کاسبکاران لە کڕینی تمەنی ئێرانی ئاگادار دەکرێنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە بازاڕەکانی کوردستان مامەڵە بە زۆربەی دراوەکان دەکرێ و خەڵکێک بژێوی خۆی لە ڕێی کڕین و فرۆشتن بە دۆلار و دراوەکانی دیکەی وەک یۆرۆ، پاوەند، لیرە و تمەن هەڵدەسووڕێنێت. کاتێک جۆرێکی دراو دەکەوێتە بەردەم شەپۆلی داشکانی نرخ یان بەرزبوونەوەی نرخ زۆر جار کەسانێک بە ئامانجی قازانج بڕێکی زۆر دەکڕن، بەڵام بەهۆی ئاگادارنەبوون لە گۆڕانکارییەکانی بازاڕ و کاریگەریی ڕووداوە سیاسییەکان زیانیان بەردەکەوێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا کەم نەبوون ئەو کاسبکارانەی لە کڕینی دراوی لیرەی تورکی یان سووری یان تمەنی ئێرانی زیانیان بەرکەوتووە و دواین زیان کە بەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کەوتبێت بۆ مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بەهای دراوی لیرەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە سلێمانی زۆر هەڵکشا و خەڵکێکی زۆر دراوەکەیان کڕی بەلام دواتر بە زیان لێی چوونە دەرەوە.
لەم ڕۆژانەدا یەکێکی تر لەو جۆرە دراوانە کە زۆر بە خێرایی خەریکە بەهاکەی لەدەست دەدات تمەنی ئێرانە و هەرچەندە ئەو جۆرە دراوە لەمێژە مانگ بە مانگ و ڕۆژ بە ڕۆژ بێبەهاتر دەبێت، بەڵام لەم ڕۆژانەدا نرخەکەی بە ڕێژەیەکی زیاتر و خێراتر ڕووی لە دابەزین کردووە.
دوێنێ یەکشەممە لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکان گەیشتە سەرووی نەوەد و یەک هەزار و پێنجسەد تمەن و بەهای دۆلار لە نووسینگەکانی حەواڵە تەنانەت نەوەد و سێ هەزار تمەنیشی تێپەراند و ئەوەش بەو واتایە دێت هەموو ئەو کەسانەی کە تمەنیان بە ئامانجی قازانج کڕیوە زیانیان بەرکەوتووە و ئەو ئومێدە لەئارادا نییە بەهای تمەن بەرز ببێتەوە.
تا بەر لە ساڵی ٢٠١٨ و بەر لە کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتومی، بەهای هەر دۆلارێک چوار هەزار تمەن بوو بەڵام لەو کاتەوە کە ترەمپ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و دەستی بە سەپاندنی قورسترین سزای ئابووری دژی ئێران کرد، بەهای تمەنیش بە خێرایی ڕووی لە دابەزین کرد و لە ماوەیەکی کورتدا بەهای تمەنی داڕماند بە شێوەیەک هیچ ساڵێک نەبووە دە هەزار تمەنی نەچێتە سەر و تا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ پەنجا هەزاری تێپەڕ کرد.
ساڵی ڕابردوو لە ساتی دەسپێکردنی کابینەی مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران نرخی هەر دۆلارێک پەنجا و هەشت هەزار تمەن بوو و لە ژێر کاریگەریی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا بەهاکەی لە نزیک حەفتا هەزارەوە بۆ پەنجا و هەشت هەزار بەرز ببوویەوە. سەرکەوتنی ترەمپ گورزێکی کاریگەر بوو کە بەر ئابووری و بەهای تمەن کەوت و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا داوای ترەمپ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێی دانوستان و هەڕەشە یەک لە دوای یەکەکانی لە لایەک و وەڵامی بەرپرسانی ئێران بە ڕەتکردنەوەی دانوستان دۆخەکەی بە تەواوی شپرزە کردووە.
هەینی ڕابردوو عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دانوستان لەگەڵ ترەمپی ڕەت کردەوە و کۆتایی بەو هەوڵانە هێنا کە کابینەی پزیشکیان بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانوستان دەستی پێ کردبوو. هەر بۆیەش لەو کاتەوە بەهای تمەن زیاتر دابەزیوە.
هەردی سەعید خاوەن نووسینگەیەکی دراو بە ڕۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاند هیچ کاسبکارێک ناناسێت لە کڕینی تمەن قازانجی کردبێت و بۆیەش داوای لە کاسبکاران کرد ئەزموونی تاڵی لیرەی سووری دووبارە نەکەنەوە و تەنیا کاتێک تمەن بکڕن کە سەردانی ئێران دەکەن و بۆ مەبەستی خەرجییەکانیان سوودی لێ وەردەگرن و لە سەد دۆلار زیاتر پارەکانیان بە تمەن نەگۆڕن چونکە ئەگەر کەسێک ئەمڕۆ دە ملیۆن تمەنی لە گیرفاندا بێت ئەوا سبەی ئەو دە ملیۆن تمەنە هەمان بەهای ئەمڕۆکەی نییە و بەهاکەی ڕووی لە دابەزینە.

رێک دوو مانگ لەمەوبەر سەد دۆلار بە حەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار تمەن بوو، هەفتەی ڕابردوو نرخەکەی گەیشتە هەشت ملیۆن و حەوتسەد هەزار تمەن و ڕۆژی یەکشەممەش نۆ ملیۆن و سەد هەزار تمەنی تۆمار کرد و بەرەو دە ملیۆن تمەن هەنگاو دەنێت و بە ئاشکرا دیارە بە چ خێراییەک لە دابەزیندایە و بۆیەش وا باشە کاسبکاران پارەکانیان بە دینار و دۆلار بپارێزن کە گەرەنتی زیاتری تێدایە.
ئەوەی بۆ کاسبکارانی هەرێمی کوردستان گرینگە ئەوەیە پارێزگاری لە سامانەکانیان بکەن و بە هیوای ئەوەی بەهای تمەن لە داهاتوودا بەرز دەبێتەوە، ئەو جۆرە دراوە نەکڕن و ڕوو لە کڕینی ئەو جۆرە دراوانە بکەن کە بەهاکەیان جێگیرە.