سلێمان تاشان – ههولێر
ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهای دینار بەرانبەر دۆلاری ئەمەریکا ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و ئەو بەرزبوونەوەیەش ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر دابەزینی بەهای خۆراک و زۆربەی پێداویستییەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبێت، چونکە زۆربەی پێداویستییەکانی عێراق و کوردستان لە دەرەوە هاوردە دەکرێن و بە دۆلار دەکڕدرێن.
هەفتەی ڕابردوو بەهای هەر دۆلارێکی ئەمەریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان تا نزیکەی هەزار و پێنجسەد و دە دینار هەڵکشابوو بەڵام هەندێک ڕێوشوێنی بانکی و ئیداری لە ناوخۆی عێراق و هەڵوێستە داراییەکانی ئەمەریکا هۆکار بووە لەوەی نرخی دینار ڕوو لە بەرزبوونەوە بکات و بگاتە هەزار و چوارسەد و شەست و نۆ دینار.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا یەکێک لەو هۆکارانەی کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار هەبووە خستنەڕووی زیاتری دۆلار بووە کە بانکی ناوەندیی عێراق خستوویەتە بازاڕەکان کە بەشێکی وەک حەواڵە و بەشێکی تری بە کاش دابین کراوە.
هۆکارێکی دیکە پەیوەستە بە کۆنترۆڵی زیاتری بانکەکانی عێراق لە لایەن بانکی ناوەندی و لە ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری بانک هەبوون کە هۆکار بوون لە سپیکردنەوەی پارە و بردنە دەرەوەی دراو لە بازاڕەکانی عێراق.
دە ڕۆژ لەمەوبەر بانکی ناوەندیی عێراق پێنج بانکی ناوخۆیی عێراقی لە مامەڵەکردن بە دۆلار قەدەخە کرد، بڕیارەکەش دوای ئەم هەنگاوە نرا کە بەرپرسانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوە و بە قاچاخبردنی دۆلار و پێشێلکارییەکانی تر نایان. بانکەکان ناتوانن لە دەرەوەی وڵات هیچ مامەڵەیەکیان ڕایی بکەن و بەمەش برێکی زۆری دۆلار کە پێشتر سپی دەکرایەوە بۆ ناوخۆ دەگەڕێتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە هیچ کام لەو بانکانەی لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە سزا دراون لە پڕۆژەی هەژماری من ناویان نییە و ئەو بانکانەی لەگەڵ هەژماری من کار دەکەن هیچ کێشەیەکی داراییان نەبووە.
ساڵی ڕابردووش ڕێک لە مانگی شوباتدا بوو کە عێراق لە چوارچێوەی سزاکانی ئەمەریکا لە پێناو ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە، ساختەکاری و کاری نایاسایی، مامەڵەکردن بە دۆلاری لە هەشت بانکی عێراقی قەدەخە کرد. ئەو کات گومانی ئەوە بڵاو کرایەوە کە بانکەکان دۆلاریان خستبێتە خزمەتی گرووپە میلیشیاکانەوە.
جگە لەم هەنگاوانە، لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ بە دەسەڵات گەیشتووە سزاکانی ئەمەریکاش لە دژی ئێران زیادی کردووە و ڕێگاکانی گواستنەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران چاودێری زیاتریان خراوەتە سەر و ئەمەریکا لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە هەماهەنگییەکی پتەوتردایە و تەنانەت پلانی ئەوە لە ئارادایە چیتر مۆڵەتی کڕینی گاز و کارەبا لە ئێران بۆ عێراق درێژ نەکاتەوە کە بەهۆیەوە ئێران پارەیەکی زۆری دەست دەکەوت.
ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دوای کشانەوەی حکوومەتی ئەوکاتی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی، سزای قورسی بەسەردا سەپابوو، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی جۆ بایدن سزاکان لە دژی ئێران کەمێک سووک کرابوون .
چوونەدەرەوەی پارەی دۆلار لە عێراق بە زیانی ئابووری عێراق بووە و هۆکار بووە لەوەی بەهای دیناری عێراقی ڕوو لە دابەزین بکات و ببێتە هۆی دروستبوونی هەڵاوسان و گرانیی لە بازاڕەکان و زۆر زیاتر لە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی مامەڵەی پێوە کراوە.
سەرەڕای ئەوەی کە بانکی ناوەندی بەهای هەر دۆلارێکی بە هەزار و سێسەد و بیست دینار دەستنیشان کردووە کەچی نرخەکەی لە بازاڕەکانی عێراق تا هەفتەی ڕابردووش لە سەرووی هەزار و پێنجسەد دینار فرۆشراوە و هەندێک جار گەیشتووەتە سەرووی هەزار و شەشسەد دینار.
لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەهای سەد دۆلاری ئەمەریکای سەد و چل و شەش هەزار و نۆسەد دیناری تۆمار کردووە کە لەچاو هەفتەی ڕابردوو چوار هەزار دینار جیاوازی هەیە و نزیکبوونەوەی بەهای دۆلار لەو بەها فەرمییەی بانکی ناوەندی دیاری کردووە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی زۆربەی کەلوپەلەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.