سێشەممە, كانونی یه‌كه‌م 3, 2024

نرخی بیتکۆین 95 هەزار دۆلاری تێپەڕاند

نرخی بیتکۆین خەریکە دەگاتە 100 هەزار دۆلار. ئەمڕۆ پێنجشەممە21ی11ی2024 نرخی یەک بیتکۆین بە 95هەزار و 40 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی بیتکۆین لە ئەمساڵدا دوو هێندە بەرزبووەتەوە، بە تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەڕێژەی 40% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

گەشبینی بە هاتنەسەرکاری ئیدارەی ترەمپ و دانانی یاسا و رێسای پەیوەست بە دراوە دیجیتاڵییەکان، بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین دادەنرێت.

جگە لە دۆناڵد ترەمپ، کە خۆی بە لایەنگری دراوە دیجیتاڵییەکان دەزانێت، لە کۆنگرێسی ئەمریکا چەندین کەسایەتیی ناوداری لایەنگری دراوە دیجیتاڵییەکان دەنگیان بەدەستهێناوە و هەڵبژێردراون.لەدوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە 4 ملیار دۆلار لە سندووقی ئاڵوگۆڕی بیتکۆین وەبەرهێنان کراوە کە لە بازاڕی بۆرسەی ناسداک تۆمارکراوە.

ئەو سندووقە تەنیا سندووقێکی وەبەرهێنانە لە مامەڵەکانی بیتکۆین کە مۆڵەتی لە کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕ و پشکەکانی ئەمریکا وەرگرتووە.

هەروەها بەهای پشکەکانی کۆمپانیای (مارا هۆڵدینگ) کە کاری ماینینگی بیتکۆین دەکات، بەڕێژەی 14% بەرزبووەتەوە. هەموو ئەو هۆکارانە ئاماژه‌یه‌كن بۆ ئەوەی خواست بۆ وەبەرهێنان لە دراوی دیجیتاڵیی بیتکۆین زیادبووە.