورەکانی ئاسۆی مەعریفە دیاری بكات. چونكە زمان بەرفرەوانە و لە قاڵب نادرێت، واتە تەنها ئامرازێک نییە، بۆ لێکدانەوە، بەڵكوو بوارێکە بۆ گەڕان بەدوای ئەگەرەکانی ئەویدیكەی جیاواز و داهێنان. ئەوەش وا دەکات پەیوەندی مرۆڤایەتی بۆ یاری (داهێنان) و (راڤەكردن) و (بەجێهێنان) بەرزتر و کراوەتر بێت.

هەولێر 3/3/2025